مارکۆ روبیۆ: سوپای ئێرانمان تێکشکاند؛ لەناوبردنی پیشەسازیی درۆن و مووشەک ئامانجی سەرەکیمانە

رووداو دیجیتاڵ

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، نوێترین پێشهاتەکانی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسای خستە روو و رایگەیاند، سوپای ئەمریکا زۆربەی تواناکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەناو بردووە و جەنگەکە بەرەو قۆناخی کۆتایی هەنگاو دەنێت.
 
رۆژی چوارشەممە 01-04-2026 روبیۆ ئاشکرای کرد، ئەمریکا چوار ئامانجی سەرەکی لەم جەنگەدا هەبووە و لە هەموویاندا "لە پێش خشتەی کاتییەوەیە."
 
بە گوتەی روبیۆ، هێزی ئاسمانیی ئێران بە تەواوەتی وێران کراوە و زۆرینەی کەشتی و بەلەمە جەنگییەکانی ئێران لەناو براون و رێژەیەکی یەکجار زۆر لە سەکۆکانی هاوێشتنی مووشەکی ئێران تێکشکێندراون.
 
روبیۆ جەختی کردەوە، ئەمریکا خەریکی وێرانکردنی هەموو ئەو کارگە و کۆگەیانەیە، کە درۆن و مووشەکی تێدا بەرهەم دەهێنرێت.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هێرشی تووندی کردە سەر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و بە "درۆزن" وەسفیکرد. روبیۆ گوتی: "عێراقچی هەفتەیەک لەمەوبەر لە تەلەفزیۆنەوە دەیگوت ئێران هیچ مووشەکێکی نییە بگاتە شوێنە دوورەکان، کەچی دواتر دوو مووشەکیان ئاراستەی بنکەی (دیێگۆ گارسیا) کرد." روبیۆ گوتیشی، یەکێک لەو مووشەکانە شکستی هێناوە و ئەوی دیکەشیان لە لایەن ئەمریکاوە خراوەتە خوارەوە.
 
روبیۆ لەبارەی سەرکردایەتیی ئێران گوتی: "ئەمە رژێمێکە لە لایەن مەلایە شیعە تووندڕۆکانەوە بەڕێوە دەبرێت کە بڕوایان وایە ئەرکی ئەوانە کۆتایی بە جیهان بهێنن." وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، تاران خەریکی پیتاندنی یۆرانیۆم بووە تاوەکو ئاستی 60٪ و تەنیا 12 بۆ 14 رۆژی مابوو بیگەینێتە 90٪ کە ئاستی پێویستە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی. روبیۆ گوتی: "سەرۆک ترەمپ هەرگیز رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە قەیرانە ناوخۆییەکانی ئێران کرد و گوتی: "ئەمە وڵاتێکە تەنانەت کێشەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی هەیە. ئابوورییەکەیان داڕماوە و دوای ئەم ئۆپەراسیۆنە خراپتریش دەبێت." روبیۆ گوتیشی، خەڵکی ئێران رژاونەتە سەر شەقامەکان نەک تەنیا بۆ ئازادی، بەڵکو بەهۆی نەبوونی هەلی کار و تێچوونی زۆری ژیان، چونکە رژێم هەموو پارەکەی لە سپۆنسەرکردنی تێرۆر و دروستکردنی مووشەکدا خەرج کردووە.
 
روبیۆ رەخنەی لەوانە گرت کە دەڵێن دەکرا رێگری لەم جەنگە بکرێت و گوتی: "چەندین جار دەرفەتی دانوستاندنیان پێ درا، بەڵام ئەوان تەنیا خەریکی کات کوشتن بوون تاوەکو پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بدەن." وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی ئەمریکا وەک یەکێک لە باشترین و کاریگەرترین ئۆپەراسیۆنە تاکتیکییەکانی مێژووی نوێ دەمێنێتەوە.
 
روبیۆ لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکیی سەرۆک ترەمپ پاراستنی هاووڵاتیانی ئەمریکی و نەوەکانی داهاتووە لە هەڕەشەکانی ئێران و تاوەکو هەموو ئامانجەکان بەدی نەیەن، واز ناهێنن.