رووداو دیجیتال
هەریەک لە یانەکانی ئیتیحاد و شەبابی سعودی هەوڵەکانیان بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ ئاکام هاشم و هاروون ئەحمەد دەستپێکردووە.
ئاکام هاشم، تەمەن 27 ساڵ بەرگریکاری یانەی زەورا و ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق دوای پیشاندانی ئاستێکی بەرز لە یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق، بووەتە جێگای بایەخی یانەکانی ئەوروپا و ئاسیا، یانەی ئتیحادی سعودی چاودێریی یاریزانەکە دەکات و دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵ بکات.
ئەستێرە کوردەکەی یانەی زەورا خەڵکی هەولێرە، دەسپێکی کاروانی وەرزشی لەگەڵ لاوانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بووە، دواتر لەگەڵ یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریکرد، ئاکام هاشم، وەرزی رابردوو بە درێسی یانەی شورتە ئاهەنگی بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراقی گێرا.
ئاکام هاشم، ئەو ئەستێرەیەی بووەتە باسی میدیا و شەقامی وەرزشی عێراق و عەرەبی، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس لەبارەی پەیوەندییەکانی یانەی ئیتیحاد گوتی "جارێ پابەندم بەگرێبەستەکەم لەگەڵ یانەی زەورا، هێشتا خۆم بۆ هەنگاوی داهاتوو یەکلایی نەکردووەتەوە و پەنابەخوا هەنگاوی داهاتووم خێر دەبێت ".
هاروون ئەحمەد، کاپتن و مایسترۆکەی یانەی دهۆک ماوەیەکی زۆرە لەلایەن یانەکانی کەنداو و ئاسیاوە گرنگیی پێدەدرێت، یانەی شەبابی سعودی ویستی خۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکە پێشانداوە.
ناوەراستکارەکەی یانەی دهۆک وەرزی رابردوو دوای بردنەوەی نازناوی جامی کەنداو بۆ تیپەکەی و نازناوی باشترین یاریزانی کەنداو ئەمساڵ دەیەوێت زیاتر خزمەتی ئەلهویێن چیا بکات.
هاروون ئەحمەد، بۆ رووداو سپۆرتس روونیکردەوە "دهۆک لەپێش هەموو شتێکە بۆ من، نامەوێت لەبارەی هیچ لەو قسانەی کە لەبارەی گرێبەست و رۆشتنم قسە بکەم ".
لە مێژووی خولی رۆشنی سعودی یوسف ئەمین، یەکەم ئەستێرەی کوردە کە یاری لەو خولەدا کردووە، ئەو یاریزانە کوردە وەرزی رابردوو لە یانەی وەحدە یاریکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ