رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵن لە ئەڵمانیا، ئەم هەفتەیە پۆلیس هەڵمەتێکی فراوانی بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی قاچاخچێتی بە کۆچبەرانەوە دەستپێکرد. لە ئەنجامدا، گرووپێکی 5 کەسی دەستگیرکران کە گومانیان لێدەکرێت کۆچبەریان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە هێنابێتە ئەڵمانیا.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئۆپەراسیۆنە، 50 کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق لە شاری دوسەڵدۆرفەوە دیپۆرتی بەغدای پایتەختی عێراق کرانەوە.
وردەکاریی دەستگیرکراوەکان
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، تۆڕە دەستگیرکراوەکە لە 5 کەس پێکدێن، بەم شێوەیە:
- هاووڵاتییەکی سووریی تەمەن 31 ساڵ کە گومانلێکراوی سەرەکییە.
- سێ برای ئەو هاووڵاتییە سوورییە، کە تەمەنیان 31، 29 و 26 ساڵە و تۆمەتبارن بە یارمەتیدانی براکەیان لە کاری قاچاخچێتیدا. هەر چوار تۆمەتبارەکە خاوەنی مافی مانەوەی کاتی بوون لە ئەڵمانیا.
- پیاوێکی تەمەن 42 ساڵی خەڵکی عێراق، کە هاوکات رەگەزنامەی ئەڵمانیشی هەبووە.
پۆلیس رایگەیاندووە کە لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەو سێ برایەدا، 120 پۆلیس بەشدارییان کردووە.
روونکردنەوەی فەرمانگەی کۆچبەران و پەنابەران لە ئەڵمانیا
فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچبەران و پەنابەران (BAMF) لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، هەرچەندە ئەوان بڕیار لەسەر چارەنووسی کەیسی پەنابەران دەدەن و دیاریی دەکەن کێ مافی مانەوەی هەیە، بەڵام جێبەجێکردنی بڕیاری دیپۆرتکردنەوە لە ئەستۆی حکومەتە خۆجێییەکانی هەرێمەکاندایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ