بایدن کوژرانی جێگرەوەکەی ئەبوبەکر بەغدادیی راگەیاند

03-02-2022
کۆشش بێستانسووری @Koshish_Bestani
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی "سەرکەوتووی" سەربازیدا لە باکووری رۆژئاوای سووریا توانیویانە ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەیشی، سەرکردەی داعش و جێگرەوەی ئەبوبەکر بەغدادی بکوژن.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، "شەوی رابردوو بە فەرمانی من، هێزەکانی سوپای ئەمریکا لە باکووری رۆژئاوای بە شێوەیەکی سەرکەوتوو ئۆپەراسیۆنێکی دژەتیرۆریان ئەنجامدا بۆ پاراستنی گەلی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان، بۆ سەلامەتیی جیهان. بەهۆی هێزە چەکدارە ئازا و بەئەزموونەکانمانەوە، ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەیشی، خەلیفەی داعشمان کوشت".
 
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، سەرجەم ئەمریکییەکان لەو ئۆپەراسیۆنە بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەوبارەیەوە ئەمڕۆ پەیامێکی دەبێت.
 
جۆ بایدن جگە لە کوژرانی خەلیفەکەی داعش لە راگەیێندراوەکەیدا باسی لە کوژرانی هیچ هاووڵاتییەکی سڤیل نەکردووە.
 
بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە میدیاکانی راگەیاندووە، لەکاتێکدا هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی خەلیفەکەی داعش، خۆی تەقاندووەتەوە و بەو هۆیەوە هەندێک خەڵکی سڤیل کوژراون.
 
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمریکا لە ئیدلب
 
 
ئەمڕۆ 03-02-2022 وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، لە باکووری رۆژئاوای سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان بە سەرکەوتوویی ئەنجامداوە بەبێ ئەوەی هیچ سەربازێکی ئەمریکی زیانی پێبگات. ئاژانسە هەواڵییەکانیش باسیان لەوە کرد کە بەهۆی ئەو هێرشەوە "12/13 کەسی سڤیل کوژراون".
 
جۆن کێربی، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، "هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا لەژێر کۆنترۆڵی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی دژە تیرۆریان لە باکووری رۆژئاوای سووریا ئەنجامدا. ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بوو. هیچ زیانێکی گیانی بە سەربازانی ئەمریکی لێنەکەوتەوە".
 
ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لە زاری دانیشتووانی ناوچەکەوە بڵاویکردووەتەوە، "12 کەسی سڤیل لە ئۆپەراسیۆنە دوو کاژێریەکەدا کوژراون". ئاژانسی ئەنادۆڵیش ئاماژەی بەوە کردووە، ژمارەی کوژراوەکان 13 کەسن.
 
وەزرەتی بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بە کوژرانی خەڵکی سڤیل نەکردووە.
 
هەندێک زانیاری لەبارەی خەلیفەی دووەمی داعش
 
خەلیفەکەی داعش ناوی تەواوی ئەمیر محەممەد سەعید عەبدولڕەحمان محەمەد مولی-یە، لەدایکبووی ساڵی 1976ی قەزای عەفارەی عێراقە و، لە ساڵی 2006 تاوەکو 2011 لە زیندانەکانی بۆکا لەژێر دەستی ئەمریکییەکان دەستبەسەر بووە، کە لەو ماوەیەدا پەیوەندییەکی تووندی لەگەڵ ئەبوبەکر بەغدادی دروستکردووە، دواتر ئەو پەیوەندییە بۆ ماوەی 16 ساڵ درێژەی کێشا.
 
زۆرینەی ژیانی لە شاری تەلعەفەری باکووری رۆژئاوای موسڵ بەسەربردووە لەگەڵ کەوتنی موسڵ چووەتە ئەو شارە و رۆڵی هەبووە لە حوکمی تووندی داعش لەو پارێزگایە، لەو ماوەیەدا کە داعش کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری خاکی سووریا و عێراقی کردبوو، پۆستی راوێژکاری شەرعیی داعشی هەبووە، کە خۆیشی دەرچووی کۆلێژی ئیمام ئەعزەمی موسڵ بووە.
 
دواتر پۆستی ئەمیری دیوانی ئاسایشی گشتیی داعشی لە سووریا و عێراق وەرگرتووە، کە یەکێک بووە لە دیوانە ناوخۆییەکانی داعش و بەرپرس بووە لە پاراستنی سەرکردە و ئەمیرەکانی داعش و لەنێوبردنی نەیارەکانیان، پاشان بووەتە وەزیری بەرگریی داعش و بەرپرسی بۆمبڕێژکردن و تەقاندنەوە لە سووریا.
 
خەلیفەی دووەمی داعش چەند ناوێکی هەبووە کە لە کاتی رێکخستندا بەکاریهێناوە، لەوانەش:
1. ئەبو عومەر تورکمانی
2. پرۆفیسۆر ئەحمەد
3. ئەبو سەعید تورکمانی
4. حاجی عەبدوڵڵا کارداش
5. ئەبو ئیبراهیم هاشمی قورەیشی
 
هاوسەرگیری لەگەڵ سێ ژنی عێراقی کردووە کە دواهەمینیان ناوی ئیسرا عەبدولڕەحمان عەلی-یە. دوو برای هەیە بە ناوەکانی عامر محەممەد سەعید، کە پاش دەرکردنی فەتوایەک لەلایەن رێکخراوەکەوە کوژرا، چونکە دژی بیرۆکەی رێکخستنی رێکخراوەکە بووە، هەروەها عادل محەممەد سەعید لەدایکبووی ساڵی 1970یە و ئەندامی بەرەی تورکمانی عێراقە.
 
خەلیفەکەی داعش کەسێک بووە کەم قسەی کردووە و بێدەنگ بووە، بەڵام هەمیشە خوازیاری خۆشاردنەوە بووە و هەر ئەوەش وایکردووە زۆرکات شێوەی خۆی بگۆڕێت. دوای وەرگرتنی پۆستی خەلیفە، قاچی لە خوارەوەی ئەژنۆی راستی لە بۆردوومانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ماوەی شەڕەکانی ئەم دواییەدا لەدەستدەدات و بۆ ماوەیەک لەژێر چاودێریی پزیشکیدا دەبێت لە موسڵ.
 
ناوبراو بە یەکێک لە دامەزرێنەران و پلانداڕێژەرانی گرنگترین هێرشە گەورەکانی موسڵ و روومادی ئەژمار دەکرا و ئەزموونی سەربازیی هەیە و چەند پۆستێکی هەیە، لەنێویاندا ئەندامێکی کۆمیسیۆن کە چاودێریی گرنگترین جومگەکانی رێکخراوەکەی دەکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ و ستۆرمی دانیاڵز.

ئەو ئەکتەرەی پۆرن کە ترەمپی داوەتە دادگە وەکو شایەتحاڵ قسە دەکات

ستۆرمی دانیاڵز، ئەکتەری فیلمە رووتەکان و خاوەنی ئەو کەیسەی ترەمپی لەسەر دادگەیی دەکرێت بە تۆمەتی بەرتیلدان بەو ئەکتەرە تاوەکو پەیوەندییە نهێنییەکانیان ئاشکرا نەکات، چاوەڕێ دەکرێت بەشداری دادگەییکردنەکە بێت و وەکو شایەتحاڵ لەو کەیسەدا قسە بکات.