ترەمپ وەزیری دادی لە کارەکەی دوورخستەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا وەزیری دادی لە کارەکەی دوورخستەوە. سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، وەزیری داد دەچێتە کەرتی تایبەت و لەوێ پۆستێک وەردەگرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 2ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیاڵی خۆی بڵاویکردەوە، "پام بۆندی نیشتمانپەروەرێکی گەورەی ئەمریکی و دۆستێکی دڵسۆزە" دەشڵێت، "بۆندی لە ماوەی ساڵی رابردوودا بە دڵسۆزی وەک داواکاری گشتی خزمەتی کردووە".
ترەمپ گوتیشی، "پام سەرپەرشتی هەڵمەتێکی گەورەی دژی تاوان کرد و رێژەی کوشتنی گەیاندە نزمترین ئاست لە ساڵی 1900ـەوە و بۆ کارێکی گرنگ دەچێتە کەرتی تایبەت و ناوی پۆستەکەی لە داهاتوویەکی نزیکدا رادەگەیێندرێت".
سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "تۆد بلانش کە عەقڵێکی یاسایی بەهرەمەند و رێزلێگیراوە، وەک داواکاری گشتی بەوەکالەت دەستبەکار دەبێت".
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، دوورخستنەوەکەی بۆندی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە بە خراپی مامەڵەی لەسەر دۆسیەی ئیپستین کردووە.
کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، وەزارەتی دادی ئەمریکا لانیکەم سێ ملیۆن بەڵگەنامەی پەیوەست بە دۆسیەی ئیپستین بڵاوکردەوە و بەشێکی بەڵگەکانیش پەیوەندی بەوەوە هەبوو کە ترەمپیش یەکێک بووە لەو کەسانەی سەردانی ئیپستینی کردووە و پەیوەندی لەگەڵدا هەبووە.
جێفری ئیپستین بازرگانێکی ئەمریکی بووە و بەوە تاوانبار بوو کە ژنان و کچانی لە وڵاتانەوە بۆ گەورە بازرگان و سیاسییەکانی وڵاتان لە دوورگەیەکی وڵاتەکەی دەبرد. ئەوانیش چێژیان لێوەردەگرتن.
ئیپستین ساڵی 1953 لەدایکبووە و ساڵی 2019 بە مردنێکی گوماناوی کۆچی دواییکرد.