رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا و سەرۆککۆماری فەرەنسا دوای زیاتر لە سێ ساڵ بە تەلەفۆن قسەیان کرد و باسی جەنگی ئۆکراینا و پرسی ئەتۆمیی ئێرانیان کرد.
رۆژی سێشەممە 1-7-2025 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا ناسراو بە ئیلیزێ بڵاویکردەوە، ئیمانوێل ماکرۆن داوای لە ڤلادیمیر پووتین کردووە "بە زووترین کات" رەزامەندی لەسەر ئاگربەست بۆ جەنگی ئۆکراینا دەربڕێت، ئەوەش یەکەم پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئاشکرای نێوان هەردوو سەرۆکەکەیە لەو کاتەوەی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی 2022ـەوە هەڵگیرساوە.
کۆشکی ئیلیزێ دەڵێ، ماکرۆن "جەختی لە پشتگیریی نەگۆڕی فەرەنسا بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا کردووەتەوە" و "داوای کردووە بە زووترین کات ئاگربەست رابگەیێندرێت و گفتوگۆ لەنێوان ئۆکراینا و رووسیا بۆ چارەسەرێکی پتەو و هەمیشەیی بۆ جەنگەکە دەستپێبکات".
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیاش دەڵێت، پووتین بە ماکرۆنی راگەیاندووە هەر چارەسەرێک بۆ ئەو جەنگە دەبێ "ماوەدرێژ بێ".
بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و ئەو وڵاتە بووە.
سەرۆکایەتیی فەرەنسا گوتی: "هەردوو سەرۆک بڕیاریان داوە هەوڵەکانیان هاوئاهەنگ بکەن و بەم زووانە قسە بکەنەوە بۆ ئەوەی پێکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکەن".
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیاش بڵاویکردەوە، ڤلادیمیر پووتین بە ماکرۆنی راگەیاندووە کە ئێران مافی خۆیەتی بە مەبەستی ئاشتییانە سوود لە وزەی ئەتۆم وەربگرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ