رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "گرنگە کارەکانی بۆریی نەوتی عێراق و تورکیا دەستپێبکەنەوە."
ئەو گوتەبێژە دەڵێت: "گرنگە حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەستبەجێ دەست بە کارەکانی بۆریی عێراق و تورکیا بکەنەوە."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "کاری سێ کۆمپانیای ئەمریکی بەهۆی داخستنی بۆرییەکەوە راستەوخۆ زیانی بەرکەوتووە."
هاوکات راشیگەیاند: "بەردەوام داوامان لە هەموو لایەنەکان کردووە پرسەکان چارەسەر بکەن و دواخستنی تاوەکو کاتێکی نادیار قبووڵ ناکەین."
لەبارەی زیانە ئابوورییەکانی عێراق لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوت ئەو گوتەبێژە باس لەوە دەکات کە "داخستنی ئەو بۆرییە پێشکەوتنی ئابووریی عێراقی خنکاندووە و بووەتە هۆی لاوازبوونی بیزنیزی ئەمریکی و یارمەتیدانی بەهێزبوونی کاریگەریی ئێران."
دەقی پرسیار و وەڵامەکەی رووداو و گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
رووداو: ئایا بەم دواییانە لەگەڵ هەریەک لە هەولێر و بەغدا سەبارەت بە پرسەکانی بودجە و نەوت و گاز پەیوەندیتان هەبووە؟ ئایا هیچ رۆڵێکتان لە ئاسانکاریی گفتوگۆ لەنێوان هەردوولادا گێڕاوە؟
گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: زۆر گرنگە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بەپەلە دەست بە کارپێکردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا بکەنەوە. داخرانی بۆرییەکە راستەوخۆ زیانی بە کاری سێ کۆمپانیای ئەمریکی گەیاندووە. ئەمە جێی قبووڵ نییە. ئێمە چەندین جار داوامان لە هەموو لایەنەکان کردووە کێشەکانیان چارەسەر بکەن و دواخستن بۆ کاتێکی نادیار قبووڵ ناکەین.
داخرانی بۆرییەکە جگە لە پەکخستنی گەشەی ئابووریی عێراق، بیزنیزی ئەمریکی لاواز دەکات و یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی هەژموونی ئێران. ئەم پرسە پێویستە چارەسەر بکرێت، ئەویش بە زوویی.
بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا رێڕەوێکی جێگرەوەی گرنگی نەوت بۆ گەیشتن بە بازاڕە جیهانییەکان دابین دەکات کە سوودی بۆ ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەروەها ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە هەیە لەوێ کاردەکەن. کردنەوەی سوودی بۆ ئەمریکا، هەرێمی کوردستان، عێراقی فیدراڵ و هەرێمەکەش بە گشتی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ