رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ وەک یەکەمین سەرۆک لە مێژووی ئەمریکا، بەشداری لە دانیشتنێکی دادگای باڵا کرد بۆ بەرگریکردن لە بڕیارى بە سنووردارکردنی پێدانی وڵاتینامە بەو منداڵانەی لە ئەمریکا لەدایک دەبن.
رۆژی چوارشەممە، 1ی نیسانی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە باڵەخانەی دادگای باڵا تاوەکو ئامادەی گفتوگۆ زارەکییەکان بێت لەسەر بڕیارێک کە پێدانی وڵاتینامە (بەهۆی لەدایکبوون لە خاکی ئەمریکا) سنووردار دەکات.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"، ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا سەرۆکی ئەمریکا لە نێو هۆڵی دادگای باڵا ئامادەی دانیشتنێکی لەو شێوەیە بێت.
ترەمپ پێش چوونە نێو دادگاکە بە رۆژنامەنووسانی گوت، ئەو بڕیارەیداوە ئامادە بێت "چونکە بۆ ماوەیەکی زۆرە گوێم لەم مشتومڕانە گرتووە."
سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "ئێمە تاکە وڵاتین لە جیهاندا کە هێندە گەمژە بین رێگە بە وڵاتینامەی منداڵی لەدایکبوو بدەین."
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم مافە تەنیا بۆ "منداڵی کۆیلەکان" بووە و هەرگیز بۆ کۆچبەران نەبووە.
رێکخراوی "یەکێتیی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمریکا" کە سکاڵای دژی بڕیارەکەى ترەمپ تۆمار کردووە، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەمە یەکێکە لە گرنگترین دۆسیەکانی سەت ساڵی رابردوو."
ئانتۆنی رۆمیرۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان ئامادەن لە نێو هۆڵی دادگا وانەی دەستووری ئەمریکا بە ترەمپ بڵێنەوە.
دادگاکانی ئەمریکا لە ساڵی 1898ـەوە بڕیاریانداوە کە بەپێی هەموارى چواردەیەمى دەستوور، هەر منداڵێک لەسەر خاکی وڵاتەکە لەدایکبێت، وڵاتینامەی پێ دەدرێت.
ئەم ململانێ یاساییە لە کاتێکدایە کە ترەمپ لە یەکەم رۆژی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە خولى دووەمی، فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو مافە دەستوورییەی واژۆ کرد کە زیاتر لە 125 ساڵە لە ئەمریکا جێگیرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ