رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کارەکانی یەکێک لە دیارترین هێرشبەرە لاوەکانی ئێستای ئەورووپا، ئاشکرایکردووە یانەی بارسێلۆنا پەیوەندییان پێوە کردووە و دانوستاندن لە نێوان هەردوولادا روویداوە.
بەڕێوەبەری کارەکانی، فیسنیک ئەسڵانی، هێرشبەری لاوی هۆفێنهایمی ئەڵمانی، ئاشکرایکردووە یانەی بارسێلۆنا پەیوەندییان پێوە کردووە و ویستی گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانە لاوە کۆسۆڤۆییەکەیان هەیە.
ئەسڵانی یەکێکە لە هێرشبەرە سەرنجڕاکێشە لاوەکانی ئێستای ئەورووپا و لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بەهای یاریزانەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ئەمەش وایکردووە چەندین یانەی گەورەی ئەورووپا داوای بکەن.
ئەیمەن دەهمانی، بەڕێوەبەری کارەکانی ئەسڵانی، لە لێدوانێکدا ئاشکرایکردووە، "ئارەزووی بارسێلۆنا بۆ یاریزانەکە لەم کاتەدا راستەقینەیە، لەلایەن یانەی بارسێلۆناوە پەیوەندیم پێوەکراوە".
ئامارەکانی ئەسڵانی لەم وەرزەدا بوونەتە چەقی سەرەکی هێرشەکانی هۆفێنهایم و لە 28 یاریدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 9 گۆڵ و 6 ئەسیستی تۆمارکردووە. توانای گۆڵکردن و دروستکردنی هەلی بۆ هاوڕێکانی وای لێکردووە ببێتە بژاردەیەکی فرەجۆر بۆ سیستمە تاکتیکییە جیاوازەکان.
بارسێلۆنا بەدوای هێرشبەرێکدا دەگەڕێت بۆ شوێنگرتنەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری ئێستای یانەکە، کە پێدەچێت گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێنەکرێتەوە. یانە کەتەلۆنییەکە لە ململانێی بەدەستهێنانی ئەو هێرشبەرە لاوەدا ئەرکەکەی ئاسان نییە. پێشتر سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، یانە ئەڵمانییەکە بەبێ بەدەستهێنانی بڕی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی، رێگە بەڕۆیشتنی ئەو یاریزانە نادات.
میدیای ئەڵمانیا دەڵێن، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە لە نێوان 25 تاوەکو 30 ملیۆن یۆرۆیە.
ئەسڵانی، ئاستی لەگەڵ هەڵبژاردەی کۆسۆڤۆش بە هەمان شێوە سەرنجڕاکێش بووە. لە دوایین یاریی هەڵبژاردەکەی لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو، ئەو یاریزانە گۆڵێکی تۆمارکرد و ئەسیستێکی کرد و تیپەکەشی بە 4 - 3 گۆڵ سەرکەوتنی بەسەر سلۆڤاکیا بەدەستهێنا و گەیشتە یاریی کۆتایی پاشکۆی پاڵاوتن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی تورکیا.
سەرچاوە میدیاییەکان دەڵێن، بارسێلۆنا تاکە تیپ نییە کە ویستی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو هێرشبەرەی هەیە، بەڵکو هەردوو یانەی چێڵسی و تۆتێنهامیش لە نزیکەوە چاودێری ئاستی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ