دۆناڵد ترەمپ هۆکاری هێرشەکەی بۆ سەر ئێران ئاشکرا دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "ئەگەر هێرشمان نەکردبایە، ئێران پێشتر دەیکرد."

03-03-2026

21:27

ئەمریکا 1700 پێگەی لە ئێران پێکاوە

تاران دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا- سێنتکۆم دەڵێت، لە رۆژی شەممەوە ئەمریکا 1700 پێگەی لەنێو ئێران پێکاوە. 
 
سێنتکۆم دەڵێت ئەو ئامانجانەی پێکراون بریتین لە: بنکە مووشەکییەکان، کەشتییە جەنگییەکان، ژێردەریاکان و سەنتەرەکانی سەرکردایەتی و کۆنترۆڵ.
 

21:21

ئێران رەتیدەکاتەوە هیچ لێچوونێکی ماددە تیشکدەرەکان لە بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز روویدابێت

بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز لە ئێران. وێنە: Maxar Technologies
 
ئێران رەتیکردەوە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هیچ لێچوونێکی تیشکی لە بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز روویدابێت.
 
ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران لە راگەیێندراوێکدا، کە دەقەکەی لە ئاژانسی هەواڵیی 'ئیسنا' بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە، "هیچ لێچوونێکی ماددە تیشکدەرەکان لە بنکەکە تۆمار نەکراوە، بەهۆی ئەو رێکارانەی پێشتر بۆ پاراستنی ئەو ماددانە گیراونەتەبەر. تۆمارەکانی سیستمی چاودێرییش هیچ لێچوونێکیان تۆمار نەکردووە."
 
سەرەڕای ئەوەش، بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز پێشتر بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە زیانی بەرکەوتووە.
 
ساڵی رابردووش بنکەی نەتەنز بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لەژێر زەویدا، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کرابووە ئامانج، بنکەکە یەکێک بوو لە دەیان ناوچەی دیکە کە لە جەنگە 12 رۆژییەکەی ساڵی رابردوودا هێرشی کرابووە سەر.
 
بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز دەکەوێتە پارێزگای ئەسفەهان، لەنێوان شارەکانی نەتەنز و کاشان، بنکەکە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای شاری نەتەنز دوورە.
 
نەتەنز بە سەرەکیترین و گرنگترین بنکەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران دادەنرێت، ئەم بنکەیە بەشێکی لە سەرووی زەوییە و بەشێکی گەورەشی لە ژێر زەویدایە، بۆئەوەی لە هێرشی ئاسمانی بپارێزرێت.
 
چەند زانیارییەک لەبارەی بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز:
 
- بنکەکە رووبەرەکەی نزیکەی 100 هەزار مەتر دووجایە.
- بەشە سەرەکییەکەی لە قووڵایی 8 مەتر تا زیاتر لە 20 مەتر لەژێر زەویدا دروستکراوە.
- دیواری کۆنکرێتی بە ئەستووریی 2.5 مەتر دەوری داوە.
- توانای لەخۆگرتنی دەیان هەزار سێنتریفیوجی هەیە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.
 
نەتەنز چەندین جار بووەتە ئامانجی هێرشی ئەلیکترۆنی و تەقینەوە.
 

20:44

ساتی خستنەخوارەوەی درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر ببینە

ساتی خستنەخوارەوەی
کەمێک لەمەوبەر بە درۆن هێرشکرایەوە سەر هەولێر، ئەم دیمەنە ساتی خستەخوارەوەیەتی لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە. 

 

 

 

20:41

سوپای ئیسرائیل: زیاتر لە 160 ئامانجی حیزبوڵڵامان لە باشووری لوبنان پێکا

ساتی بۆردوومانێک بۆسەر باشووری لوبنان. وێنە: Rabih Daher/AFP
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ماوەی شەو و رۆژی رابردوودا زیاتر لە 160 ئامانجی  حیزبوڵڵایان لە باشووری لوبنان پێکاوە. راشیگەیاند، هێرشەکان چەکدارانی "هێزی رەزوان" و چەندین ناوەندی فەرماندەیی ئەو رێکخراوەیان کردووەتە ئامانج.
 
رۆژی سێشەممە، 3ی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەو شوێنانەی پێکراون، لەلایەن حیزبوڵڵاوە بۆ پلاندانان و هێرش دژی هێزەکانمان و هاووڵاتییانی ئیسرائیل بەکاردەهاتن." 
 
سوپاکە ئەوەشی خستە روو، کە پێش دەستپێکردنی هێرشەکان، رێکاری پێویست گیراوەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیانی هاووڵاتییانی سڤیل، لەوانە بەکارهێنانی چەکی ورد و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە.
 
ئەم راگەیێندراوەی سوپای ئیسرائیل دوای ئەوە هات، دوێنێ حیزبوڵڵا هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش وەڵامیدایەوە. ئەمە دوای ئەوە هات، کە رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا-ئیسرائیل دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران کرد و دواتر ئەوانیش بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە.
 
سوپای ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی کردەوە، "بە توندی بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی حیزبوڵڵا، کە بڕیاری داوە بەشداری لەم هەڵمەتەدا بکات و لەژێر چەتری رژێمی ئێران کار بکات."
 
دوێنێ و بۆ رێگری لە ئەگەری هێرشی زیاتری سوپای ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی، حکومەتی لوبنان هەموو چالاکییەکانی حیزبوڵڵای لە وڵاتەکەیدا قەدەخەکرد.
 

20:39

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا: خراپترین شت ئەوەیە ئەو کەسەی دەبێتە سەرکردەی ئێران هێندەی خامنەیی خراپ بێت

دۆناڵد ترەمپ و فرێدریش مێرتس

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی سەرکردەی نوێی ئێرانەوە دەڵێت: خراپترین شت ئەوەیە ئەو کەسەی دەبێتە سەرکردەی ئێران هێندەی خامنەیی خراپ بێت

20:32

ترەمپ و مێرتز کۆبوونەوە؛ 'هەموو شتێک لە ئێران وێرانکراوە'

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و فریدریچ مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا. وێنە: REUTERS/Jonathan Ernst
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازیی لە فریدریچ مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا کرد. دیدارەکە یەکەم کۆبوونەوەی ترەمپ بوو لەگەڵ سەرکردەی وڵاتێکی دیکە لەوەتەی هێرشی سەر ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و، پریشکی شەڕەکەش بەر چەندین وڵاتی ناوچەکە کەوتووە.
 
دیدارەکە پێشتر پلانی بۆ دانرابوو بۆ باسکردنی جەنگی ئۆکراینا و پەیوەندیی بازرگانیی ئەورووپا و ئەمریکا، بەڵام هێرشی سەر ئێران بووە تەوەر و ئەجێندای سەرەکیی گفتوگۆکە، بەتایبەت کە ترەمپ رایگەیاندووە ئەو هێرشانە رەنگە چوار هەفتە بەردەوام بن و چوار رۆژە شەڕەکە بەردەوامە.
 
ترەمپ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مێرتز رایگەیاند، "بە بڕوای من، خراپترین سیناریۆ ئەوەیە کەسێکی دیکە بێتە دەسەڵات کە وەکو ئەوەی پێشوو (عەلی خامنەیی) خراپ بێت، رەنگە ئەوە رووبدات، ئێمە نامانەوێت ئەوە رووبدات."
 
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هەڵوێستی بەریتانیاش رایگەیاند، دڵتەنگە کە کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا نەچووەتە پاڵ ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و تەنیا رێگەی داوە بنکەکانی بەکاربهێنن.
 
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، "دڵخۆش نیم بەو هەڵویستەی بەریتانیا، سێ چوار رۆژی ویست تاوەکو بزانین لە کوێ فڕۆکەکانمان بنیشنەوە، ئەوە وینستن چەرچڵ نییە کە ئێمە کارمان لەگەڵ کردووە."
 
سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە ئەگەر ئەوان هێرشیان نەکردبایەتە سەر ئێران، "ئەوان هێرشیان دەکرد و دەستپێشخەر دەبوون."
 
هەروەها راوێژکاری ئەڵمانیا لەبارەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران رایگەیاند، "هیواخوازین بە زوویی کۆتایی بە جەنگەکە بێت، چونکە زیان بە ئابووریمان دەگەیێنێت."
 
مێرتز لە دەرگەیەکی لاوەکییەوە چووە نێو کۆشکی سپی، بەبێ هەڵکردنی هیچ ئاڵا و رێوڕەسمێک کە پێشتر کۆشکی سپی  بۆ پێشوازیی سەرکردەکان دایدەنا لە دەرگای رۆژئاوای کۆشکی سپی.
 
مێرتز رەخنەگرێکی سەرسەختی سیاسەتەکانی ئێرانە و وڵاتەکەشی بە هاوبەشی 'بووژانەوەی خەڵک' دانا و رایگەیاند، "رژێمی مەلاکان خەریکە کۆتاییان دێت، رەتیشیکردووەتەوە هیچ سەرزەنشتێکی ئیسرائیل و ئەمریکا بکات لەسەر رەوایی ئەو هێرشانەی بۆ سەر ئێران کراون، بەتایبەت کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێن، هێرشەکان بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکیی تارانە.
 
ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا رایانگەیاندووە، هاوکاریی هاوپەیمانانیان دەکەن لە کەنداو بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، بەڵام ئەم هەڵوێستە رووبەڕووی رەخنەی بەرپرسانی ئەمریکا بووەوە و بە هەڵوێستێکی 'لاواز' دایدەنێن لە بەرامبەر ئەو هێرشەی ئەمریکا ناوی ناوە 'داستانئاسا.'
 
ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، 8 سەرکردەی وڵاتانی ئەورووپا رێککەوتوون لەسەر پلانێکی هاوبەش بۆ بەکارهێنانی کۆگە ئەتۆمییەکانی فەرەنسا بۆ بەرگریکردن لەو کیشوەرە و پاراستنی ئاسایشەکەی، ئەڵمانیاش 'هاوبەشی سەرەکیی' ئەو هەوڵە دەبێت.
 
سەرەتای دروستکردنەوەی متمانە؟
 
هەردوو سەرکردە، ترەمپ و مێرتز، کۆمەڵێک ناکۆکی لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام سەرکردەکەی ئەڵمانیا لەوەتەی دەسەڵاتی وەرگرتووە، توانیویەتی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ ترەمپ بپارێزێت و تووڕەی نەکات، هەنگاوی سەرەکیشی لەوەدا جێبەجێکردنی داوای ترەمپ بوو لە بەرزکردنەوەی خەرجیی سەربازیی وڵاتانی ئەورووپا لەنێو ناتۆ و وەبەرهێنانی گەورەی ئەڵمانیا لەو بوارەدا، بەڵام هەردوولا لەسەر شەڕی ئۆکراینا هێشتا بۆچوونیان زۆر جیاوازە، سەرکردەکانی ئەورووپا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن لە رێگەی پشتیوانیی هێرشەکەی ئەمریکا متمانەی سەرۆکی ئەمریکا بەدەستبهێننەوە.
 

20:24

فلای ئەربیل: گەشتی ئاسمانی لە تورکیاوە بۆ ئەورووپا بۆ هاونیشتمانییان رێکدەخەین

فڕۆکەیەکی هێڵی فلای ئەربیل
 
کۆمپانیای فلای ئەربیل دەڵێ، گەشتی ئاسمانی بۆ ئەو کەسانە رێک دەخەن کە دەیانەوێ لە وڵاتانی ئەورووپاوە بگەڕێنەوە کوردستان یان بە پێچەوانەوە. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەمڕۆ گەشتی چوون و هاتن کراوە و هەینیش گەشتێکی دیکە دەکرێت.
 
لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فلای ئەربیل، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەک تاکە کۆمپانیای عێراقی و کوردستانی توانیومانە رەزامەندی تورکیا وەربگرین بۆ ئەوەی گەشت بۆ ئەو کەسانە رێکبخەین کە دەیانەوێ لە ئەورووپاوە بگەڕێنەوە یان لە کوردستانەوە بچنە ئەورووپا."
 
لاوەند مەموندی گوتی، "ئەمڕۆ فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی شرنەخی باکووری کوردستانەوە بەرەو دووسڵدۆرفی ئەڵمانیا فڕی و فڕۆکەیەکی دیکەش لە دووسڵدۆرفەوە گەیشتە فڕۆکەخانەی شرنەخ."
 
هەردوو فڕۆکەکە گەشتیان بۆ زیاتر لە 300 گەشتیار رێکخست کە دەیانویست بچنە ئەورووپا یان لەوێوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
 
بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فلای ئەربیل ئەوەشی خستەڕوو، رۆژی هەینی 6ی ئەم مانگە، گەشتی دیکە لە شرنەخەوە بۆ ئەڵمانیا و بە پێچەوانەشەوە دەکرێت.
 

20:21

نەتەنیاهوو: بە هێزێکی زۆرەوە لە ئێران دەدەین و فڕۆکەکانمان لە ئاسمانی تارانن

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. وێنە: AFP
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ، سوپای وڵاتەکەی بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر ئێران و هۆشدارییش دەداتە حیزبوڵڵای لوبنانی کە بە هێزێکی "زۆر زیاترەوە" وەڵامی هێرشەکانی دەدەنەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهوو لە کاتی سەردانیکردنی بنکەیەکی هێزی ئاسمانی لە نێوەڕاستی ئیسرائیل، گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا جەختی لەسەر بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بۆ سەر ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی کردەوە.
 
نەتەنیاهوو رایگەیاند، "بەردەوامین لە لێدانی ئێران بە هێزێکی زۆر. فڕۆکەوانەکانمان لە ئاسمانی ئێران و تاران و هەروەها لە ئاسمانی لوبناندان."
 
سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان وڵاتەکەی و حیزبوڵڵای لوبنانی، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "حیزبوڵڵا هەڵەیەکی زۆر گەورەی کرد، کاتێک هێرشی کردە سەرمان. ئێمە پێشتر بە تووندی وەڵاممان داوەتەوە، بەڵام لەمەودوا بە هێزێکی زۆر گەورەتر وەڵامیان دەدەینەوە."
 
ئەم پەیامەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە، ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان چڕتر کردووەتەوە و لەم دوو رۆژەیشدا زنجیرەیەک هێرشی کردە سەر ئامانجە سەربازییەکانی نێو ئێران.
 

20:09

دۆناڵد ترەمپ ناوی کەسێک بۆ سەرکردایەتیی ئێران ئاشکرا دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، رەزا پەهلەوی کەسێکی "باشە" بۆ سەرکردایەتیی ئێران بەڵام کەسێک بۆ سەرکردایەتیی ئێران پێویستە کە خەڵک خۆشی بوێت.
 
 
 

20:06

جارێکی دیکە هێرش کرایە سەر هەولێر و پووچەڵکرایەوە؛ دیمەنەکە ببینە

رووداو
جارێکی دیکە هێرش کرایەوە سەر هەولێر و لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە تێکشکێندرا. 
 
دیمەنی هێرشەکە لە سۆشیال میدیای رووداو ببینن.
 

18:21

سێ گەڕەکی تاران بە چڕی بۆردوومان کران

شوێنی هێرشەکە
 
کەمێک پێش ئێستا گۆڕەپانی شۆڕش (مەیدانی ئینقلاب)، گەڕەکی مەحەلاتی و گەڕەکی حەکیمییەی تاران لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بەچڕی بۆردوومان کران.
 
گۆڕەپانی شۆڕش (مەیدانی ئینقلاب) لە جەرگەی تارانی پایتەختی ئێران هەڵکەوتووە و بەهۆی بوونی زیاتر لە 12  باڵەخانەی سەرەکی کارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، بە یەکێک لە گرنگترین ناوچەکانی تاران هەژمار دەکرێ.
 
گەڕەکی مەحەلاتی کە ناوە فەرمییەکەی مینی سیتییە، لە باکووری رۆژهەڵاتی تاران و لەنێو سنووری شارەوانی یەک هەڵکەوتووە و لە داوێنی زنجیرە چیای ئەلبورزە. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگیرافیایی ناوچەکە، گەڕەکەکە بووەتە یەکیک لە ناوەندە سەرەکییەکانی دام و دەزگا فەرمییەکانی ئێران و زیاتر لە 27 بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاران لەم ناوچەیەدان.
 
گەڕەکی حەکیمییەش لە باکووری رۆژهەڵاتی تاران و لە سنووری شارەوانی 4 هەڵکەوتووە و یەکێک لە گەڕەکە دەوڵەمەندنشینەکانی پایتەختی ئێرانە. لەم گەڕەکەش دەیان ناوەندی حکومی و لەنێویشیاندا کۆلیژی هێزی ئاسمانیی زانکۆی خاجە نەسیرەدینی تووسییە.
 
بەرپرسانی ئێران وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هێرشانە، تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر زەرەر و زیانی بۆردوومانەکان و شوێن یان کەسانی بە ئامانجگیراو نەداوە.
 

17:36

باڵەخانەی ئیدارەی ئیتڵاعات (دەزگای هەواڵگری) لە مهاباد وێران کرا

باڵەخانەی ئیتڵاعاتە لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان
 
رۆژی سێشەممە 3ی ئاداری 2026 هێرشێکی ئاسمانی کرایە سەر باڵەخانەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئێران (دەزگای هەواڵگری) لە شاری مهاباد لە باشووری پارێزگای ورمێ و وێران کرا.
 
بە گوتەی شایەتحاڵان کە قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کردووە، "هیچ کەسێکی ناو باڵەخانەکە، لەم هێرشەدا بە زیندوویی دەرنەچوون، جگە لە بەرپرسانی سەربازی و کارگێڕیی ئیدارەکە، تەنانەت ئەو کەسانەی کە لەلایەن ئیتڵاعاتی مهابادەوە دەستگیر کرابوون، کوژراون."
 
باڵەخانەی ئیدارەی ئیتڵاعات (دەزگای هەواڵگریی) مهاباد، دەکەوێتە گەڕەکی تاقەداری شاری مهاباد و لەنزیک بارەگای سەرەکیی سوپای پاسداران لە رۆژئاوای مهاباد هەڵکەوتووە.
 
ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئێران (دەزگای هەواڵگری)، رۆڵیکی بەرچاوی لە گرتن و لێپێچینەوە لە دانیشتووانی مهاباد و شارەکانی باشووری پارێزگای ورمێ هەبووە.
 

17:34

بارەگای سوپای پاسداران لە پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کرا

دیمەنێکی ساتی بۆردوومانی بنکە و بارەگای سوپای پاسدارانی ئێران لە پاوە
 
کەمێک پێش ئێستا لە هێرشێکی ئاسمانیدا، هێرش کرایە سەر بنکە و بارەگای سوپای پاسدارانی ئێران لە شاری پاوەی پارێزگای کرماشان.
 
بەرپرسانی ئێران، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکیان لەسەر زەرەر و زیانەکانی بۆردوومانەکە رانەگەیاندووە.
 
بەپێی دیمەنی پاش بۆردوومانی بارەگای سەرەکیی سوپای پاسداران لە شاری پاوە، دووکەڵێکی چڕ ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشیوە.
 
بە گوتەی شایەتحاڵان، بارەگای سەرەکیی سوپای پاسداران لەم هێرشەدا بە تەواوەتی خاپوور بووە.
 

17:25

ترەمپ لەبارەی گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ ئێران: کات زۆر درەنگە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئێران داوای گفتوگۆی کردووە، بەڵام داواکارییەکەی رەتکراوەتەوە و پێی گوتوون، "کات درەنگە."
 
رۆژی سێشەممە 3ی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ، لە وەڵامی هاووڵاتییەکدا لەبارەی دۆخی ئێران نووسیویەتی، "بەرگریی ئاسمانی، هێزی ئاسمانی، هێزی دەریایی و سەرکردایەتیی [ئێران] نەماون."
 
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە کە تاران دەیەوێ پەنا بۆ دیپلۆماسی ببات و دەڵێت، "ئەوان دەیانەوێ گفتوگۆ بکەن، منیش گوتم: کات زۆر درەنگە."
 
ئەم گوتانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی نوێ و بەگوێرەی سەرۆکی ئەمریکا، هێرشەکان زیانی گەورەیان بە ژێرخانی سەربازی و سەرکردایەتیی ئەو وڵاتە گەیاندووە.
 

16:30

به 30 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دراوە

بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە کەمپی ئازادی لە کۆیە دوای ئەوەی بە درۆن و مووشەک هێرشی کرایەسەر
 
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان.
 
کەمێک پێش ئێستا، بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، "بە 30 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، بنکە و بارەگای گرووپەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراقمان پێکاوە."
 
سوپای پاسداران دەڵێ: "هێرشە هەواڵگرییەکە سەرکەوتووەکە لەکاتێکدا بووە، گرووپۆکە شەڕفرۆشەکانی دژبەری شۆڕش لە هەوڵی پلان داڕشتن بوون بۆ هاتنەناوەوە و هەوڵ دژی هەرێمی پیرۆزی نیشتمانی ئیسلامی."
 
راگەیێندراوەکەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی و پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە بە درۆن هێرش کرایە سەر بنکەکانی حیزبی دیموکرات لە کۆیە.
 
تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە بە رووداوی راگەیاندبوو، لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر بنکەکانی حیزبی دیموکرات، تاوەکو ئێستا کەسێک بە سووکی بریندار بووە.
 

19:50

دۆناڵد ترەمپ هۆکاری هێرشەکەی بۆ سەر ئێران ئاشکرا دەکات

دۆناڵد ترەمپ و فرێدریش مێرتس
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "ئەگەر هێرشمان نەکردبایە، ئێران پێشتر دەیکرد."
 
دۆناڵد ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات، لە کاتی گفتوگۆ هەستی بەوە کردووە کە ئێران بە نیازی هێرشە بۆیە ئەوان هێرشیان کردووە. 
 
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، ئیسرائیل ناچاری نەکردووە هێرش بکاتە سەر ئێران و پێش هێرشەکە قسەی لەگەڵ ئیسرائیل کردووە.