خوێنێكی سوورتر لە سوور سوێدییەكان دەهەژێنێ

02-10-2014
شاد محەممەد
نیشانەکردن ئەركان ئەسعەد
A+ A-

رووداو- هەولێر

هەفتەی رابردوو، نووسەری ناوداری سوێدیی بەڕەچەڵەك كورد، ئەركان ئەسعەد، دووەم كتێبی خۆی بە زمانی سوێدی بە ناونیشانی خوێنێكی سوورتر لە سوور (Blod rödare än rött) لە مەراسیمێكدا بڵاوكردەوە.
 
چیرۆكی كتێبەكە لە ژیانی خێزانێكی پێشمەرگەوە سەرچاوەی گرتووە كە خێزانی ئەركان خۆیەتی. باوكی ئەركان دوای ئەوەی چەند جارێك لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی سەردەمی سەدامەوە دەستگیركراوە، بووەتە پێشمەرگە و پاشانیش رووی لە دەرەوەی وڵات كردووە و لە سوێد گیرساوەتەوە.

باوكی ئەركان لە تاراوگە ژیانێكی نوێ دەستپێدەكات، بەڵام لەوێش هەر كێشەی هەیە. ژیانی پەنابەری، خۆگونجاندن لەگەڵ كۆمەڵگەیەكی نوێ و پلە دوویی كێشەی زۆربەی سەر رەشەكانە لەنێو سەرزەردەكاندا.

ئەسعەدی باوكی ئەركان بە (رووداو)ی گوت "ئەركان لێرەوە گوزارشت لە ژیانی نەتەوەیەك دەكات كە مێژوویەك لە خوێن بووە و ئەو بە سوورتر لە رەنگی سوور گوزارشتی لێكردووە. هەر بۆیەش كتێبەكەی بەم ناوە ناونا".

ئەركان ئەسعەد پێشتر بە كتێبی "شەوە بێ ئەستێرەكان" ناوبانگی دەركرد كە لە روانگەی ژیانی خۆیەوە لەسەر كولتووری ناموسپەرستی كاری كردووە. دواتر بەشێك لە ناوەڕۆكی كتێبەكەی كرایە نامیلكەیەك و خرایە نێو پڕۆگرامی خوێندن و بە سەدان هەزار دانەی لێ بڵاوكرایەوە.

هەندێك رەگەزپەرست و دژە پەنابەر، ئەو كتێبەیان بە هەلێك زانی بۆ ئەوەی هێرش بكەنە سەر كورد و كەلتوورەكەی، بەڵام ئەركان گوتی "من قەت دژایەتی كەلتووری خۆم و هیچ نەتەوەیەك ناكەم".

 ئەركان لە كتێبی دووەمیدا داكۆكی لە مێژووی قوربانیدان و مافی گەلەكەی دەكات و رابردووی خوێناوی كورد بە رەنگی سوور بە كۆمەڵگەی سویدی دەناسێنێ.

ئەركان بیرۆكەی هاتنەوەی بۆ كوردستان هەبووە تا لەپاڵ گەنجەكانی دیكەی نیشتەجێی سوید كاری خۆبەخشی بكات، بەڵام راوێژكارەكانی ئەو كۆمپانیایەی كاری تێدا دەكات، پێیانگوتووە كە بڵاوكردنەوەی كتێبەكەی لەم كاتەدا "باشترین پشتگیرییە بۆ پرسی كورد".

ئەركان دەڵێت "مێژوو خۆی دووبارە كردەوە، سویدییەكان ئێستا لە كورد تێدەگەن و دەیانەوێت لە رێگەی كتێبەكەمەوە لە رابردوومان تێبگەن".

بەبڕوای ئەركان، گرنگیی كتێبەكە لەوەدایە كە نەوەی نوێی سوێد ئاشنا دەكات بە رابردووی كورد، چونكە زۆربەی خوێنەرانی ئەركان نەوەی نوێن. ئەو دەڵێت "لە رێگەی رووداوەكانی ئێستا و كتێبەكەی منەوە، نەوەی نوێی سوید لەوە تێدەگەن كە كورد هەمیشە دوژمنی هەبووە، دوێنێ لەژێر ناوی بەعس و ئەمڕۆش تەنیا ریشیان زیادی كردووە لەژێر ناوی داعش".

سەرەڕای رووداوە گەرمەكانی ئەمڕۆ، میدیاكانی سوید زیاتر بایەخیان بە كتێبەكەی ئەركان دا. رۆژنامەیەكی ناسراوی سوید دەڵێت "سوێدییەكی كورد بە بڵاوكردنەوەی كتێبێك پشتگیری كوردی عێراق دەكات".

ئەركان دوو كۆنتراكتی جیای لەگەڵ گەورە كۆمپانیاكانی فیلمسازی سوێدی بۆ كتێبەكانی هەیە كە بكرێنە فیلم و بڕیار بوو ئەم كارەی لە كوردستان بكات، بەڵام رووداوەكانی ئێستای كوردستان بووە هۆی دواخستنی پرۆژەی بە فیلمكردنی كتێبەكەی لە كوردستان.

كتێبەكەی پێشووی ئەركان بووە یەكێك لە كتێبە پڕفرۆشەكانی سوید، ئەركان وەك نووسەری كتێبەكە، لە ماوەی ساڵێكدا 3 جار خەڵاتی گەورەی وەرگرت.  ئێستاش یەكێكە لە 5 گەنجە سەركەوتووەكانی ئەوروپا كە لەلایەن یەكێك لە كۆمپانیا گەورەكانەوە سپۆنسەریی پڕۆژەكانیان دەكرێ.
ستافسۆن یلەر، یەكێك لە رێكخەرانی كارەكانی ئەركان بە (رووداو)ی گوت "ئەركان نموونەیەكی سەركەوتووە بۆ گەنجانی ئەم وڵاتە و سوودی لێوەردەگرین بۆ گەنجانی دیكە". یلەر كە بەردەوام رێنمایی دەداتە ئەركان بۆ تۆماركردنی سەركەوتنی زیاتر، دەڵێت "ئەزموونی نوێ پێشكەش بە ئەركان دەكەین و سوود لە ئەزموونەكانی ئەمیش وەردەگرین بۆ زیاتر لە 100 گەنج".

ئەركان و ستافسۆن لە ناوەندێكی سەر بە كۆمۆنی باشووری ستۆكهۆڵم كاردەكەن كە كار لەسەر گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و پێگەیاندنی تاك و گەنجی سەركەوتوو دەكەن. بۆ هەر كەسێكی سوودمەند لەوێ كە هاوكات دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت وەك ئۆفیس، دەبێت مانگانە نزیكەی 2,000 دۆلار بدات. بەڵام یلەر دەڵێت "لەبەر ئەوەی سوود لە ئەزموون و پەیوەندییەكان و ناوبانگی ئەركان وەردەگرین، بێ بەرامبەر ئەم خزمەتگوزارییە بە ئەركان دەبەخشین".

ئەركان نەیشاردەوە كە خەونی دروستكردنی ناوەندێكی لەم شێوەیەی لە كوردستان هەیە و گوتی لەگەڵ گەورە بەرپرسێكی باشووری كوردستان قسەی كردووە. گوتیشی "تا ئێستا راهێنانم بە زیاتر لە 150 هەزار گەنج لە سوید كردووە، ئەی بۆچی ئەم سوودەم بۆ كوردستان نەبێت؟".

ئەركان ئەسعەد و دوو براكەی، پێشتر وەك سێ  برای سەركەوتوو لەلایەن تەلەڤزیۆنی فەرمیی سوێدەوە ناسێنراون. ئەوان لەگەڵ ئەوەی سێ یەكەمی بواری تایكواندۆ بوون و وەك نوێنەری سوید بەشداری چەند پێشبڕكێیەكی جیهانییان كردووە، بەڵام ئێستا ئەركان خەریكی نووسینە، برایەكی وەك ئەكتەر لە هۆڵیود كاردەكات و ئەوی دیكەشیان سەرقاڵی خوێندنە.

مێدیای سوێدی چیرۆكی ئەركان و براكانی وەك دیارترین چیرۆكی سەركەوتنەكانی گەنجانی سوێد دەناسێنن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە