گالەری

رووداو دیجیتاڵ

مەزارگەی ئیمام حوسێن لە قاهیرە جمەی دێت لە زیارەتکارانی ژن و پیاو، گریان و دڵتەنگی بە رووی زیارەتکاران دەبینرێت، بە تایبەتی کاتێک ئەو کڵاوە دەبینن، کە لەسەر گۆڕەکەی دانراوە، وەکو نیشانەی سەری ئیمام حوسێن کە دەڵێن لەوێ نێژراوە.
 
مزگەوتی ئیمام حوسێن لە قاهیرە، لە سەردەمی فاتمییەکان لە ساڵی 549ـی کۆچی (بەرامبەر بە 1154ـی زایینی) دروستکراوە، دەکەوێتە قاهیرەی کۆن لە تەنیشت بازاڕی دێرینی شارەکە خان خەلیل و مزگەوتی ئەزهەرە. 
 
مزگەوتەکە بە ناوی ئیمام حوسێن ناونراوە، بە پشتبەستن بە گێڕانەوەی کۆمەڵێک مێژوونووس، دەڵێن سەری ئیمام حوسێنی کوڕی ئیمام عەلی لەوێ بە خاک سپێردراوە، بەپێی گێڕانەوەکان خەلیفەی فاتمی فەرمانڕەوای میسر لە کاتی هێرشی خاچ پەرستەکان بۆ فەلەستین و لە ترسی زیان گەیاندن بە گلکۆی سەری ئیمام حوسێن، لە شاری ئەسقەلانی فەلەستینەوە گوێزراوەتەوە بۆ قاهیرە، لە شوێنی ئێستا نێژراوە و مزگەوتەکەشیان لە هەمان ساڵ لە 549ـی کۆچی هەر لەوێ دروستکردووە.
 
لەنێو مێژوونووسان رای جیاواز هەیە لە دیاریکردنی شوێنی ناشتنی سەری ئیمام حوسێن، دەگوترێت لە قاهیرە، دیمەشق، کەربەلا، مەدینە یان ئەسقەلانە، جگە لەوەش بەشیکی دیکەیان دەڵێن شوێنەکەی نادیارە.
 
ئیمام حوسێن (سەلامی خوای لەسەر بێت)، کوڕی فاتیمەی کچی پێغەمبەرە (د.خ)، لە ساڵی 61ی کۆچی (بەرانبەر 680ی زایینی) لە کەربەلا لە سەردەمی یەزید کوڕی معاوییە خەلیفەی ئەمەوییەکان کوژراوە و سەری لە لاشەی جیا کراوەتەوە، جەستەی لە کەربەلا نێژراوە، سەریشیان ناردووە بۆ دیمەشق و دوای ئەوە دەگوترێت شوێنی سەری گوازراوەتەوە.