رووداو دیجیتاڵ/ AFP / Yasuyoshi Chiba
بەشێک لە خەڵکی هەرێمی تیگرەی لە ئەسیوبیا چوونەتە سەر شەقام و ئاهەنگدەگێڕن و بەخێرهاتنەوەی "هێزەکانی بەرگریی تیگرەی" دەکەن لە شاری مکلی. ئەوەش دوای ئەوەی لە 28ـی مانگی رابردوو ئەو هێزانە چوونە نێو شارەکە کە پایتەختی هەرێمی تیگرەیە و دەستیان بەسەریدا گرت.
رووداوەکە خۆشحاڵیی لای بەشێکی زۆری هاووڵاتییان دروستکرد، بەرپرسانی تازە دانراوی هەرێمەکەیشی ناچار بە هەڵاتن کرد.
لەکاتی چوونەناوەوەی "هێزەکانی بەرگریی تیگرەی" بۆ شاری مکلی، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی کاتیی تیگرەی رایگەیاند "بەناوی تیگرەی و هەموو خەڵکی ئاشتیخوازەوە داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین بۆئەوەی ئاگربەست رابگەیێنێت، ئەوەش لەسەر بنچینەی پێداویستییە مرۆییەکان، بۆئەوەی رێگە لە کاولکاریی زیاتر بگیرێت و خەڵکیش بتوانن ببنە بەشێک لە چارەسەر."