ناوبژیوانی یارییەکەی عێراق، پێشتر مێسیی سزاداوە و بەپاشای کارتەکان ناسراوە


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ، بەڕێوەبردنی یارییە چارەنووسسازەکەی نێوان بۆلیڤیا و عێراقی لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیال، بەناوبژیوانێکی سێلڤادۆریی لاو بەخشیووە، کە خاوەنی چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش و پڕ لە وردەکارییە.
 
عێراق و بۆلیڤیا، بەرەبەیانی سبەی چوارشەممە کاژێر 6:00 بەکاتی باشووری کوردستان لە دوایین یاریی پاشکۆی پاڵاوتنی مۆندیال بەیەکدەگەن.
 
فیفا، ئەرکی بەڕێوەبردنی یارییەکەی بە ئیڤان بارتۆنی سلڤادۆریی بەخشیوە کە تەمەنی 35 ساڵە و ئەو ناوبژیوانە لە کۆتاییدا فیکەی سەرکەوتنی عێراق یان بۆلیڤیا بۆ مۆندیالی داهاتوو، لەسەر یاریگەی 'بی بی ڤی ئەی' لە شاری مۆنتێریی مەکسیک، یەکلایی دەکاتەوە.
 
بارتۆن لە 27ی مانگی یەکی ساڵی 1991 لە شاری سانتا ئانای دووەم گەورەترین شاری سێلڤادۆر لەدایکبووە. وانەبێژ و مامۆستای کیمیایە لە یەکێک لە زانکۆ نێوخۆییەکانی شارەکە. ساڵی 2018 بووەتە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی.
 
بارتۆن بەڕێککاری تووند لە یاریگەدا ناسراوە، ناونراوە 'عاشقی کارتە سوورەکان'. ئەو لە 270 یاریدا کۆی 129 کارتی سووری بەڕووی یاریزاناندا بەرزکردووەتەوە. 
 
ئەو ناوبژیوانە بەپێدانی زۆری کارتی زەردیش ناسراوە، بەشێوەیەک کە رێژەی پێدانی کارتە زەردەکانی لە هەر یارییەکدا پێنج کارتی زەردە.
 
بارتۆن 270 یاریی بەڕێوەبردووە، 1385 کارتی زەردی داوە بە یاریزانان و 63 دانەیان بووەتە کارتی سوور. لە کاتێکدا 66 کارتی سووری راستەوخۆی داوەتە یاریزانان.
 
ئەو ناوبژیوانە 126 لێدانی سزای ئەژمارکردووە، بەڕێژەی 0،46 لێدانی سزا لە هەر یارییەکدا.
 
ئەو ناوبژیوانە لە مۆندیالی 2022ی قەتەر، بۆ یەکەمجار بەشدارییکرد و سێ یاریی بەڕێوەبرد کە دوویان لە قۆناخی کۆمەڵەکان و یەکێکیان لە قۆناخی چارەکی کۆتایی بوو.
 
بارتۆن یاریی نێوان هەڵبژاردەکانی ئەڵمانیا 1 - 2 ژاپۆن لە قۆناخی کۆمەڵەکان، هەروەها بەرازیل 1 - 0 سویسرا لە قۆناخی کۆمەڵەکان و ئینگلتەرا 3 - 0 سەنیگالی لە قۆناخی شانزەی مۆندیالەکە بەڕێوەبرد.
 
لەو سێ یارییەی مۆندیالدا، بارتۆن 3 کارتی زەردی داوە و لێدانێکی سزاشی ئەژمارکردووە.
 
یەکێک لە دیارترین یارییە قورسەکان کە ئەو ناوبژیوانە بەڕێوەی بردن، کلاسیکۆی نێوان هیلال و ئییتحاد بوو لە خولی سعودیە لە وەرزی 2023 - 2024.
 
بارتۆن هەروەها یەکێک بووە لەو ناوبژیوانانەی لە مۆندیالی یانەکاندا بەشداریی کردووە.
 
رۆژی 19ی مانگی دووی رابردوو، لیژنەی ناوبژیوانانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سێلڤادۆرد، بڕیاریدا بۆ دوو یاریی، بارتۆن لە خولە نێوخۆییەکان رابگرێت.
 
بڕیارەکە وەڵامدانەوەبوو بە رەخنە و مشتومڕ لەبارەی بڕیارەکانی ئەو ناوبژیوانە لە گەڕی هەشتی خولی نێوخۆی وڵاتەکە، کە بووە هۆی تووڕەبوونی هەردوو یانەی ئاگێلا و ئالیانز.
 
هەربەهۆی ئەو یارییەوە، یامیل بۆکیلی، سەرۆکی پەیمانگای نیشتمانیی وەرزش لە سێلڤادۆر، کە ئەو پەیمانگایە بەرامبەرە بە وەزارەتی وەرزش لە وڵاتانی دیکە و سەرۆکەکەی برای نەجیب بۆکیلیی، سەرۆککۆماری وڵاتە، رەخنەی تووندی ئاراستەی بارتۆن کرد و گوتی، "کەس لەسەرووی یاساوە نییە، تەنانەت ئەگەر ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی و مۆندیالییش بیت". ئاماژەی بەوەدابوو کە هەڵەکانی ئەو ناوبژیوانە قبووڵکراونین و رەنگدانەوەیان لەسەر خاوێنیی رکابەرییە وەرزشییەکان دەبێت.
 
بارتۆن چیرۆکێکی لەگەڵ مێسیشدا هەیە. ئەو ناوبژیوانە رۆژی 2ی مانگی هەشتی ساڵی 2023 یاریی نێوان ئینتەرمەیامی و ئۆرلانۆد سیتی لە جامی خولەکان بەڕێوەبرد، کارتێکی زەردی دایە لیۆنێل مێسی.
 
ئەوە یەکەم کارتی زەردی مێسی بوو لە دوای چوونی بۆ خولی ئەمریکا. ئەو ناوبژیوانە ئەگەرچی لەلایەن ئۆرلاندۆ سیتی و ئۆسکار باریخای راهێنەریەوە گوشاری زۆری کرایە سەر بۆ دەرکردنی مێسی بەهۆی لێدان لە سیزار ئاراوخۆ، بەڵام ئەو رەتیکردەوە بڕیارەکەی خۆی بگۆڕێت.