رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئەمنیی ئۆکراینا رایگەیاند، هێرشێکی درۆنییان کردە سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازیی رووسیا. دەشڵێت، لەو هێرشەدا 40 فڕۆکەی سەربازیی رووسیایان لەنێوبردووە. ئەمە لە کاتێکدا بڕیارە سبەی کۆبوونەوەی راستەوخۆی شاندی رووسی و ئۆکراینی بۆ ئاگربەست لە شاری ئیستەنبووڵ بکرێت.
رۆژی یەکشەممە، 1ی حوزەیرانی 2025، بەرپرسێکی ئەمنی ئۆکراینا بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوەکەی رایگەیاند، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا سەرپەرشتیی پلانی هێرشە درۆنییەکەی بۆ سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازی رووسیا کرد کە دیارترینیان بکەی ئاسمانی بیلایا بووە لە هەرێمی ئیرتوتسک. بنکەکە چوار هەزار کیلۆمەتر لە ئۆکراینا دوورە.
بە گوێرەی ئەو بەرپرسە ئۆکراینیە، داڕشتنی پلانەکە پێویستی بە ساڵ و نیوێک بووە. ئیگۆر کۆبزیڤ، پارێزگاری ئیرتوتسک رایگەیاند، یەکەمجارە ئۆکراینا بە درۆن هێرشبکاتە سەر ناوچەکانیان و درۆنەکانیش لەنێو بارهەڵگرێکەوە هەڵدراون.
بەرپرسانی ئۆکراینا پێشبینی دەکەن زیانی هێرشەکەیان بۆ سەر رووسیا دوو ملیار دۆلاری ئەمریکی بێت.
هەروەها، بەرپرسانی هەریەک لە هەرێمەکانی ریازان و مورمانسک ئاماژەیان بەوە کردووە کە دوانیوەڕۆی ئەمرۆ ئۆکراینا بە درۆن هێرشیکردووەتە سەر ناوچەکانیان، بەبێ ئاماژەکردن بە زیانەکان.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لەبارەی هێرشکانەوە لە تێلیگرام بڵاویکردەوە، "لە هەریەک لە هەرێمەکانی مورمانسک و ئیرکوتسک، بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە لە ناوچەیەکی نزیکەوە ژمارەیەک فرۆکە سووتان". دەشڵێت، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و ژمارەیەک لەو کەسانەی "بەشداری" هێرشەکەیان کردووە دەستگیرکراون.
ئەو هێرشە درۆنیانە لەکاتێکدان بڕیارە سبەی کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندکاری ئۆکراینا و رووسیا بۆ ئاگربەست لە ئیستەنبووڵ کۆببنەوە. روستەم ئومەرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا سەرۆکایەتی شاندی ئۆکراینی دەکات.
زیاد لە سێ ساڵە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکردووە. لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە ئیدارەی ئەمریکا دەیەوێت جەنگەکە کۆتاییبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لە چەند ئاگربەستێکی کورتمەودا و رێککەوتن بۆ ئاڵوگۆڕی دیل کۆتایی هاتنی جەنگی لێ نەکەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ