رووداو دیجیتاڵ
لەژێر ئاسمانی شینی سریلانکا و لە قووڵایی خاکی دوورگەی راتناپوورا کە بە "پایتەختی گەوهەرەکان" ناسراوە، چیرۆکێک هەیە کە تێکەڵەیەکە لە، مەترسی، جوانی و ستەمکاری و هیوا.
تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو، بە سەرپەرشتیی پەیام سەربەست، بە گەشتێک دەچنە دوورگەکە، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە شایەتحاڵی پرۆسەی دۆزینەوەی بەردە بەنرخەکان بن؛ پرۆسەیەک کە هێندەی بریسکەی گەوهەرەکان جوانە، هێندەش ژیانی مرۆڤەکانی بۆ خراوەتە مەترسییەوە.
شەوێک لەگەڵ مارمێلکەکان؛ سەرەتای گەشتەکە
گەشتەکە بەرەو راتناپوورا دەستیپێکرد، ناوچەیەک کە ناوی بە دەرهێنانی بەردی گرانبەهاوە گرێ دراوە، دوای رێگەیەکی دوورودرێژ، تیمەکە لە هۆتێلێکی نێو جەرگەی دارستان گیرسانەوە. پەیام سەربەست باسی لە ئەزموونی ئەو شەوە دەکات و دەڵێت: "هۆتێلێکی زۆر پاکە، بەڵام هەموو دیوارەکانی پڕە لە مارمێلکە. لەبەر ئەوەی هیچ هۆتێلێکی دیکە نەماوە، بە ناچاری دەبێت ئەمشەو لەم هۆتێلە بمێنینەوە لەگەڵ مارمێلکەکان".
ئەو دیمەنە سادەیە، پێشەکییەک بوو بۆ گەشتێکی پڕ لە سەرکێشی شایەتیی بینینی دەرهێنانی بەنرخترین بەردەکانی جیهان لە قوڵایی زەویدا.
خێزانێک لەنێوان شەڕ بۆ ژیان و رووبەڕووبوونەوەی مەرگ
بەرەبەیانێکی نوێ لە هەرێمی ساباراگاموا هەڵهات و کاری راستەقینەی بەڵگەفیلمەکە دەستیپێکرد. تیمەکەی رووداو چوونە نێو ماڵی خێزانی ئاجیت رۆهیتا.
ئاجیت، پیاوێکە 22 ساڵە، ژیانی لە کانە مەترسیدارەکانی بەرد بەسەر بردووە، هەموو بەیانییەک دوای نانخواردن، نزا بۆ بودا دەکات، بەڵکو گەوهەرێک بدۆزێتەوە و ژیانی بگۆڕێت، کچە تاقانەکەی، تیلینی، وەک رێزێک بۆ پیشە پڕ مەترسییەکەی کڕنووشی بۆ دەبات.
هاوژینەکەی سامانتی لانکا، بە دڵێکی پڕ لە ترسەوە دەڵێت: "هیچ حەزم بەو کارەی نییە، بەڵام ناچارە، ئەم کاری هەڵکۆڵینە جۆرێکە لە کۆیلایەتی، هەمیشە دەترسم کە دەڕوات بۆ سەر کار". ترسی سامانتی بێهۆ نییە، چونکە ئاجیت و هاوکارەکانی رۆژانە رووبەڕووی مردن دەبنەوە.
هەڵکۆڵین 22 مەتر لەژێر زەویدا
ئاجیت دوای 15 خولەک ماتۆڕسواری، دەگاتە شوێنی کارەکەی، کە کانێکی هەڵکۆڵراوە و لەگەڵ 11 کرێکاری دیکەدا ماوەی حەوت مانگە کاری تێدا دەکەن، ئەمانە هەژارترین مرۆڤەکانی سریلانکان و ئەم پیشە مەترسیدارەیان لە باوباپیرانیانەوە بۆ ماوەتەوە.
چاڵەکە 22 مەتر قوڵە و تەنیا تاریکییەکی تۆقێنەرە، پەیام سەربەست و تیمەکەی بڕیارێکی سەخت دەدەن و لەگەڵ ئاجیت دەچنە خوارەوە، پەیام دەڵێت: "هیچ مەرجێکی سەلامەتی تێدا نییە... بەڵام هەر دەڕۆین".
چوونەخوارەوەکە نیو کاژێری خایاند و پڕ بوو لە دژواری، لە قووڵایی 22 مەتریی زەویدا، لەنێو تونێلێکی تەسکدا کە بەئەستەم ئۆکسجینی هەیە، کرێکارەکان بەردەوام دیوارەکان دادەتاشن.
هەرکاتێک مەترسیی رووخان هەبێت، بە دار و رووەکی "کەکیلا" رێگری لێدەکەن، هەندێکجاریش گازی میسان پەیدا دەبێت و مەترسیی خنکان و ئاگرکەوتنەوە دروست دەکات، لەوێ چاڵێکی دیکەی 22 مەتریی پڕ لە ئاویش هەیە کە مەترسییەکان دووقات دەکاتەوە.
گەوهەری شین و ستەمی خاوەنکار
دوای ماندووبوونێکی زۆر، کرێکارەکان خۆڵ و بەردی داتاشراو دەبەنە لای رووبارێک و دەیشۆنەوە، لەناکاو بەردێکی رەنگ شین سەرنجی ئاجیت رادەکێشێت، بە دڵخۆشییەوە هاوار دەکات: "ئەوە یاقووتە! لە ژیانم 4 بۆ 5 دانەی ئاوام دۆزیوەتەوە، ئەوە گرانترینە."
ئەمە ئەو ساتە بوو کە هیواکانی ئاجیتی زیندووکردەوە، بەڵام ئەم هیوایە زۆری نەخایاند، یاقووتەکە برایە لای ئاناندا ئامارانایکا، بازرگانی بەنێوبانگی بەرد و خاوەنی کانەکە، ئاناندا، دوای سەیرکردنێکی خێرا، کێشی بەردەکەی بە 31.15 مسقاڵ پێوانە کرد، بەڵام بە کرێکارەکانی گوت دوای پۆلیشکردن تەنیا 12 مسقاڵی لێ دەمێنێتەوە و نرخەکەشی بە 7 هەزار دۆلار خەمڵاند.
بەپێی سیستمی نادادپەروەرانەی ئەوێ، تەنیا 10٪ی ئەم نرخە خەمڵێنراوە، واتە 700 دۆلار، بەسەر 12 کرێکاردا دابەشکرا، بەرکەوتەی هەر کرێکارێک تەنیا نزیکەی 60 دۆلار بوو، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەفتانەی ئاساییان تەنیا 7 دۆلارە، خاوەن کانەکە 90٪ی قازانجەکەی بۆ خۆی هەڵگرت و بەردەکەی بردە قۆناخی دواتر.
لە کارگەی پۆلیشکردنەوە بۆ بازاڕ
گەوهەرە شینەکە بردرایە کارگەیەکی پۆلیشکردن، لەوێ نهێنییە گەورەکە ئاشکرا بوو. دوای پشکنین، دەرکەوت نرخی راستەقینەی بەردەکە نەک 7 هەزار دۆلار، بەڵکو 160 هەزار دۆلاری ئەمریکییە (45 ملیۆن رووپیەی سریلانکی)! ئەمەش هێشتا نرخی کۆتایی نییە و لەگەڵ هەر دەستاودەستکردنێکدا بەهاکەی زیاتر دەبێت.
ئاناندا، خاوەن کانەکە چەند پارچەیەکی بچووکی یاقووتەکەی بە نزیکەی 78 هەزار دۆلار فرۆشت بە بازرگانێکی نێوەندگیر بەناوی چامیلا پراساد، لە کاتێکدا هێشتا بەشە گەورەکەی یاقووتەکەی لای خۆی مابوو، چامیلاش لە بازاڕی فرۆشتنی بەردەکان، کە وەکو بۆرسەیەک وایە و رۆژانە لە بەرەبەیانەوە قەرەباڵخ دەبێت، توانیی بە قازانجێکی کەم (نزیکەی 350 دۆلار) بەردەکان بفرۆشێتەوە.
ئەمە دوا وێستگەی بەردەکانە لە سریلانکا، لێرەوە یان دەکرێن بە خشڵ، یان هەناردەی بازاڕە گەورەکانی جیهان دەکرێن، وەک ئەمریکا، چین و تایلەند. جێگەی سەرنجە کە بەشێکی زۆر لە گەوهەرەکانی سەر تاجی شاهانەی بەریتانیا، لە خاکی سریلانکاوە هاتوون.
'ئێمە ماندووترین کەسەکانی پشت ئەم بازرگانییەین'
بەڵگەفیلمی گەوهەری شین تەنیا چیرۆکی دۆزینەوەی بەردێک نییە، بەڵکو گێڕانەوەی ژیانی ئەو مرۆڤانەیە کە لەپشت بریسکەی گەوهەرەکانەوەن، گەوهەرەکە دەستاودەست دەکات، نرخەکەی دەگاتە ئاستی خەیاڵی، بەڵام ئاجیت و هاوڕێکانی لە هەمان بازنەی هەژاری و مەترسی دەمێننەوە.
ئاجیت لە کۆتاییدا بە دەنگێکی پڕ لە ئازارەوە دەڵێت: "من بەرگەی ئەو هەموو مەترسییە دەگرم بۆ خاتری کچ و هاوژینەکەم، پێموایە رۆژێک دێت گۆڕانکاری لەم بزنسەدا رووبدات، ئێمە ماندووترین کەسەکانی پشت ئەم بزنسەین".
هاوژینەکەشی، سامانتی دڵی پڕە و دەڵێت: "ئەگەر کوڕێکم هەبووایە، هەرگیز نەمدەهێشت ئەم کارە بکات. خەڵکی دیکە بە ماندووبوونی کەسانی وەک هاوژینەکەم قازانجی زۆر دەکەن، ئێمە پێویستمان بە دادپەروەرییە، هیچ دادپەروەرییەک لێرە نییە."
گەوهەری شین بەڵگەیەکی زیندووە لەسەر ئەو جیاوازییە چینایەتییە قووڵەی لەنێوان بریسکەی سەرمایە و ئارەقەی نێوچەوانی کرێکاراندا هەیە و بانگەوازێکە بۆ گۆڕینی سیستمێک کە لەسەر بنەمای ماندووبوونی یەکێک و قازانجی ئەوی دیکە بنیاتنراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ