رووداو - هەولێر
گابریێل خیسۆسی هێرشبەری هەڵبژاردەی بەرازیل بەرگری لە خۆی کرد لە بەرامبەر ئەو گلەییانەی لێیدەکرێت بەهۆی ئاستییەوە و ئاشکرایکرد پۆشینی درێسی ژمارە 9، ئەرکی سەرشانی قورسکردووە.
خیسۆس بەشداری لە یاری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەرامبەر سڕبیا کرد کە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی سیلیساو کۆتاییهات، بەڵام هیچ کام لە گۆڵەکان ئەو یاریزانە تۆماری نەکردن و تا ئێستاش لە مۆندیالی رووسیادا ئەو هێرشبەرە هیچ گۆڵێکی تۆمار نەکردووە.
لە لێدوانی بۆ کەناڵی فۆکس سپۆرت، خیسۆس گوتی بێگومان چاوم لەسەر یاریکردنمە لەگەڵ بەرازیل، بەڵام پۆشینی درێسی ژمارە 9 ئەرکی سەرشانی زۆر قورستر کردووم، چونکە پێش من زۆر ئەستێرەی دیکە ئەو ژمارەیەیان پۆشیوە. هەمیشە ئاستی هێرشبەر لە رێگەی ئەو گۆڵانەوە هەڵدەسەنگێنرێ کە تۆماریان دەکات، بەڵام کاتێک ئەوەم پێناکرێت، من لە رێگەی شێوازی دیکەوە یارمەتی هاوڕێکانم دەدەم.
خیسۆس زیاتر دەڵێ نامەوێ باسی ئەوە بکەم کە چیدەکەم و چی ناکەم، کاتێک سەیری رابردووی خۆم دەکەم لەوکاتەوە کە لە پالمێراس بووم، هەستدەکەم گەشەم کردووە، هەمیشەش لە رووی تەکتیکییەوە خۆم بەباش بینیوە.
زیاتر روونیکردەوە راهێنەری بەرازیل لە یاری بەرامبەر سڕبیادا داوای لێکردووە لە باڵەکانەوە یاری بکات و ئەویش ئەو ئەرکەی جێبەجێکردووە.
لە قۆناخی داهاتووی مۆندیالدا، هەڵبژاردەی بەرازیل بەرامبەر مەکسیک یاریدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ