رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئێوارەی چوارشەممە [بەرەبەیانی پێنجشەممە کاژێر 4:00 بە کاتی هەولێر] گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیی گرنگ بۆ گەلی ئەمریکا دەدات.
گوتارەکەی ترەمپ لە کاتێکدایە، پشتگیریی جەماوەریی بۆ خوار 40٪ دابەزیوە و زیاتر لە 55٪ـی ئەمریکییەکان لە سیاسەتەکانی ناڕازین. هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینە، جەنگی ئێران و لێکەوتە ئابوورییەکانییەتی؛ بۆ یەکەمجار لە چەندین ساڵی رابردوودا، نرخی هەر گالۆنێک بەنزین 4 دۆلاری تێپەڕاندووە و متمانەی بەکاربەرانی ئەمریکی بە ئابووریی وڵاتەکەیان لاواز بووە.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، ترەمپ لە گوتارەکەیدا جەخت لە سەر سەرکەوتنەکانی سوپای ئەمریکا دەکاتەوە لە پێکانی ئەو ئامانجانەی پێش ئۆپەراسیۆنەکە دیاریکرابوون، کە بریتین لە: تێکشکاندنی تەواوەتیی هێزی دەریایی ئێران. لەناوبردنی مووشەکەکان و کارگەکانی بەرهەمهێنانیان. بێدەنگکردنی گرووپەکانی سەر بە تاران لە ناوچەکەدا و گەرەنتیی ئەوەی تاران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەرۆکی ئەمریکا پەیامی دژبەیەکی لە سەر تەنگەی هورمز هەبووە. هەرچەندە رۆژی سێشەممە گوتبووی کردنەوەی تەنگەکە ئامانجێکی سەرەکی نییە، بەڵام رۆژی چوارشەممە لە ترووس سۆشیاڵ تۆنەکەی گۆڕی و نووسی: "تاوەکو تەنگەی هورمز بە تەواوەتی ئازاد و پاک نەبێتەوە، ئێمە ئێران تەخت دەکەین یان وەک دەڵێن، دەیانگەڕێنینەوە بۆ چاخی بەردین."
ترەمپ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ناتۆی هەژاندووە بەوەی داوای "پێداچوونەوە" بە ئەندامێتیی ئەمریکا لەو هاوپەیمانییەدا دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی وڵاتانی ئەورووپا ئامادە نەبوون پشتگیریی جەنگی ئێران بکەن. ئەمە جگە لەو زیانە دیپلۆماسییانەی پێشتر بەهۆی جەنگە بازرگانییەکان و هەڕەشەی ترەمپ بۆ کڕینی گرینلاند دروست ببوون.
سەرەڕای هەڕەشەکان، بازاڕەکان بە ئومێدەوە پێشوازییان لە ئاماژەکانی ترەمپ بۆ ئاگربەست کرد. رۆژی چوارشەممە نرخی نەوتی برێنت 2.7٪ دابەزی و گەیشتە 101.16 دۆلار و بۆرسەکانی جیهانیش هەڵکشانیان بەخۆیەوە بینی. بەڵام شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن کە تاوەکو تەنگەی هورمز، کە رێڕۆی 1/5ـی وزەی جیهانە نەکرێتەوە، مەترسییە ئابوورییەکان بە قورسی دەمێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ