بۆ یەکەمجار لە مێژوودا؛ بێرنابیۆ باوەش بۆ تێنسی مەدرید دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، سانتیاگۆ بێرنابیۆی یاریگەی یانەی ریال مەدرید ئەمجارە باوەش بۆ یاریی تێنس دەکاتەوە.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی پاڵەوانێتی کراوەی تێنسی مەدرید دەبێتە یاریگەی تێنس و پاڵەوانێتییەکە لەو یاریگەیەدا بەڕێوەدەچێت."
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، یاریگەی خۆڵی تایبەت بە پاڵەوانێتییەکە لەنێو چیمەنی بێرنابیۆ دروستدەکرێت، ئامانجی سەرەکیش لە ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکە لە یاریگەکەدا ئەمەیە.
 
- دابینکردنی شوێنی زیاتری راهێنان بۆ یاریزانەکان لە کاتی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکەدا.
 
- پێشکێشکردنی وێنەیەکی تایبەت و جیهانیی پاڵەوانێتییەکە و پێشاندانی توانای مەدرید بۆ میوانداریکردنی بۆنە وەرزشییەکان.
 
- بەیەکەوە بەستنی هەردوو شوێنەوارە گەورەکەی وەرزشی مەدریدی و ئیسپانیا بەیەکەوە (سانتیاگۆ بێرنابیۆ و پاڵەوانێتییەکە).
 
پاڵەوانێتی کراوەی تێنسی مەدرید لە 20ـی 4 تاوەکو 3ـی 5  بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵ پاڵەوانێتییەکە بەهۆی بەڕێوەچوونی یارییەکانی لە بێرنابیۆ زۆر جیاواز و سەرنجڕاکێشتر دەبێت.
 
تاوەکو ئێستا یانەی ریال مەدرید هیچ راگەیێنراوێکی لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەپێی رۆژنامەی مارکا، یاریگەکە دەبێتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ ئامادەکاریی یاریزانەکان بۆ یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە.
 
یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ هیچ یارییەکی فەرمی پاڵەوانێتییەکەی تێدا ناکرێت، تەنیا یاریزانەکان لەوێ مەشق دەکەن.