رووداو دیجیتاڵ
کاریگەرییەکانی چابی ئەلۆنسۆ هەرزوو بەسەر ئاستی یاریکردنی ریال مەدریدەوە دیارکەوتن و ئامارەکان دەریدەخەن کە تیپەکەی لە هەموو روویێکەوە لە بارسێلۆنا باشترە.
ریال مەدرید بە سەرکردایەتی راهێنەرە ئیسپانییەکەی چابی ئەلۆنسۆ دەستپێکێکی باشی لە خولی ئیسپانیا تۆمارکرد، دوای دوو بردنەوەی یەک لە دوای یەک بەرامبەر ئۆساسۆنا 1-0 و ریال ئۆڤیێدۆ 3-0، بەمەش دوای دوو گەڕ خاڵی تەواوی بەدەستهێنا، لەگەڵ هەریەک لە بارسێلۆنا، ڤیاریال، خیتافی و ئاتلێتیک بیلباو.
ئاستی بەرگری ریال مەدرید باشتر بووە، چونکە هیچ گۆڵێکی لێ تۆمار نەکراوە، هەروەها هێڵی هێرشبەری تیپەکە بە رێژەیەکی باش گۆڵ تۆماردەکات، بەتایبەتی ئەستێرەی فەرەنسی کیلیان ئێمباپێ، کە بەتۆمارکردنی سێ گۆڵ لە دوو یارییدا لە پێشەنگی گۆڵکارانی خولی ئیسپانیادایە بەهاوبەشی لەگەڵ هێرشبەری ڤیاریال، کەنەدی تاگۆن بۆشنان.
هێڵی بەرگری ریال مەدرید لە وەرزی رابردوودا سەرچاوەی کێشەکانی تیپەکە بوو، بەهۆی پێکانەکان و دابەزینی ئاستی چەند یاریزانێک، بەڵام گرێبەستە نوێیەکان ئاستیان باشتر کردووە، بەتایبەتی بەرگریکاری ناوەندی نوێی ئیسپانی دین هاوسن و بەرگریکاری باڵی چەپی ئەلڤارۆ کارێراس.
ئەگەر شتێک هەبێت کە تیپی ریال مەدرید بەسەرکردایەتی چابی ئەلۆنسۆ جیابکاتەوە، ئەوەیە کە توانایەکی گەورەی هەیە لە گوشارخستنە سەر تیپی بەرامبەر بەبێ تۆپ، کە ئەو شتە هیچ بوونێکی نەبوو لە کاتی سەرکردایەتیکردنی لەلایەن کارلۆ ئەنچێلۆتییەوە.
راهێنەرە ئیتاڵییەکە خۆی دانی بەوەدانا کە تیپەکەی بە ئامادە نەدەزانی بۆ ئەوەی لە سەرانسەری یارییەکەدا گوشار بخاتە سەر تیپی بەرامبەر و بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ریال مەدرید بە پلانی بەرگری یاری دەکرد، بەڵام وادیارە چابی دەیەوێت کۆتایی بەو بابەتە بهێنێت و ئامارەکانیش ئەوە دەسەلمێنن کە ریال مەدرید لە لالیگا ئەو تیپەیە کە زۆرترین تۆپ لە نیوەی یاریگای رکابەردا وەردەگرێتەوە (84 جار)، بەجیاوازییەکی زۆر لەپێش پلەی دووەمەوەیە (بارسێلۆنا بە 61 جار).
یاریزانەکان زۆر بەتووندی لەسەر ئەم خاڵە جەخت دەکەنەوە، بۆ نموونە چوامێنی، کە توخمێکی سەرەکییە لەم گوشارخستنە سەر تیپی رکابەر، وەک بەستەرێک لەنێوان بەرگری و ناوەڕاستدا کاردەکات، و پێوەرێکە بۆ ئەم گوشارە بەرزە، ئەو دەڵێت "هاوسەنگییەکی باشمان هەیە لە نێوان هێرش و بەرگریکەماندا، گرنگترین شت ئێستا وەرگرتنەوەی تۆپە بەئەوپەڕی تواناوە لەپێشەوە بۆ دروستکردنی هەل. هەموو شتێک نایاب نییە، بەڵام بەردەوام دەبین لە باشترکردن. ئەگەر تۆپ لە نیوەی یاریگای رکابەردا وەربگرینەوە، ئەوا گۆڵ تۆمارکردن ئاسانتر دەبێت".
لە هێرشبردندا، شتەکان بەهێواشی دەجوڵێن، بەڵام دەجوڵێن، ریال مەدرید دووەم تیپە کە زۆرترین خاوەندارێتی تۆپی هەیە (67%) کە تەنیا بارسێلۆنا بە 76% لە پێشیەوەیە)، و 42 لێدانی گشتی و 14 لێدانی لەسەر گۆڵ هەبووە، و چوار گۆڵی تۆمارکردووە، بەتێکڕایی دوو گۆڵ لە هەر یارییەکدا، بەرامبەر ئۆساسۆنا تیپەکە زیاتر پارێزگار بوو، بەڵام لە یارییەکەی ئۆڤیێدۆ 10 جار لە نێوان ستوون و دەروازە لێدانی هەبوو، و ئەگەر درەوشانەوەی گۆڵپارێز ئیسکاندێڵ نەبووایە، جیاوازییەکە بەرامبەر ئۆڤیێدۆ گەورەتر دەبوو.
بەڵام ئەگەر شتێک هەبێت کە ریال مەدرید بەسەرکردایەتی چابی ئەلۆنسۆ تاوەکو ئێستا جیابکاتەوە، ئەوا لایەنی بەرگرییە؛ تیپەکە لە دوو یاری لە دوو یارییدا گۆڵی لێ تۆمار نەکراوە و گرنگتر لە هەموو شتێک کۆنترۆڵێکی زۆر و کاردانەوەیەکی بەهێزی لە گوشارخستنە سەردا نیشانداوە، کە شتێک بوو ماوەیەکی زۆرە لە ریزەکانی مێرەنگیدا نەبینراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ