رووداو دیجیتاڵ
فرانكۆ ماستانتۆنۆ، یاریزانی نوێی ریال مەدرید، بەهۆی یاسایەکی ئیسپانیاوە لە راهێنانکردن لەگەڵ تیپی یەکەمی یانەکەیدا قەدەخەکراوە، ئەمەش تەنانەت پێش ئەوەی یەکەم یاریی خۆی ئەنجامبدات.
بەگوێرەی رۆژنامەیەکی ئیسپانی، ماستانتۆنۆ دوای تەواوکردنی گواستنەوەی لە ریڤەرپلەیتەوە، رێگری لێکراوە پەیوەندی بە هاوتیپەکانییەوە بکات لە ریال مەدرید. یانە شاهانەکە بڕی 45 ملیۆن یۆرۆی بۆ گواستنەوەی یاریزانە 17 ساڵییەکە خەرجکردووە.
ماستانتۆنۆ تەنیا لە دوای تەمەنی 18 ساڵییەوە دەتوانێت دەست بە راهێنانەکانی لەگەڵ ریال مەدرید بکات، ئەمەش واتای ئەوەیە تاوەکو رۆژی لەدایکبوونی لە 14ـی مانگی 8، دەبێت بە تەنیا راهێنان بکات و بۆی نییە بچێتە پاڵ تیپەکەی چابی ئەلۆنسۆ. ریال مەدرید لەو ماوەیەدا چاودێرییەکی وردی ئاستی دەکات.
ماستانتۆنۆ یەک یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئەنجامداوە و لە 64 یاریدا لەگەڵ ریڤەرپلەیت 10 گۆڵ و 7 ئەسیستی تۆمارکردووە. ئەو دەتوانێت لە باڵی راست و وەک یاریزانی ژمارە 10 یاری بکات.
یاریزانە ئەرجەنتینییەکە بە پەرۆشەوە چاوەڕێدەکات ببێت بە 18 ساڵ، دوای ئەو بەروارە دەتوانێت بەشداری لە راهێنانەکانی تیپی یەکەمی ریال مەدرید بکات. لۆس بلانکۆس وەرزی نوێی لالیگا رۆژی 19ـی مانگی 8 لە یاریگای خۆی بەرامبەر ئۆساسۆنا دەستپێدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ