رووداو دیجیتاڵ
ئانتۆنی یاریزانی دیاری ئێستای یانەی ریال بێتیس، دوای ئەو ئاستە بەرزەی پێشکەشیدەکات، بانگهێشتی هەڵبژاردەی بەرازیل کراوە و لە ئێستادا لە بەرزترین فۆرمی خۆیەتی و لەهەمانکاتدا لە یاری کۆتایی کۆنفرانسلیگ رووبەڕووی یانەی چێڵسی دەبێتەوە و دەیەوێت تۆڵە لە ئینگلیزەکان بکاتەوە.
ئانتۆنی دوای ئەوەی لەگەڵ مانچێستەر یوناتید نەیتوانی سەرکەوتووبێت، یانە ئینگلیزییەکە ئەو یاریزانەی رادەستی یانەی ریال بێتیس کرد بەخواستن، بەڵام لەگەڵ مانوێل پیلیگرینی راهێنەری یانەکە، خۆی دۆزیوەتەوە و توانیویەتی ئاستێکی بێوێنە پێشکێش بکات، بەمەش راهێنەری پێشووی ریال مەدرید و ئێستای هەڵبژاردەی بەرازیل، کارلۆ ئەنچێلۆتی خستوویەتییە ناو لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی بەڕازیل بۆ دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەکە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی داهاتوو.
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئەم رووبەڕووبونەوەیە تۆڵەسەندنەوەی ئانتۆنییە لە یانە ئینگلیزییەکان، چونکە یانەی مانچێستەر یونایتد بە شێوەیەکی پیشەگەرانە مامەڵەیان لەگەڵ نەکرد و نەیانتوانی سوود لە تواناکانی ببینن.
ئەو یاریزانە بەڕازیلییە تەمەن 25 ساڵە لەوكاتەوەی پەیوەندی بە یانەی ریال بێتیس کردووە، پەرەسەندنێکی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیووە بە تۆماركردنی 9 گۆڵ و 5 ئەسیست لە 25 یاریدا، بووەتە بەشێكی گرنگی پێكهاتەی پێلێگرینی. یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی بێتیس بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیدا بگاتە یاری كۆتایی خولی کۆنفرانسلیگ.
پێش یاری كۆتایی، پێلێگرینی ستایشی بیركردنەوە و ئامادەیی ئەو یاریزانە دەکات و دەڵێت: "من پێشئەوەی بێتە بێتیس قسەم لەگەڵ كرد، ئەو پێی وتم دڵخۆش نییە و دەیەوێت تۆڵە بكاتەوە. دەزانین دەتوانێت ئەوە بكات. ئانتۆنی یاریزانێكی مەزنە، ئەمەش دەرفەتێكی باش بوو بۆ ئەو".
یاری كۆتایی کۆنفرانسلیگ سبەی چوارشەممە بەرامبەر چێڵسی دەرفەتێكە بۆ یانە ئیسپانییەكە بۆ ئەوەی یەكەم جامی ئەورووپی خۆیان بەدەستبهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ