كۆچبەرێك چیرۆكی حەوت شەو مانەوەی لە دەریادا دەگێڕێتەوە

02-03-2018
زامدار ئەحمەد
نیشانەکردن کۆچبەر ئیتاڵیا کۆچبەران
A+ A-

رووداو- هەولێر

"لەدوای پێنج شەو رێكردن بە دەریادا یەختەكەمان كون بوو، ئومێدی ژیانمان نەما، شەپۆلی دەریا هێندەی دیكە ئێمەی ترساند، بووە فڕكان فڕكان و بەپەلە چووپەكانمان پڕ كرد لە هەوا و بەرەو سەرەوەی یەختەكە رامانكرد".

محەممەد، لە بەریتانیاوە سەرگوزەشتەی خۆی لەگەڵ رێی قاچاخی نێوان توركیا و ئیتالیا بۆ هەفتەنامەی (رووداو) گێڕایەوە و گوتی: "سەرەتای مانگی حەوت چوومە توركیا، دەیان قاچاخچیم گۆڕی، بڕیارم دابوو تەنیا بە ڕێگەی ئاویی نێوان توركیا-ئیتاڵیادا بڕۆم و خۆم لە شەقی پۆلیس و پەنجەمۆری بولگاریا لادەم. گوتم یان دەردەچم یان تێدەچم".

محەممەد گێڕایەوە كە دوو جار لەگەڵ كۆچبەران چووەتە كەناری دەریا و هەردوو جارەكە لە شوێنی چاوەڕوانیی یەخت پۆلیس بەسەریدا داون، جاری یەكەم دەستگیر كراوە و جاری دووەم رایكردووە. لەدوای دوو مانگ چاوەڕوانی، رۆژی یەكی ئەیلوول كە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان بوو،‌ بەرەو یۆنان سواری یەختێكی 10 مەتری بوو. 

محەممەد بەو جۆرە وەسفی كەشی نێو یەختەكە دەكات: "یەختەكە 75 كۆچبەری تێدابوو، سێ كاپتنی رووسی ڕێبەرایەتیان دەكردین، لەگەڵ جووڵەكردنی یەختەكەمان، دەنگی نزا و پاڕانەوە بەرز بووەوە، بەتایبەتی ئافرەتەكان بەبەردەوامی دەپاڕانەوە، كۆچبەران هەر ئایەتێكی قورئانیان دەزانی، دەیانخوێند".

بەر لەوەی بچنە كەناری دەریا، قاچاخچییەكان پێیاندەڵێن تەنیا لیمۆ و سێو و چوكولات لەگەڵ خۆیان بەرنە نێو یەختەكە. لەگەڵ چوونە نێو یەختەكە پێیاندەڵێن بەهیچ شێوەیەك وێنە ناگرن و مۆبایلەكانتان دەكوژێننەوە. محەممەد گوتی كۆچبەرێك وێنەی گرت، كاپتنی یەختەكە بینی، یەكسەر مۆبایلەكەی لێوەرگرت و فڕێی دایە نێو دەریاوە.

كۆچبەرانی نێو یەختەكە دەرفەتی دانیشتنیان كەم بوو، هەموویان لەسەر جانتاكانیان دانیشتبوون. كات ناڕوات و دەڵێی كاژێرەكان لەكاركەوتوون. محەممەد دەڵێت  "تێپەڕینی شەو و ڕۆژ بە ئەندازەی ساڵێك بوو، بەردەوام برسیمان بوو، تەنیا دەمانتوانی لەتێك سێو و لەتێك لیمۆ و پارچەیەك میترۆ (چوكولات) بخۆین، لەدوای خواردنی ئەمانە دەستبەجێ دەڕشاینەوە و ئەو كەمە خواردنەمان دەهێنایەوە، چونكە یەختەكە لەنگەلەنگی زۆری دەكرد، گەدەمان تێكدەچوو، بە ئاسانی هەواگۆڕكێ نەدەكرا و هەناسەمان قورس دەبوو".

محەممەد زۆرتر لەبارەی كەشی نێو یەختەكە قسە دەكات و دەڵێت: "نێو یەختەكە زۆر گەرم بوو، سەقفی یەختەكە، پەنجەرەیەكی لەشێوەی سەقف سلایدی ئۆتۆمبێلی پێوەبوو، جاروبار دەمانكردەوە. بەڵام هەندێ جار بەهیچ شێوەیەك نەماندەتوانی ئەو پەنجەرەیە بكەینەوە، چونكە شەپۆلی ئاو بە ئەندازەی شەش بۆ حەوت مەتر بەرز دەبووە و یەختەكەمانی دادەپۆشی، هەر لەو كاتەشدا ئاو هاتە نێو یەختەكەوە، بەپەلە ئاوەكەمان لە سەتڵ دەكرد و رێبەرەكانیش هەڵیاندەدایە دەرەوە".

كۆچبەرەكان پێنج شەویان بڕیوە و دوو شەویان ماوە بگەنە كەناراوەكانی ئیتالیا، تا یەختەكە بەرەو پێش دەڕوات، زیاتر ئومێد لە روخساری كۆچبەراندا بەدی دەكرێ، بەڵام شەوی پێنجەم شەوێكی شووم بوو بۆ ئەوان. محەممەد دەڵێت: "ئەو شەوە یەختەكەمان بەهۆی شەپۆلی بەهێزی دەریاوە كون بوو، كۆچبەران مشەوەش بوون و دەستیان بە هاوار كرد، ئیدی دەبوو هەر كەس خۆی لە مردن رزگار بكا. 

بەپەلە چووپەكەم پڕكرد لە هەوا و بەرەو سەرەوەی یەختەكە سەركەوتم و بە جەستە لەرزینەوە چاو لەو ئاوە دەكەین كە دێتە نێو یەختەكەمانەوە و هیچ دەسەڵاتێكمان نییە، بەنیازم لەدوای نقومبوونی یەختەكە، بە چووپەوە خۆ هەڵدەمە نێو ئاوەكە! باوەڕیشم وایە رزگاربوونم ئەستەمە، راستە مەلە دەزانم و چووپم لایە، وەلێ مەلە لە دەریادا ناكرێ، بە تایبەت كە ئاوەكەی سوێرە و شەپۆلەكانی بەهێزە".

محەممەد، لەدوای شازدە ساڵ خوێندن و بوونی بە پارێزەر، لە شاری كۆیەوە بەرەو ئەوروپا سەری هەڵگرت. ئەو لە درێژەی گێڕانەوەی ئەو چیرۆكەدا دەڵێ: "ئێمە ترسمان هەبوو لەنێوبچین، بەڵام سێ كاپتنەكە كۆڵیان نەدا، هەوڵیان دەدا ئەو كونەی یەختەكە بگرن و رێگەی هاتنە ‌ژوورەوەی ئاو نەهێڵن، لەدوای ماوەیەك و هاتنە ژوورەوەی ئاوێكی زۆر بۆ نێو یەختەكە، بە ماددەیەك كە لە قیر دەچوو، كونەكەیان گرت".

محەممەد بە 6500 دۆلار لەگەڵ قاچاخچی رێككەوتووە، ئەو سێ رێبەرە رووسە، لە پای گەیاندنی ئەوان بۆ ئیتالیا هەریەكە هەزار دۆلار لەو بڕە پارەیەی كۆچبەران وەردەگرن، 3000 دۆلار بۆ ڕێبەرەكانە و 3500 دۆلار بۆ قاچاخچی دەمێنێتەوە. 

 شەوی حەوتەم لە كەناری دەریای ئیتالیا لای گوندێك دایاندەبەزێنن. محەممەد دەڵێت: "من و چەند گەنجێكی دیكە رامانكرد و لە ڕێگای سەرەكی دەستمان لە ئۆتۆمبێل راگرت، ژمارە مۆبایلی قاچاخچییەكەی ئیتاڵیامان دا بە شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە و ئەویش بە ئیتاڵی قسەی لەگەڵ كرد و داوای لێكرد "ئێمە بباتەوە كەناری دەریا و بە كەشتی بچینە شارەكانی باكووری ئیتالیا، بە دوو كاروان ئێمەی گەیاندە كەنار دەریایەكی دی، ئەو شەوە لەوێ بە ماندووێتی چاوەڕێ بووین و لەلایەكەوە پاڵماندایەوە، تا بەیانی كەشتی هات و تكتمان بڕی".

دواجار محەممەد و كۆچبەرانی دیكە لە‌سەر سنووری ئیتالیا - فەڕەنسا لەلایەن پۆلیسی فەڕەنسییەوە دەستگیر دەكرێن و رادەستی پۆلیسی ئیتاڵی دەكرێنەوە و پەنجەمۆریان لێوەردەگیرێ‌. محەممەد دواتر بە قاچاخ خۆی دەگەیەنێتە بەریتانیا و ئێستا چاوەڕێی وەرگرتنی مافی پەنابەری دەكات. هیچ دیاریش نییە چ وەڵامێك وەردەگرێ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە