رووداو - afp
خەڵکی شاری گوادەلەهارا لە مەکسیک لە چەند هەفتەی رابردوودا هەستیان بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەکرد بەهۆی هاوین، بەڵام لە کۆتایی هەفتەی رابردوو هەموو شتێک گۆڕا کاتێک لەناکاو تەرزەیەکی زۆر باری، تەرزەکە ئەوەندە زۆر بووە، بەجۆرێک لە هەندێک شوێن ئەستوورییەکەی گەیشتووەتە مەتر و نیوێک.
رۆژی یەکشەممە (30-6-2019)، خەڵکی ئەو شارەی مەکسیک کە لەخەو هەستان دیمەنێکی تەواو جیاوازیان بینی، چونکە تەرزە لە هاوین شتێک نییە پێی ئاشنا بن و، پێش ئەوەش لە هەفتەکانی رابردوودا پلەی گەرما لە شارەکە گەیشتبووە 30 پلەی سیلیزی.
گەردەلوولی تەرزە کاتێک دروست دەبێت، کە هەوای گەرم و شێدار لەسەر رووی زەوییەوە بەرزدەبێتەوە و پلەی گەرما لە سەرەوە ساردە، کە رەنگە بگاتە سفر پلەی سیلیزی، لەئەنجامدا بەفری شێوە کریستاڵ دروستدەبن کە ئەوانیش بۆ تۆپەڵەی سەهۆڵ دەگۆڕێن و دەبارن.