هەموو شتێك دەربارەی تامیسكە و چۆنییەتی چارەسەركردنی

10-12-2014
هەڵات رێبوار
نیشانەکردن تامیسکە
A+ A-

رووداو – thaqafnafsak

 

ڤایرۆسی  HSV  كە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگویزرێتەوە دەبێتە هۆی دەركەوتنی تامیسكە لە ژێر لێو و نزیك لووت، هەرچەندە چارەسەرێكی سرووشتی نییە كە بەتەواوەتی تامیسكە بنبڕ بكات، بەڵام بە پەیڕەوكردنی چەند رێنمونییەك دەتوانی بە ماوەیەكی كەمتر تامیسكەكە بە رووخسارتەوە نەهیڵیت.

ئەو كاتانەی كە تامیسكە بە رووخسارەوە دەردەكەوێت:

- لە كاتی بوونی تا
- لەكاتی سەرما و بوونی ئەنفلەوانزا
- ماندووبوون
- سوڕی مانگانە
- گۆڕانەكانی سیستمی بەرگری
- هەوكردنی گەروو
- سەرئێشە


 چەند رێگایەكی یارمەتیدەر بۆ زووتر خۆڕزگاركردن لە تامیسكە:

كیسەی چا
چا ماددەی دژە ئۆكسیدی تێدایە كە دەبێتە هۆی هێوركردنەوەی تامیسكە و خێرا چاكبوونەوەی شوێنەكەی، بۆ چارەسەركردنی تامیسكەش بەهۆی چا دەبێت كیسەیەكی بچووكی چا بۆ چەند خوولەكێك بخەیتە نێو ئاوی گەرمەوە، دواتر دایبنێی تاوەكو سارد دەبێتەوە و بۆ ماوەی 10 خوولەك لەسەر تامیسكەكەی دابنێی،  بەبەردەوامی ئەم كارە دووبارە بكەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی چاككردنەوەكە خێراتربكەیت.

سیر
بەهۆی ئەوەی مادەی دژە بەكتریا لە سیردا هەیە وەك یەكێك لە چارەسەرە سروشتییە گرنگەكان سەیری دەكرێت، بۆ ئەوەی تامیسكە لە رێگای سیر چارەسەربكەیت دەبێت سیرەكە بەجۆرێك ورد بكەیت كە وەكو مەرهەمی لیبێت پاشان لەسەر تامیسكەكەی دابنێیت دواتر بۆ ماوەی چەند خوولەكێك جێیبهێڵیت و بە ئاوی شلەتێن بیشۆیتەوە.

 گوڵە حاجیلە
گوڵە حاجیلە ( بابۆنەج) هێزێكی چارەسەریی زۆری هەیە، بۆیە دەتوانی چای گوڵە حاجیلە بخۆیتەوە، یان كەمێك لەو چایە ساردبكەیەوە و بیخەیە سەر تامیسكەكە، ئەگەر بشتەوێ خێراتر تامیسكەكە چاكببێتەوە رۆژانە سێ تاوەكو چوار جار هەویری گوڵە حاجیلەی بخەرە سەر.

 شیر
گڵۆبۆلینی بەرگریكار، ترشی ئەمینی و ماددەی لیسین لە شیردا هەن كە دەبنە هۆی كەمكردنەوەی ئەو ئازارەی بەهۆی تامیسكەوە هەستی پێدەكەیت، بە مەبەستی كەمكردنەوەی ئازاری تامیسكە  دەتوانی پارچەیەك لۆكە بە شیری گیراوە تەڕبكەیت و بۆ ماوەی چەند خوولەكێك بیخەیتە سەر تامیسكەكە دواتر بیشۆیتەوە.

خەلی سێو
خەلی سێو یارمەتیدەرە لە وشككردن و پاككردنەوەی شوێنی هەڵئاوساوی زیپكە و تامیسكە و دەشبێتە هۆی كوشتنی بەكتریای ناویان، بۆیە دەتوانی كەمێك خەلی سێو بەهۆی پارچە لۆكەیەك بخەیتە سەر تامیسكە هەرچەندە كەمێك ئازاری دەبێت، بەڵام دەبێتە هۆی وشككردنی.

چەند ئامۆژگارییەك بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی تامیسكە:

- بەكارهێنانی ئەو جۆرە مەرهەمانەی كە ماددەی بەنزۆكایینیان تێدایە، كە لە هەمان كاتدا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئازاری تامیسكەكە.

- دژەخۆر لەسەر لێو و تامیسكە بدە بۆئەوەی رێگە لە گرتنی تامیسكە بگرییەوە.

- ئەو شتانەی كە دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی تامیسكەكە دەستكاری مەكە بۆنمونە نابێت هەوڵی تەقاندنی ئاوسانی تامیسكە بدەیت یان هەوڵبدەیت پێستەكەی لەسەری لابدەیت لەبەرئەوەی خراپتری دەكات.

- لەبەرئەوەی تامیسكە دەگوازرێتەوە بۆیە نابێت ئەو خاولییە بەكاربهێنیت كە پێشتر شوێنی تامیسكەكەت پێی سڕیوەتەوە پێش ئەوەی بیشۆیت و هەوڵبدە لە ماچكردنی كەسانی دیكە بەدووربیت تاوەكو ڤایرۆسەكەیان بۆ نەگوازییەوە.

- یەكێك هۆكارەكان بۆ دروستبوونی تامیسكە ماندووبوونە بۆیە واباشە ماددەی زینك وەكو تەواوكەرێكی خۆراكی كە كە لە شێوەی حەبیشدا هەیە بخۆیت   بەمەش سیستمی بەرگریت بەهێزتردەبێت.

- هەوڵبدە ئەو وەزرشانە بكەیت كە دەبنە هۆی كەمكردنەوەی دڵڕاوكێ وەكو یۆگا چونكە دڵەڕاوكێش یەكێكی دیكەیە لە هۆكارەكانی دەركەوتنی تامیسكە.

- دەتوانی خوێ لەگەڵ چەند دڵۆپە ئاوێك تێكەڵبكەیت و بیخەیە سەر تامیسكەكە بۆ كوشتنی بەكتریاكانی ناوی.






کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە