رووداو دیجیتاڵ
فێڵۆشیپی بارزانی (Barzani Fellowship) لە زانکۆی ئەمریکی (AU) لە واشنتن دی سی، یەکێکە لە پڕۆگرامە دیارەکان کە هاوکاری دارایی خوێندکارانی ماستەر دەکات لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە مەرجی ئەوەی بایەخ بە خوێندن لەبارەی پرسی کورد و مێژووی کوردەوە بدەن. ئەم پڕۆگرامە لەسەر دەستی سەرکردەکانی کورد دامەزراوە، بەڵام ئێستا نیگەرانی لەسەر بەردەوامیی پاڵپشتی داراییەکەی هەیە.
سەرەتای دروستبوونی ئەم دەستپێشخەرییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1999، کاتێک مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەم زانکۆیە، کورسییەکی بەناوی "کورسی بارزانی بۆ ئاشتی" دامەزراند.
لەبارەی سەرەتای پڕۆگرامەکە، د. یەریڤان سەعید، سەرۆکی دەستپێشخەری جیهانی کورد بۆ ئاشتی لە زانکۆی ئەمریکی، دەڵێت: "کورسی بارزانی بۆ ئاشتی، ساڵانە یان چەند ساڵ جارێک پڕۆفیسۆرێک دەهێنێت لێرە کاربکات لەسەر پرسی بەرەوپێشچوونی پرسی کورد و ناساندنی کورد لە زانکۆی ئەمریکی و واشنتن و ئەمریکاش بەشێوەیەکی گشتی، لەو کاتەوە ئەم پڕۆگرامە دەستیپێکردووە."
دواتر لە ساڵی 2007، پڕۆگرامەکە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەرەی زیاتری پێدرا و ژمارەیەک کورسی خوێندن بۆ خوێندکارانی ماستەر دابین کرا. ئێستا نزیکەی حەوت خوێندکار بەردەوامن لە خوێندن بەم سکۆڵەرشیپە.
مەرجەکانی وەرگرتن و قەبارەی هاوکاری
مەرجی سەرەکی بۆ وەرگرتن ئەوەیە، خوێندکار سەرەتا دەبێت قبوڵی خوێندن لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی ئەمریکی بەدەستبهێنێت. د. یەریڤان سەعید جەخت دەکاتەوە کە گرنگ نییە خوێندکارەکە کورد بێت یان نا: "گرنگ نییە کوردن یان نا، تاکە مەرج ئەوەیە کە بایەخ بەوەبدەیت کە لەبارەی کورد و مێژووی کورددا بخوێنیت."
شایەنی باسە، بڕیاری وەرگرتنی خوێندکارەکان بەتەواوەتی لە دەستی زانکۆکە و بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندایە و کەس ناتوانێت دەستوەردانی تێدا بکات. سکۆڵەرشیپەکە 50% بۆ 70%ـی پارەی خوێندنی زانکۆکە بۆ خوێندکار دابین دەکات.
ئەنتۆنی ڤێستیبیسۆن، خوێندکارێکی ئوستوراڵیی سوودمەند لە پڕۆگرامەکە، دەڵێت: "ئەم سکۆڵەرشیپە نەک بەتەنیا هاوکار دەبێت بۆ خواستی خوێندنم لە ئەمریکا، بەڵکو لەگەڵ ئەو خەڵکانەشم بەیەک دەگەیێنێت کە هاوبیرن و هەروەها ئەوانیش پشتیوانی لە خەباتی کورد دەکەن."
داواکاری بۆ فراوانکردن و مەترسیی کەمکردنەوەی دارایی
سەرباری سوودەکانی پڕۆگرامەکە بۆ ناساندنی پرسی کورد و هاوکاری دارایی خوێندکاران، داوای فراوانکردن و زیادکردنی هاوکاری دارایی دەکرێت. شڤان گۆیانی، خوێندکارێکی کورد، پێشنیاز دەکات: "پێموایە ئێستا نزیکەی 8 بۆ 10 خوێندکارێک دەبین یان کەمتر، حەزم دەکرد هاوکارییە داراییەکە زیاتر بووایە تاوەکو 20 خوێندکارمان هەبا، پڕۆگرامەکەش فراوانترکرابا بۆ زانکۆکانی دیکەش."
لە لایەکی دیکەوە، د. یەریڤان سەعید مەترسی ئەوە دەخاتەڕوو کە لە ساڵانی داهاتوودا هاوکارییە داراییەکان بۆ دەستپێشخەرییەکە کەم بکرێنەوە، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر چالاکییەکان و بڵاوکراوەکانیان دەبێت.
ئەم دەستپێشخەرییە، جگە لە دابینکردنی پارەی خوێندن، ساڵانە چەندین چالاکی تایبەت بە پرسی کورد، وەک یادی هەڵەبجە و نەورۆز، لە زانکۆکە رێکدەخات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ