رووداو دیجیتاڵ
د. عەلی قەرەداخی، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی زانایانی موسڵمان سەردانی ئەفغانستانی کرد و لە کابوولی پایتەختی ئەو وڵاتە لەگەڵ وەزیری دەرەوەیان کۆبووەوە و پەسنی زانایان و سەرکردەکانی ئەو وڵاتەی دا و گوتی: "لەسەر دەستی ئەوان خێری زۆری بۆ ئەفغانستان هاتووە."
د. عەلی قەرەداخی، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی زانایانی موسڵمان، دوێنی پێنجشەممە، 30-11-2023 بەسەردانێک گەیشتە کابوولی پایتەختی ئەفغانستان کە لە مانگی ئابی ساڵی 2021ـەوە لەلایەن بزووتنەوەی تالیبانەوە بەڕێوەدەبرێت و لەگەڵ ئەمیر خان موتەقی، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان کۆبووەوە.
دوای دابەزینی لە فڕۆکەخانەی کابوول، د. عەلی قەرەداخی لە فڕۆکەخانە، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسان و زانایانی ئایینی ئیسلام قسە دەکات و گوتارێک پێشکێشدەکات و تێیدا دەڵێت: "ئێمە بە نوێنەرایەتی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان هاتووین کە ژمارەیەک زانایانی ئایینیی موسڵمانی تێدایە، سوپاسی خۆمان بگەیێنینە ئێوە."
د. عەلی قەرەداخی، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی جیهانیی زانایانی ئایینی ئیسلام لە کابوول پێشنوێژی بۆ شاندی باڵای ئەمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان و یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان دەکات کە بۆ پرسە ئیسلامییەکان و جەنگی غەززە کۆببوونەوە. pic.twitter.com/W224aMjs7v
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 1, 2023
د. عەلی قەرەداخی دەشڵێت: "بە ئەرکی خۆمانی دەزانین بۆ دیداری برایانمان لە زانایان و سەرکردەکان ئەوانەی خوای گەورە لەسەر دەستی ئەوان خێری زۆری بەدیهێنا، لەسەر دەستی ئەوان خوای گەورە ئەم وڵاتە پیرۆزەی فەتح کرد و سەرخستنی خوای گەورەیان لەگەڵدا بوو کە بۆ سەر بەندەکانی دایدەبەزێنێت."
د. عەلی قەرەداخی، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی زانایانی موسڵمان، باسی ئەوەشدەکات کە نزایان بۆ دەکەن و، بەدیهێنانی هاوسەنگی لەنێوان هەردوو تای تەرازوو بە پێویست دەزانێت و دەڵێت: "ئێمە بەردەوام نزای سەرکەوتنی زیاتر و بەدیهینانی هەردوو تای تەرازوو دەکەین کە تای بەندایەتی بۆ خوای گەورە و تای شارستانیبوون، زانست و ئاوەدانکردنەوەی شتی دیکەن."
د. عەلی قەرەداخی، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی زانایانی موسڵمان، لە قسەکانیدا ئەوەش دەڵێت: "ئێمە هەموومان یەک ئومەتین و ئەرکمان ئەوەیە ئەرکمان بەرامبەر بە براکانمان بەجێبگەیێنین کە راستییەکەی ئەوان بەشێکن لە ئێمە."
سەبارەت بە ئەفغانستانیش دەڵێت: "ئێمە خێر و بێری زۆر لە ئەفغانستان دەبینین، پشتیوان بەخودا ئەو نەهامەتییانە بە پشتیوانی خودا بۆ بەخشین وەردەچەرخێت، ئەگەر پشتمان بە خودا بەست و هۆکارەکانمان رەچاوکرد."
لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت: "جارێکی دیکە سوپاسی ئەم ئیمارەتە بە سەرکردایەتی ئەمیر و گەل و حکومەت دەکەین و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین، هەروەها سوپاسی دەوڵەتی قەتەر، ئەمیر و حکومەت و گەل دەکەین کە ئامادەسازیی پڕۆسەی ئاسانی گەیشتن بەم وڵاتە خۆشەویستەی کرد."
لەوەتەی تاڵیبان هاتووەتە دەسەڵات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەچڕی چاودێریی شێوازی حوکمڕانیی دەکات، بەتایبەتی لەڕووی مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان و بەرجەستەکردنی مافەکانیان. بەرپرسانی تاڵیبان دەڵێن، ماف و ئازادیی ژنان لە چوارچێوەی شەریعەتی ئیسلام دەپارێزن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ