دوو بەرپرسی یەمەن: بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکەوە 27 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

دوو بەرپرسی پارێزگای ئەبیەنی یەمەن دەڵێن، لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران 27 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و 100ی دیکەش بێسەروشوێنن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، بەرپرسێکی پارێزگای ئەبیەنی یەمەن کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند، لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک "27 کەس گیانیان لەدەستدا و تەرمەکانیان دەرهێندراوەتەوە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبوواندا بەردەوامە". 
 
سەرچاوەیەکی دیکەی هەمان پارێزگای یەمەن رایگەیاند، لەنێو بەلەمەکەدا 150 کۆجبەر هەبوون و ئەویش گیانلەدەستدانی 27یانی پشتڕاستکردەوە. 
 
سەرچاوەیەکی پۆلیسی پارێزگای ئەبیەنیش گوتی، بەلەمەکە لە کەنداوی عەدەنەوە بەرەو پارێزگاکە رۆیشتووە. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەبیەن بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکان "ئۆپەراسیۆنێکی گەورەیان بۆ دەرهێنانەوەی کۆچبەرەکان دەستپێکردووە کە زۆرینەیان خەڵکی ئەسیوپیان" و دەیانویست بە "نایاسایی" بچنە نێو یەمەن. 
 
لە ساڵی 2014ـەوە شەڕ و گرژی لە یەمەن هەیە، بەڵام کۆچبەران لە وڵاتانی ئەفریقاوە کە زۆرینەیان خەڵکی ئەسیوپیان، هەوڵی گەیشتن بە یەمەن دەدەن و لەوێشەوە بە نۆکەندی سوێس و دواتر بە رێگەی جیاواز دەچنە ئەورووپا. بەشێکیشیان دەچنە وڵاتانی کەنداو.