مووچەی بەرز کێشەیە.. ریال دەیەوێت دەستبەرداری ئەستێرەیەکی ببێت

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید بیر لە دەستبەرداربوون لە ئەستێرەیەکی یانەکەی دەکاتەوە، بەڵام مووچەی بەرزی یاریزانەکە بەربەستی دروستکردووە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید بیر لە دەستبەرداربوون لە دەیڤد ئالابا، بەرگریکاری یانەکەی دەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی شاهانە ساڵێکی ماوە.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی نووسیوویەتی "گرێبەستی ئالابا تاوەکو ساڵی 2026ـە، بەڵام تاوەکو ئێستا نوێنەکراوەتەوە و هیچ ئاماژەیەکیش بۆ نوێکردنەوەی نییە، زۆری پێکانەکانی ئەو یاریزانە و رکابەریی زۆر لەسەر شوێنی یارییکردنیدا، بارودۆخەکەی ئاڵۆزکردووە."
 
ریال مەدرید رێز لەو رێککەوتنە دەگرێت کە لەگەڵ یاریزانەکە هەیەتی، لەکاتێکدا مووچەی یاریزانەکە زۆرە و دەگاتە 12.5 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵێکدا.
 
لۆس بلانکۆس بەلایەوە باشە ئەو یاریزانە لە یانەکە بڕوات، بەڵام مووچەی بەرزی ئەستێرە نەمساییەکە بەربەستی خستووەتە بەردەم دۆخەکە و بارودۆخی یاریزانەکە لەگەڵ یانەکە گەیشتووەتە بنبەست.
 
دەیڤد ئالابا بەهۆی ئەو پێکانانەی تووشی بووە، 537 رۆژ لە یانەی ریال مەدرید دابڕاوە و بەشداریی لە 104 یاریی فەرمیدا نەکردووە، چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەریش یاریزانەکە جارێکی دیکە تووشی پێکانبووەوە و بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یاریزانەکە مانگێکی پێویستە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان.