رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ چوونە نێو دووەم مانگی جەنگی ئێران، راپرسییە نوێیەکان دەریدەخەن دژایەتیی هاووڵاتییانی ئەمریکا بۆ جەنگەکە رووی لە زیادبوونە و زۆرینەیەکی رەها دژی هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی زەوینین لەنێو خاکی ئەو وڵاتەدا.
ناردنی هێز؛ هێڵی سووری ئەمریکییەکان
بەپێی راپرسییەکی هاوبەشی "ئیکۆنۆمیست و یوگەڤ"، تەنیا 14%ی ئەمریکییەکان پشتیوانی لە ناردنی هێزی زەوینی بۆ نێو ئێران دەکەن، لە بەرامبەردا 62% بە تووندی دژی ئەو بیرۆکەیەن.
ئەم دژایەتییە تەنانەت سنووری حیزبایەتیشی بڕیوە، بە جۆرێک ژمارەی ئەو کۆمارییانەی دژی ناردنی هێزی زەوینین (37%) کە زیاترە لەوانەی کە پشتیوانی لێ دەکەن کە (30%).
تەنانەت لە نێو بنکەی جەماوەریی دۆناڵد ترەمپیشدا، تەنیا 41%ی لایەنگرانی بزووتنەوەی (ماگا) لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی زەوینین. راپرسییەکی دیکەی "رۆیتەرز-ئیپسۆس" ئاماژە بەوە دەکات کە 55%ـی ئەمریکییەکان بە گشتی دژی بەکارهێنانی هەر جۆرە هێزێکی زەوینین، چ گەورە بێت یان بچووک.
تەنگژەی نرخ و هەڵبژاردنی تشرینی دووەم
ئەم ساردبوونەوەیەی شەقامی ئەمریکی بەرامبەر جەنگ، دەکرێ ببێتە کێشەیەکی سیاسیی گەورە بۆ ترەمپ.
ئێستا نرخی بەنزین گەیشتووەتە 4 دۆلار بۆ هەر گاڵۆنێک و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکاش ئامادەیییەکی کەمیان نیشانداوە بۆ هاوکاریکردنی واشنتن.
ئەم دۆخە کار دەکاتە سەر هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە تشرینی دووەمی داهاتوو، کە رەنگە ئاراستەی دوو ساڵی کۆتایی دەسەڵاتی ترەمپ دیاری بکات.
ناکۆکیی نێوان گوتاری کۆشکی سپی و پلانی پێنتاگۆن
رۆژنامەی "واشنتن پۆست" بڵاویکردووەتەوە کە پێنتاگۆن خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەوینی کە رەنگە چەند هەفتەیەک بخایەنێت و ئامانج لێی دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارک و وێرانکردنی ئەو چەکانەیە کە لە کەناراوەکانی ئێرانەوە کەشتییە بازرگانییەکان دەکەنە ئامانج. ئەمە لە کاتێکدایە ترەمپ لە کۆتایی مانگی رابردوو بە رۆژنامەڤانانی گوت: "هیچ سەربازێک رەوانەی هیچ شوێنێک ناکەم."
قوربانییەکان و ویستی کۆتاییهێنان بە جەنگ
پێچەوانەی جەنگی عێراق لە ساڵی 2003، جەنگی ئێران لە سەرەتاوە لای شەقامی ئەمریکی پەسند نەبوو. ئێستا 63%ـی ئەمریکییەکان ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی سوپای وڵاتەکەیان بە "قبووڵنەکراو" دەزانن.
ئەنجامی راپرسییەکان دەریدەخەن کە کاری لەپێشینەی ئەمریکییەکان جیاوازە:
92% دەڵێن گرنگە جەنگەکە لە زووترین کاتدا کۆتایی بێت.
73% دەڵێن گرنگە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە هەمیشەیی رابگیرێ.
66% پێیان باشە ئەمریکا لە جەنگەکە بکشێتەوە، تەنانەت ئەگەر هەموو ئامانجەکانیشی لە نێو ئێراندا نەپێکابێت.
لە کاتێکدا کۆشکی سپی هەوڵ دەدات وا نیشان بدات کە ئامانجە سەربازییەکان بەدیهاتوون و "گۆڕینی رژێم" بە کردەیی روویداوە، بەڵام راستییەکانی مەیدانەکە وەک بەردەوامیی دەسەڵاتی تاران و پەککەوتنی هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز، وای کردووە زۆرینەی ئەمریکییەکان (51%) پێیان وابێت کارەکان "بە باشی بەڕێوە ناچن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ