ئیبراهیم جەعفەری بۆ رووداو: پێشوازی لە هەوڵەکانی رووسیا بۆ شەڕی داعش دەکەین

01-10-2015
مه‌جید نیزامه‌دین گلی
...
...
نیشانەکردن نەتەوە یەکگرتووەکان ئیبراهیم جەعفەری
A+ A-
رووداو - نیویۆرک

وەزیری دەرەوەی عێراق تایبەت بە رووداوی راگەیاند:" پێشوازی لە هەوڵەکانی رووسیا بۆ شەڕی داعش دەکەن، دوایین هەڵوێستی عێراقیش لەسەر بەشداریی رووسیا لە شەڕی دژی داعش ئاشکرا دەکات و دەڵێت:" عێراق کراوەیە بۆ بەشداریی وڵاتان لە شەڕی داعشدا".

وەزیری دەرەوەی عێراق کە ئێستا لەگەڵ شاندی عێراقی بەشداری کۆبوونەوەی لوتکەی ٧٠ــیەمینی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بە رووداوی راگەیاند:" دەست دەخەینە ناو دەستی هەرلایەنێک کە دەست درێژبکات بۆ یارمەتیدانی عێراق". ئاشکراشی کرد دەبێت هاوکاری وڵاتان لە شەڕی داعش هاوتا بێت لەگەڵ یارمەتییەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، چونکە وەک جەعفەری دەڵێت:" ئەگەر پێچەوانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بێت عێراق نایەوێت".

ئبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق  هەروەها رایگەیاند کە"پەیام و ئامانجی عێراق لەم لوتکەیە کۆکردنەوەی زۆرترین پشتگیری نێودەوڵەتییە بۆ بابەتی ئەمنی و لۆجستی و مرۆیی و خزمەتگوزاری"، گوتیشی" هەوڵدەدەین کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئەزموونی عێراق تێبگات بەتایبەتی لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا".

لەبارەی پێشنیاری رووسیا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی نوێ بۆ بەرەگاربوونەوەی داعش ئبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی"ئێمە سوود لە هەموو دەرفەتێک دەبینین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی عێراق. دەست دەخەینە ناو دەستی هەرلایەنێک کە دەست درێژ بکات بۆ یارمەتیدانی عێراق".

ئەو هەروەها گوتی "پێش ساڵێک هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە دژی داعش لەم بینایە دروست کراو و یارمەتی ئێمەی دا. ئێمە کراوەین بۆ هەر یارمەتییەک جا ئەگەر ئەو یارمەتییە لە وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بێت یان لە دەرەوەی ئەو هاوپەیمانێتیە، چونکە عێراق تەحەدای گەورەی لە پێشە، بەڵام بە مەرجێک ئەو یارمەتییە هاوتا بێت لەگەڵ یارمەتیەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و بە پێچەوانەی هاوپەیمانێتیەکی نێودەوڵەتی دیکە نەبێت".

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات "ئێمە نامەنەوێت بەتایبەتی یارمەتی سەربازی وڵاتان دابڕاو و پێچەوانەی یارمەتی وڵاتانی دیکە بێت".

لەبارەی هەڵوێستی عێراق لە پێشنیاری رووسیا بۆ بەشداریکردنی حکومەتی سووریا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە دژی داعش. ئبراهیم جەعفەری گوتی "ئەوەی لەسەر عێراقە بەشداریکردنە لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، بەڵام ئێمە کراوەبووینە بۆ بەشداری وڵاتانی دەرەوەی ئەو هاوپەیمانێتییە وەکو چین و کۆماری ئیسلامی لە ئێران. ئێمە خۆمان بە هیچ وڵاتێک نەبەستوەتەوە". 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە