رووداو دیجیتاڵ
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی نێودەوڵەتی دەکات کە تێیدا نوێنەرانی 35 وڵات بەشدار دەبن، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز و گەرەنتیکردنی گواستنەوەی دەریایی لە ناوچەکەدا.
رۆژی چوارشەممە، 1ی نیسان، کییەر ستارمەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە داونینگ ستریت رایگەیاند: "بەریتانیا توانیویەتی 35 نەتەوە لە دەوری یەک کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەین بۆ دابینکردنی ئاسایشی دەریایی لە کەنداو. بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە، ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوە میوانداریی کۆبوونەوەی ئەو وڵاتانە بکات"
ئەم هەنگاوەی لەندەن لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر رێڕەوە ئاوییەکان دروستکردووە و بەریتانیا دەیەوێت هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ بەرگرتن لە هەر هەڕەشەیەک لەسەر کەشتییە بازرگانییەکان پێکبهێنێت.
ستارمەر وەڵامی ترەمپ دەداتەوە
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەرگریی لە هاوپەیمانیی ناتۆ کرد و وەک "کاراترین هاوپەیمانیی سەربازی کە جیهان بەخۆیەوە بینیبێت" وەسفی کرد.
ئەم گوتانەی ستارمەر دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "دەیلی تەلەگراف" رەخنەی تووندی لە ناتۆ گرتبوو و بە "پڵنگی کارتۆنی" ناوی بردبوو، بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانییەکە ئامادە نییە بەشداری لە شەڕی دژی ئێراندا بکات.
ستارمەر جەختی لەوە کردەوە کە "ناتۆ بۆ چەندین دەیەیە ئاسایشی ئێمەی پاراستووە و ئێمە بە تەواوی پابەندین بەم هاوپەیمانییە."
کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی ئەم هەفتەیەی لەندەن، وەک ئاماژەیەک بۆ جەختکردنەوە لە رۆڵی بەریتانیا لە پاراستنی هاوسەنگیی هێز و ئاسایشی رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان لە کەنداو دەبینرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ