رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، لە راپۆرتێکی فەرمیدا کە بۆ سەرۆکایەتیی کۆنگرێسی ناردووە، وردەکاریی ئەو هێرشە سەربازییانەی خستە روو کە رۆژی 28ـی شوبات کرانە سەر ئێران. ترەمپ جەختی کردەوە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گۆڕینی رەفتارەکانی تاران گەیشتنە بنبەست.
رۆژی سێشەممە 03-03-2026 سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆنگرێسی نووسی، هێرشەکان بە وردییەکی زۆر کراون و چەندین پێگەی هەستیاریان لە نێو ئێران دا پێکاوە، لەوانە: بنکەکانی مووشەکی بالیستی، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، تواناکانی مینڕێژکردنی دەریایی و ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ.
ترەمپ رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا، دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی گەرووی هورمز و بەرگریکردن بووە لە هاوپەیمانەکانی ناوچەکە و لە سەرووی هەموویانەوە ئیسرائیل.
جەنگێک بەبێ هێزی وشکانی
ترەمپ لە راپۆرتەکەیدا جەختی لەسەر خاڵێک کردووەتەوە و دەڵێ: "هیچ هێزێکی وشکانیی ئەمریکی لەم هێرشانەدا بەکارنەهێنراوە." سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، پلانەکە بە جۆرێک داڕێژراوە کە زیانی سڤیل لە نێو ئێران دا لە کەمترین ئاستدا بن و تەنیا مەبەست لێی پووچەڵکردنەوەی چالاکییە "خراپەکانی" رژێمی ئێران بووە.
ئەگەری بەردەوامیی ئۆپراسیۆنەکان
سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی داوە و رایگەیاندووە، هێزەکانی وڵاتەکەی لە پێگەی هێرشبەریدا دەمێننەوە. ترەمپ گوتی: "هێزەکانی ئەمریکا ئامادەن بۆ گرتنەبەری هەر رێکارێکی زیاتر کە پێویست و گونجاو بێت، تاوەکو ئەو کاتەی هەڕەشەی ئێران بۆ سەر ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رادەوەستێت." ترەمپ نووسیشی، لەم کاتەدا مەحاڵە بزانرێت ئەم ئۆپەراسیۆنانە چەند دەخایێنن.
بناخەی یاسایی و دەستووری
ترەمپ لە کۆتایی نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕیارە سەربازییەی بەپێی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و هاوتەریب لەگەڵ "یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ" داوە. ترەمپ داوای پشتگیریی تەواوی کۆنگرێسی کرد بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو بەرامبەر تاران، کە بە گەورەترین پشتیوانیکاری تێرۆر لە جیهاندا وەسفی کرد.
دەقی نامەکە
بەڕێز سەرۆک
ئەم نامەیەت بۆ دەنووسم تاوەکو ئاگادارت بکەمەوە لەو کردە سەربازییەی لە 28ـی شوباتی 2026 دژی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرا.
بە جیا لە گۆڕانکارییەکانی پێگەی جیهانیی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاگادارم کردوونەتەوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هەڕەشانەی لەو گرژییانەی لەگەڵ ئێران بەردەوام بوون و سەرچاوەیان گرتبوو.
وەک پێشتر بە کۆنگرێسم راگەیاندبوو، ئێران وەک یەکێک لە گەورەترین پشتیوانانی تێرۆر لە جیهان دا دەمێنێتەوە، ئەگەر گەورەترینیان نەبێت. سەرەڕای سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی "چەکوشی نیوەشەو،" رژێمی ئێران بەردەوامە لە گەڕان بەدوای ئامرازەکانی خاوەندارێتی و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیدا. مووشەکی بالیستی، کرووز، دژە کەشتی و مووشەکەکانی دیکەی هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، کەشتییە بازرگانییەکان و مەدەنییەکان، هەروەها بۆ سەر هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان.
سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ئیدارەکەم بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ رەفتارە خراپەکانی ئێران، هەڕەشەکان بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمان و هاوبەشەکانی بەرگەنەگیراو بوون.
لەسەر ئەو بنەمایە و لەسەر فەرمانی من، لە 28ـی شوباتی 2026، هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان هێرشی وردیان کردە سەر چەندین ئامانج لە ناو ئێران، لەوانە پێگەکانی مووشەکی بالیستی، تواناکانی مینڕێژکردنی دەریایی، بەرگرییە ئاسمانییەکان و تواناکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ. ئەم هێرشانە بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، پاراستنی نیشتمانی ئەمریکا، پێشخستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییە گرنگەکان لەوانەش دڵنیابوونەوە لە جووڵەی ئازادی بازرگانیی دەریایی لە گەرووی هورمز، هەروەها بۆ بەرگریی بەکۆمەڵ لە هاوپەیمانە ناوچەییەکانمان لەوانە ئیسرائیل، کران.
هیچ هێزێکی وشکانیی ئەمریکی لەم هێرشانەدا بەکارنەهێنرا، ئەرکەکە بە جۆرێک پلانی بۆ دانرا و جێبەجێ کرا کە زیانی سڤیل بۆ کەمترین ئاست کەم بکاتەوە، رێگری لە هێرشەکانی داهاتوو بکات و چالاکییە خراپەکانی ئێران پووچەڵ بکاتەوە.
سەرەڕای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان خوازیاری ئاشتییەکی خێرا و بەردەوامە، بەڵام لەم کاتەدا مەحاڵە بزانرێت قەبارە و ماوەی تەواوی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی کە رەنگە پێویست بن چەندە. بەو پێیەش، هێزەکانی ئەمریکا لە پێگەی خۆیاندا دەمێننەوە بۆ گرتنەبەری رێکاری زیاتر، بەپێی پێویست و گونجاو، بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشە و هێرشی زیاتر بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان یان هاوپەیمان و هاوبەشەکانی، تاوەکو ئەو کاتەی هەڕەشەی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رادەوەستێت.
من فەرمانی ئەم کارە سەربازییەم دا هاوتەریب لەگەڵ بەرپرسیارێتیم بۆ پاراستنی ئەمریکییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوخۆ و دەرەوە، هەروەها بۆ پێشخستنی ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی سیاسەتی دەرەوە. من بەپێی دەسەڵاتە دەستوورییەکانم وەک فەرماندەی گشتی و بەرپرسی جێبەجێکار بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەمریکا هەنگاوم نا.
ئەم راپۆرتە وەک بەشێک لە هەوڵەکانم پێشکێش دەکەم بۆ ئاگادارکردنەوەی تەواوەتیی کۆنگرێس، هاوتەریب لەگەڵ بڕیاری دەسەڵاتەکانی جەنگ (یاسای گشتی 148-93). سوپاسی پشتگیریی کۆنگرێس دەکەم لەم کارانەدا.
لەگەڵ رێزدا..
دۆناڵد جەی ترەمپ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ