رووداو – ئەرسەلان عەبدوڵڵا
راهێنەری یانەی چێڵسی پێیوایە یانەی لیڤەرپوول هەلێكی بەهێزی هەیە و دەتوانێت ئەم وەرزە ببێتە پاڵەوانی خولی نایابی ئینگلیزی "پرێمەرلیگ".
مۆرینیۆی راهێنەری چێڵسی پێش یارییەكەی سبەی یانەكەی بەرامبەر لیڤەرپوول لە خولی پرێمەرلیگ گوتی: راهێنەری لیڤەرپوول گوتویەتی تیپەكەی پاڵێوراوی بردنەوەی خولی ئینگلیزی نییە، بەڵام من وایدەبینم ئەوان دەتوانن ببنە پاڵەوان، چونكە تیپێكی باش و راهێنەرێكی بەتوانایان هەیە.
هەروەها گوتی" لیڤەرپوول تایبەتمەندییەكی زیاتری هەیە، ئەویش ئەوەیە ئەم وەرزە بەشداریی چامپیۆنزلیگی نەكردووە، بۆیە ئەم وەرزە 40 یاریی ئەنجامدەدات نەوەك 60 یاری وەكو یانەكانی چێڵسی، مانچستەر یونایتد و مانچستەر ستی.
مۆرینیۆ هەروەها لە بارەی یانەی مانچستەر ستییەوە قسەی كرد و رایگەیاند "مان ستی یەكێكە لە پاڵێوراوە بەهێزەكان بۆ بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ".
سپێشەڵ وەن گوتی: ئەم وەرزە ركابەرییەكی زۆر بەهێز هەیە، نەوەك تەنیا بۆ نازناوەكە، بەڵكو بۆ گرتنی چوار پلەی پێشەوەی خولەكە، چونكە یانەكان دەیانەوێت بەشداریی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو بكەن.
سبەی لە گەڕی 19یەمی پرێمەرلیگ و لە یارییەكی بەهێزدا یانەی چێڵسی لەسەر یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی یانەی لیڤەرپوول دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ