رووداو - ئەڵمانیا
هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 22ی ئەیلول كاندیدە كوردەكانی دڵخۆش نەكرد، چونكە هیچیان دەنگی پێویستیان نەهێنا بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی ئەڵمانیا، بەڵام ژمارەیەك لە كاندیدە توركەكان گەیشتنە پەرلەمان.
10 پەرلەمانتاری بەرەچەڵەك تورك دەرچوون
بەگوێرەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، پارتی كریستیانی دیموكرات (CDU) بە سەرۆكایەتی ئەنگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا، 41%ی دەنگەكانی هێنا. پارتی سۆسیال دیموكرات(SPD) جارێكی دیكە بووە هێزی دووەم و رێژەی 25%ی دەنگەكانی هێنا. هەروەها پارتی چەپ (Die Linke) بە بەدەستهێنانی 8.6%ی دەنگەكان و پارتی سەوزەكان (Die Grunen) بە بەدەستهێنانی 8.4%ی دەنگەكان چوونە نێو پەرلەمان.
بەڵام پارتی ئازادیی دیموكرات FDP كە هاوپەیمانی پارتەكەی مێركڵ بوو لە حكومەت، رێژەی دەنگەكانی بە جۆرێك لە كورتی دا كە نەیتوانی بگاتە پەرلەمان. بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەڵمانیا، هەر حیزبێك 5%ی دەنگەكان نەهێنێ ناگاتە پەرلەمان، پارتی ئازادیی دیموكرات تەنیا 4.8%ی دەنگەكانی بەدەستهێنابوو. ئەو پارتە لە ساڵی 1949وە ئەوە یەكەمجارە نەگاتە پەرلەمان.
سوپرایزی هەڵبژاردنەكانیش پارتی ئەلتەرناتیڤی ئەڵمانیا (AFD) بوو كە ماوەیەكی كەمە لەلایەن چەند ئابووریناسێكەوە دامەزراوە و دژی سیستەمی پارەی یورۆیە لە ئەڵمانیا. ئەم پارتە كە یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات، توانی رێژەی 4.7%ی دەنگەكان بەدەستبێنێ، بەڵام نەیتوانی رێژەی پێویست بۆ گەیشتنە پەرلەمان بباتەوە.
بەڵام ئەوەی بەلای شارەزایانی سیاسییەوە جێی سەرنج بوو، دەرچوونی كاندیدە توركەكان بوو. لە هەڵبژاردنی رابردوودا 4 پەرلەمانتاری بە رەچەڵەك تورك هەبوون، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەیان گەیشتە 10 پەرلەمانتار.
تۆپەكە لە گۆڕەپانی مێركڵ- دایە
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، هیچ پارتێك ناتوانێ بە تەنیا حكومەت پێكبێنێ. (CDU) كە زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، لە رۆژانی داهاتوودا دەست بە دانوستاندن دەكات بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی. ئەنگێلا مێركڵ رایگەیاند كە ئەوان ئەنجامێكی زۆرباشیان بەدەستهێناوە. هەروەها گوتی ئەوان بەرپرسیارانە بەرگری لەو متمانەیە دەكەن كە لەلایەن خەڵكەوە پێیاندراوە.
پێر شتاینبروك، سەرۆكی لیستی (SPD) گوتی ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی مێركڵ- دایە و دەبێ لەئێستاوە لە هاوبەشێك بگەڕێت. لەلایەكی دیكەوە فیلیپ رۆسلەر، سەرۆكی (FDP) دڵگرانی خۆی دەربڕی و گوتی “ئەوە ناخۆشترین سەردەمە لە مێژووی (FDP)دا.”
یورگێن تریتن، سەرۆكی لیستی پارتی سەوزەكان لەبارەی دابەزینی دەنگەكانیان گوتی كە ئەوان هەوڵی جددی دەدەن بۆ راستكردنەوەی ئەو حەقیقەتە تاڵە. گرێفۆر گیسی، سەرۆكی فراكسیۆنی (Die Linke)ش ئاماژەی بە مێژووی پارتەكەی دا و گوتی “كێ باوەڕی دەكرد پارتەكەمان لە ساڵی 1990 دەبێتە هێزی سێیەم لەنێو پەرلەماندا.”
كورد دەرنەچوون
نزیكەی 10 كاندیدی كورد لەنێو پارتەكانی ئەڵمانیادا هەبوون، هەرچەندە پێشبینی دەكرا ئایتەن كاپلان، بەهیە ئوجا لەسەر لیستی پارتی چەپ (Die Linke) و بێریڤان ئایمازیش لەسەر لیستی پارتی سەوزەكان (Die Grunen) بگەنە پەرلەمان، بەڵام هیچ كاندیدێكی بە رەچەڵەك كورد دەرنەچوو.
بەهیە ئوجا، كە خوشكی فەلەكناس ئوجا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپایە، سوپاسی دەنگدەرانی كرد و گوتی سەرباری دەرنەچوونیشی، بەڵام سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە “ئەوە یەكەمجارە پارتەكەم لە هەرێمی سێللە كە من لێی كاندیدكرابووم، ئەو ژمارە زۆرەی دەنگ بهێنێت، ئەوەش سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ من”. هەروەها ئایتەن كاپلانیش دڵخۆشی خۆی نیشاندا كە پارتەكەی سێیەم بووە لەو هەڵبژاردنەدا.
كورد لە ئەڵمانیا ئاغایانە بیردەكاتەوە
عەلی ئاتالان، كاندیدی پارتی چەپ (Die Linke) لە ناوچەی جۆوسفێڵد لەبارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بە (رووداو)ی گوت كە پێویستە كورد لەمەودوا تێڕوانینی خۆی بۆ پارتەكانی ئەڵمانیا بگۆڕێ. ئاتاڵان كە كۆنە پەرلەمانتاری ویلایەتی نۆردراین- ڤێستفالنە، ئاماژەی بەوەدا كە زۆربەی ئەو كاندیدە كوردانەی بەشدارییان كردبوو وەكو كاندیدی راستەوخۆی هەرێمەكان دیاریكران. ئەوانەی لە ریزی ویلایەتەكاندا بوون لە ریزی كۆتاییدا بوون. بەڵام گەورەترین هەڵە ئەوەیە كە خۆكاندیدكردنی كوردەكان لەسەر بنەمای عاتیفەیە “من بۆ خۆم بەشێوەیەكی سیمبۆلی بوومە كاندیدی راستەوخۆی ئەو ناوچەیەی لێی دەژیم. هەڵبەت دەتوانین بڵێین كە كاندیدی راستەوخۆی پارتەكانی وەكو پارتی چەپ (Die Linke) و (FDP) و پارتی سەوز (Die Grunen) لە ناوچەكان دەرفەتی دەرچوونیان كەمە”.
عەلی ئاتالان هەروەها گوتی “ئێمە لە ئەڵمانیاش هەر وەكو كوردستان بیردەكەینەوە، پێشتر لە وڵاتی خۆمان ئاغاكان هەبوون دەچوونە لای پارتەكان و دەیانگوت ئەوەندە دەنگمان هەیە و كوڕەكەمان بكەنە پەرلەمانتار. ئینجا ئەگەر پارتەكە داواكارییەكەی قبوڵ نەكردبا، دەچوونە لای پارتێكی دیكە. كورد ئێستا بەهەمانشێوە لە ئەڵمانیا رەفتار دەكەن.”
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ