چاوەڕوان دەکرێت راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا واز لە پۆستەکەی بهێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
چاوەڕوان دەکرێت مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و ئەلێکس وۆنگی جێگری واز لە پۆستەکانیان بهێنن.
 
میدیای ئەمریکا دەڵێت، بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو، مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و ئەلێکس وۆنگی جێگری واز لە پۆستەکانیان دەهێنن. 
 
پێشهاتەکە لە کاتێکدایە، مایک وۆڵتز لە مانگی ئاداردا رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە، ئەوەش دوای هەواڵێکی تایبەت بە دروستکردنی گرووپ چاتێکی سیگنەڵ کە جێفری گۆڵدبێرگی سەرنووسەری گۆڤاری ئەتڵەنتیکی ئەمریکی تێدا زیادکرابوو. گرووپ چاتەکە تایبەت بوو بە هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆسەر حووسییەکانی یەمەن و زانیاری هەستیاری تێدا باس کرا بوو. 
 
دوای ئەوەی پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و توڵسی گابار، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی رەتیانکردەوە هیچ زانیارییەک لەو گرووپ چاتەدا بڵاوکرابێتەوە، گۆڵدبێرگ هەندێک زانیاری بڵاوکردەوە، لەوانەش کاتی بەئامانجگرتنی حووسییەکان و ئەو چەکانەی بەکارهێندراون. 
 
میدیای ئەمریکا دەڵێت، مایک وۆڵتز لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا دانی بەوەدا ناوە زانیارییەکەی گۆڵدبێرگ راستە، بەڵام ئەو کاتە نە وۆڵتز پێشنیازی ئەوەی کرد واز لە پۆستەکەی بێنێت و نە ترەمپیش داوای لێکرد ئەو کارە بکات. دواتر سەرۆکی ئەمریکا پاڵپشتی خۆی بۆ وۆڵتز راگەیاند و بە "پیاوێکی باش" ناوی برد کە "وانەیەک فێر بووە". 
 
وۆنگ لە یەکەمین خولی سەرۆکایەتیی ترەمپدا لە ساڵانی 2017-2021 وەک جێگری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری کۆریای باکوور کاری کرد و کاتێکیش ترەمپ لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا وۆنگی کردە جێگری وۆڵتز، رایگەیاند، وۆنگ یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی لووتکەی ساڵی 2019 لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون بۆ رێکبخات.