هیلال نییە.. هاندەرانی یانەیەکی سعودی بەلێشاو داوای مێسی دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

هاندەرانی یانەیەکی سعودی، هەڵمەتێکی گەورەیان لەسەر پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا دەستپێکردووە و داوا لە کارگێڕیی یانەکەیان دەکەن، گرێبەست لەگەڵ لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی واژۆبکەن.
 
هاندەرانی یانەی ئەهلی، دوای بردنەوەی خولی یانە پاڵەوانەکانی بژاردەی ئاسیا لەلایەن یانەکەوە، ئاستی داواکاریی هاندەرانی بەرزبووەتەوە و داوای گواستنەوەی مێسی دەکەن.
 
لیۆ لە هاوینی 2023 نزیکبوو پەیوەندی بە یانەی هیلالەوە بکات، بەڵام گرێبەستەکە شکستیهێنا و یاریزانەکە روویکردە یانەی ئینتەرمەیامی و خولی ئەمریکا، ئێستا جارێکی دیکە سعودییەکان داوای گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەکەن و هاندەرانی یانەی ئەهلی هەڵمەتێکی گەورەیان بۆ داواکردنی ئەو ئەفسانەیە دەستپێکردووە.
 
بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە و دەستەی بەڕێوەبردنی خولی سعودیش جارێکی دۆسێیەی گرنگیدان بە گواستنەوەی مێسی دەکەنەوە.
 
هاندەرانی یانەی ئەهلی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، هاشتاگێکیان راگەیاندووە، بە ناوی "#ميسي_مطلب_الملوك" بە مانای مێسی داواکاریی پاشاکانە و لە رێگەی هاشتاگەکەوە هاندەران دەیانەوێت گۆشار لە یانەکەیان بکەن هەوڵی گواستنەوەی یاریزانەکە بدەن، بەتایبەت کە وەرزی داهاتوو چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا و چەند پاڵەوانێتییەکی دیکە لەسەر ئاستی ناوخۆ لەبەردەم یانەکەدان.
 
هاندەرانی یانەی ئەهلی زۆرینەیان پێیانوایە ئەهلی، تاکە یانەی نێو ئەو چوار یانەیەیە کە سندووقی وەبەرهێنانی سعودی کار بۆ پێشخستنیان دەکات و ئەستێرەیەکی گەورەی تێدا نییە، بۆیە مافی خۆیانە داوای یاریزانەکە بکەن.
 
هاندەرێک نووسیوویەتی "مافی ئەهلییە داوای مێسی بکات، بژاردە شایستەی یاریزانێکی بژاردەیە."
 
هاندەرێکی دیکە دەڵێت "ئەگەر بۆ هەر شوێنێکی دیکە یاری بکات، گەورەترین نادادپەروەرییە بەرامبەر ئەهلی، مێسی تەنیا شایەنی ئەهلییە."
 
هاندەرێکی دیکەی ئەهلی لە ئێکس نووسیوویەتی "یانەی ئەهلی تاکە یانەی سندووقی وەبەرهێنانە بەبێ یاریزانێکی جیهانی و ئاستی ئەی بێت، زۆر گرنگە دادپەروەری بەرامبەر ئەهلی بکرێت، چونکە پاڵەوانی کیشوەرە و مافی نوێنەرایەتیکردنی نیشتمانی هەیە لە دەرەوە، مێسی بۆ تیپی یەکەمی ئاسیا و شانازی نیشتمان لە دەرەوە."
 
داواکردنی مێسی لەلایەن هاندەرانی یانەی ئەهلی سعودییەوە لەکاتێکدایە، لیۆ خۆی ئامادەدەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەکە بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکات، بەڵام گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە بەرەو کۆتایی دەچێت و تاوەکو ئێستا نوێنەکراوەتەوە.