ریال مەدرید یەکەم بەڵێنی لەگەڵ ئێمباپێ نەبردەسەر

28-04-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ یانەی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ریال مەدرید، دەستبەرداری یەکێک لەو بەڵێنانەی بوو کە بە کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان دابوو.
 
ماوەی گرێبەستەکەی کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتوودا کۆتایی دێت، یاریزانەکەش یانەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بە بێبەرامبەر دەچێتە یانەیەکی دیکە.
 
زۆر لە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە یانەی ریال مەدرید لە مانگی شوباتی رابردووەوە گرێبەستەکەی ئەستێرەی فەرەنسی کۆتایی پێهێناوە.
 
بەپێی تۆڕی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانیا، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لەم دواییانەدا لەگەڵ فایزا ئەلعەماری، دایکی ئێمباپێ و بەرێوەبەری کارەکانی قسەی کردووە سەبارەت بە درێسی ئەستێرە فەرەنسییەکە لە ریزەکانی یانەی شاهانەدا.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، پێرێز بە فایزای رایگەیاندووە، ئێستا ناتوانێت گەرەنتی ئەوەی پێبدات کە ئێمباپێ وەرزی داهاتوو درێسی ژمارە 10ـی ریال مەدرید لەبەردەکات، ئەمەش دوای زیادبوونی ئەگەری مانەوەی لوکا مۆدریچی یاریزانی کرواتی بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە لەگەڵ ریال مەدرید، کە ئەوکات وەرزی داهاتوو درێسی ژمارە 10 هەر لای مۆدریچ دەمێنێتەوە و یانەکە ئامادە نییە بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ یەکێک لە ئەفسانەکانی بکات، کە هەست بکات بێڕێزییە بەرامبەری دەکرێت.
 
ماوەی گرێبەستەکەی مۆدریچ لەگەڵ ریال مەدرید لەم وەرزەدا کۆتاییدێت، بەڵام هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە مێرێنگێ گرێبەستێکی نوێی بۆ یەک وەرز پێشکێسی بکات و خۆیشی ئامادەیە لە یانەکە بمێنێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە