رووداو سپۆرتس ناوی ئەو یانانە ئاشکرا دەکات کە داوای ئاکام هاشم دەکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئاکام هاشم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئەو ئاستبە بەرزەی لە ماوەی رابردوودا پێشکێشیکردووە، ژمارەیەک یانە لەسەر ئاستی وڵاتە جیاوازەکان داوای ئاکام هاشم، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی زەورا دەکەن.
 
ئاکام هاشم، ئێستا ناوێکی دیاری تۆپی پێی عێراقە و ئامانجی چەندین یانەی جیاوازە لە خول و وڵاتە جیاوازەکان.
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو سپۆرتس، یانەی سامسۆن سپۆری تورکی کە لە خولی سوپەرلیگی تورکیا یاریی دەکات و ئێستا لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە، داوای ئەو یاریزانە کوردە دەکات و دەیەوێت هێڵی بەرگریی یانەکەی بە گواستنەوەی ئاکام هاشم بەهێزتر بکات.
 
بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە بە رووداو سپۆرتسی گوت "راستە چەند یانەیەک داوای گواستنەوەی ئاکام هاشم دەکەن، لەوانەش سامسۆن سپۆری تورکی، ریازی سعودی و یانەیەکی دیکەی قەتەری، بەڵام یانەی زەورا ئامادەنییە دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت."
 
سەرۆکی یانەی زەورا بە بەڕێوەبەری کارەکانی ئاکام هاشمی گوتووە، هیچ کەسێک باسی دەستبەرداربوون لە ئاکام هاشم نەکات، تاوەکو خولی ئەستێرەکانی عێراق تەواو دەبێت، ئێستا دەستبەرداری یاریزانەکە ببم، هاندەران رۆژی دوای ئەوە بە بەرد دەرم دەکەن.
 
ئاکام هاشم، هیچ مەرجێکی هەڵوەشاندنەوە لە گریبەستەکەیدا نییە، بۆیە رۆیشتنی لە یانەی زەورا و پەیوەندیکردنی بە هەر یانەیەکی دیکەوە زۆر زەحمەتە.
 
بەهۆی ئەو ئاستە نایابەی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا پێشکێشیکرد، نرخی ئاکام هاشم بووە 500 هەزار دۆلار و ئێستا گرانترین یاریزانی هێڵی بەرگرییە لە تۆپی پێی عێراقدا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە