رووداو دیجیتاڵ
چوار یانەی ئەورووپی و یانەیەکی بەرازیلی رکابەری لەسەر گواستنەوەی ئەستێرەیەکی یانەی ئارسیناڵ دەکەن و دەیانەوێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا یاریزانەکە ببەنە ریزەکانیان.
بەپێی هەواڵی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی بەریتانیا، هەر چوار یانەی نیوکاسڵ یونایتد و تۆتێنهامی ئینگلیزی، ئەیسی میلان و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی لە رکابەریدان بۆ گواستنەوەی گابریێل جیسۆس، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی ئارسیناڵ.
هەوڵەکانی ئەو یانانە بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە لەکاتێکدایە ئارسیناڵ گرێبەستی لەگەڵ ڤیکتۆر یۆکێرێش کردووە و پێویستییەکی وای بەو یاریزانە نامنێت، بەتایبەتیش کە وەرزی رابردوو یاریزانەکە بەهۆی پێکانەوە بەشداریی لە ژمارەیەکی زۆر لە یارییەکانی یانە لەندەنییەکەدا نەکرد.
جگە لەو چوار یانەیە لەسەر ئاستی ئەورووپا، یانەی فلامینگۆی بەرازیلی بەهێزەوە کار دەکات بۆ ئەوەی جیسۆس بەشێوەی خواستن بگەڕێنێتەوە خولی بەرازیل.
میدیای بەرازیل دەڵێت "یاریزانەکە رەزامەندیی پێشانداوە بۆ ئەوەی پەیوەندی بەو یانەیەوە بکات و پێی وایە لە رێگەی یارییکردنی بۆ فلامینگۆ دەتوانێت هەلی یارییکردنی لە مۆندیالی 2026 لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل بەدەستبهێنێت."
لە ئەگەری پەیوەندیکردنی جیسۆس بە یانەی فلامینگۆوە، یانەی ئارسیناڵ نیوەی مووچەکەی دەدات کە هەفتانە یاریزانەکە 265 هەزار پاوەند لەو یانەیە وەردەگرێت.
گابریێل جیسۆس تەمەنی 28 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئارسیناڵ لە هاوینی ساڵی 2027 کۆتاییدێت، ئێستا نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 32 ملیۆن یۆرۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ