بۆچی دەبێ گریزمان بالۆن دۆر بباتەوە؟

28-11-2018
رێبوار محه‌ممه‌د
A+ A-

رێبوار محه‌ممه‌د

دووشەممەی داهاتوو کۆتایی بەزنجیرەی دابەشکردنی خەڵاتە تاکییە دیارەکانی ساڵی ٢٠١٨ دێت و گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ ناوی براوەی بالۆن دۆری ئەمساڵ ئاشکرا دەکات.
بالۆن دۆر بووەتە دیاردە و خەڵاتێکی خاوەن قورسایی گەورە لەسەر ئاستی تۆپی پێی جیهاندا و بۆ هەموو یاریزانێک گرنگە ئەو خەڵاتە بباتەوە، یان لانی کەم لە بەربژێرە کۆتاییەکانی خەڵاتەکەدا بێت. لەگەڵ ئەم بایەخە بەردەوامەدا ئەمساڵ خەڵاتەکە سەرنجی زیاتر و بایەخی زیاتری لەسەرە.

ئەو دەنگۆ نافەرمییانەی باس لە دوورخستنەوەی مێسی و رۆناڵدۆ دەکەن لە خەڵاتەکە، راستەوخۆ ئەوە دەخەنە روو کە براوەی ئەمساڵ یان لۆکا مۆدریچ، ئانتوان گریزمان، رافایل ڤاران یان کیلیان ئیمباپێ دەبن، ئەمەش مانای کۆتاییهاتنی مۆنۆپۆڵی مێسی رۆناڵدۆیە بەسەر ئەو خەڵاتەدا کە ئەمساڵ لە باشترین یاریزانی ئەوروپا و زە بێستدا لە بەرژەوەندی لۆکا مۆدریچ لەدەستیاندا.

بێگومان هێشتا ئەوە جێگەی مشتومڕە کە دوورخستنەوەی مێسی و رۆناڵدۆ لە خەڵاتەکە هەقە یان نا؟ کەمیش نین ئەوانەی پێیان وایە رۆیشتنی رۆناڵدۆ لە ریال مەدرید و کارکردنی ریال مەدرید لە پشتی پەردەوە رۆڵی لەوەدا هەیە کە رۆناڵدۆ ئەو خەڵاتە نەباتەوە، بەڵام لە رووی واقیع بینییەوە دۆخەکە تەواو جیاواز دەکەوێتەوە.

راستە رۆناڵدۆ و مێسی هێشتا بێڕکابەرن لە دونیای تۆپی پێدا و ئەمساڵیش لەسەر ئەفراندن و بەمەزن مانەوەی خۆیان بەردەوامن، بەڵام دەبێ ئەوە بگوترێ ٢٠١٨ ساڵی ئەوان نەبوو، بۆیە دەبێ جیهان گەرچی بە دڵیشی نەبێت، براوەیەکی دیکە لەو خەڵاتەشدا قبوڵ بکات.
بەبەراورد بە پاڵێوراوەکانی دیکە، مێسی و رۆناڵدۆ هیچ شتێکیان لە ساڵی ٢٠١٨دا لە هەگبەدا نییە، ئەگەر پاڵێوراوەکانی ئێستا شانازی بە مۆندیالی ئەمساڵەوە بکەن، بێگومان رۆناڵدۆ و مێسی دەیانەوێ ئەو مۆندیالە لە یادەوەری خۆیاندا بسڕنەوە، چونکە شتێکی ئەوتۆیان بەجێنەهێشت و ئەگەر رۆناڵدۆ شانازی بە چامپیۆنزلیگی پێنجەمەوە بکات لە ژیانیدا، مێسی ئەمساڵ ئەوەشی نەبوو. وێڕای هەموو ئەو راستییانە من پێموایە ئەوەی شایستەی بالۆن دۆری ئەمساڵە، ئانتوان گریزمانە و کەسێکی دیکە نا.

ئەگەر مێسی و رۆناڵدۆ لە دوو تیپی تەواو هێرشبەرییانەوە بوبێتنە گۆڵکەر و شانازی بە ئاستیانەوە بکەن، گریزمان لە تیپێکی تەواو عەقڵیەت بەرگرییانەوە توانیویەتی داهێنانی خۆی بکات و ئاستی بەرز پێشکەش بکات. ئاخر هەمووان دەزانن بیرکردنەوەی تاکتیکییانەی ڤاڵڤێردی یان زیدان بەرامبەر بە سیمیۆنی چۆنە، بۆیە ئەوەی گریزمان دەیکات بەلای منەوە زۆر جێگەی سەرنجە.
ئەگەر مێسی، رۆناڵدۆ و مۆدریچ باسی چامپیۆنزلیگ یان هەر دەستکەوتێکی دیکە بکەن، گریزمان لەوان زیاتر رۆیشتووە و یۆرۆلیگ، سوپەری ئەوروپا و مۆندیالیشی هەیە، ئەمە تای تەرازووی گریزمان بەرامبەر ئەوانیدیکە دەباتە سەرەوە.
بۆ ڤاران و ئیمباپێ، پێموایە ئەوانیش هێشتا لەرووی دەستکەوتی ئەمساڵەوە لە پێش مێسی و رۆناڵدۆوەن و ئەوەی سەرنجی ١٧٣ رۆژنامەڤانە دەنگدەرەکەی خەڵاتەکە رادەکێشی، بەپلەی یەکەم دەستکەوتە ئینجا ئاست.

فرانس فوتبۆڵ ئەمساڵ خەڵاتی کۆپای داناوە بۆ باشترین یاریزانی لاوی ساڵ و ئەمە پێموایە بێ مشتومڕ دەبێ بۆ ئیمباپێ بێت کە دیارترین لاوی ساڵ بووە، چ لە پاریس سانجێرمان، چ لە بەهای گواستنەوە و چ لە مۆندیالیشدا. کەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ رکابەری لەسەر بالۆن دۆر، مۆدریچ و گریزمانن و ئەوەی لەو نێوەدا پێشبڕکێیەکە دەباتەوە، بێگومان دەبێ گریزمان بێت، هەم لەبەر زۆری دەستکەوتەکانی بەبەراورد بە مۆدریچ، هەمیش لەبەرئەوەی کە ئێستا هەموو دونیا پاش بردنەوەی نازناوی مۆندیال، چاوەڕێدەکات یەکێک لەو نەوە زێڕینەی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان، دەستکەوتێکی مەزنی تاکەکەسی بباتەوە. لەبیریشمان نەچێت فرانس فوتبۆڵیش فەرەنسییە!!.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە