سیخوڕی سی ئای ئەی لەنێو ماڵەکەی مادورۆ؛ وردەکاریی دەستگیرکردنی مادورۆ

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، خۆی و ئەندامە سەرەکییەکانی ئیدارەکەی لە یانەی کۆشکی مارالاگۆ لە ویلایەتی فلۆریدا راستەوخۆ تەماشای هێرشەکەی هێزی تایبەتی سوپای ئەمریکا، ناسراو بە "دێلتا فۆرس"یان، دەکرد کە تێیدا سەرۆکی ڤەنزوێلایان دەستگیر کرد.
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ بەرپرسانی سەرەکیی ئیدارەکەی و لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیی درێژدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی ئەو پلانانەی ئاشکرا کرد کە چەند مانگێکە بۆ ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکەی شەوی شەممە دایانڕشتووە، لەوانەش دروستکردنی خانوویەکی هاوشێوەی خانووە نهێنی و شاراوەکەی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، کە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا مەشق و راهێنانیان تێدا کردووە بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئۆپەراسیۆنەکە.
 
ئۆپەراسیۆنەکەی بەرەبەیانی رۆژی شەممە لەلایەن کۆماندۆکانی هێزی تایبەتی دێلتا فۆرس، مەترسیدارترین و گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازانی ئەمریکا بووە لەدوای ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکەی تیمی 6ی هێزی دەریایی ئەمریکا بۆ دەستگیرکردن و کوشتنی ئوسامە بنلادن لە پاکستان لە مانگی ئایاری 2011.
 
ترەمپ رایگەیاند، هێزە تایبەتەکەی ئەمریکا چەند جارێک مەشقی ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە و توانیویانە بەبێ هەڵە جێبەجێی بکەن، لە ماوەی "چەند چرکەیەکدا" دەرگا پۆڵاینەکانی خانووە پارێزراوەکەی مادورۆ بشکێنن و سەرۆکی ڤەنزوێلا دەستگیر بکەن.
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "وەک ئەوەی تەماشای بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی بکەم، تەماشای ئۆپەراسیۆنەکەم دەکرد؛ کارێکی سەرسوڕهێنەر بوو."
 
درەنگانی شەوی شەممە بەکاتی ئەمریکا، لە کۆشکی مارالاگۆی ترەمپ؛ جەنەراڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی هێزە هاوبەشەکانی سوپای ئەمریکا باسی وردەکاریی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی کرد و بە کۆکردنەوەی زانیارییە هەواڵگیرییەکان لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، دەستیپێکرد.
 
ئەو کەسانەی ئاگاداری ئۆپەراسیۆنەکە بوون، بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان راگەیاندووە، تیمێکی تایبەتی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا - CIA لە سەرەتای مانگی ئابەوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ژیان و شوێنی نیشتەجێبوونی مادورۆ، لە نێوخۆی ڤەنزوێلا دەستیان بە کار کردووە.
 
ژەنەراڵ کەین رایگەیاند، تیمەکە لەو ماوەیەدا زانیاریی وردیان لەسەر مادورۆ دەستکەتووە و ئەو زانیارییانەش لە ماوەی ئەو چەند مانگەدا هاوکاریی ئەمریکای کرد بۆ دۆزینەوەی مادورۆ، تێگەیشتن لەوەی چۆن رۆژانە هاتووچۆ دەکات و چۆن دەژی و لە کوێ دەژی، بۆ کوێ گەشتی کردووە، چی دەخوات و چی لەبەردەکات و ئاژەڵە ماڵییەکانی چی بوون.
 
ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا - CIA هەروەها زانیاریی لە رێگەی کەشتیگەل و درۆنی چاودێرییەوە دەستکەتووە، لەگەڵ دەستکەوتنی زانیارییش لە رێگەی سەرچاوەی مرۆییەوە، بەتایبەتی ئەوانەشی توانای نزیکبوونەوەیان لە مادورۆ هەیە، بۆئەوەی چاودێریی جموجۆڵەکانی بکات.
 
جەنەراڵ کەین رایگەیاند، کاتی ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای دیاریکردنی رۆژێکی گونجاو بووە بۆ کەمکردنەوەی زیان بە هاووڵاتییانی سڤیل، دانیشتووانی شاری کاراکاسی پایتەخت و ئەو سەربازانەی ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن؛ هەروەها لەسەر توانای سوپا بۆئەوەی ئۆپەراسیۆنەکە هەر بە نهێنی و "سوپرایز" بهێڵنەوە.
 
لە رۆژانی پێش ئۆپەراسیۆنەکەدا، ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، فڕۆکەی تایبەتی جەنگی، درۆنی بۆمبڕێژکراو، هێلیکۆپتەری جەنگی و چاودێریی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە تەرخان کردووە.
 
هێرشەکە دوای هەفتەیەک لە هێرشی درۆنیی سی ئای ئەی بۆسەر بەندەرێکی ڤەنزوێلا ئەنجامدرا. ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، سوپای ئەمریکا چەندین ئۆپەراسیۆنی لە دژی باندەکانی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکانی ڤەنزوێلا کرد، بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنانەشەوە 35 بەلەمی تێکشکاند و 115 کەسی کوشت و 35 بەلەمیشی تێکشکاند، ئەمەش بە ئامانجی زیادکردنی گوشارەکان لەسەر مادورۆ.
 
ئۆپەراسیۆنەکە بە نزیکەی 150 فڕۆکەی سەربازی دەستیپێکرد، کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی و بۆمبهاوێژیان تێدا بووە و فڕۆکەکانیش لە 20 بنکەی سەربازیی جیاواز و کەشتیی دەریایی بەرەو کاراکاس رۆیشتوون.
 
لە کۆتایی مانگی ئابەوە، پێنتاگۆن دەیان کەشتیی لە دەریای کاریبی کۆکردووەتەوە. هەروەها رەوانەکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد و سێ کەشتیی مووشەکی لە مانگی تشرینی دووەمدا گومانەکانی هێرشکردنە سەر ڤەنزوێلای زیاد کرد.
 
دواتریش نزیکەی 15 هەزار سەرباز رەوانەی دەریای کاریبی کرا، بەمەش ئەمریکا گەورەترین هێزی لە ئەمریکای باشوور کۆکردەوە، لەدوای قەیرانی مووشەکی کوبا لە ساڵی 1962.
 
جەنەراڵ کەین ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆکە جەنگییەکان بە مەبەستی تێکشکاندنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ڤەنزوێلا چوونەتە نێو ئاسمانی ئەو وڵاتە، تاوەکو رێگە بەو هێلیکۆپتەرانە بدەن کە هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکای هەڵگرتبوو، بگەیێننە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکە.
 
کاتێک هێزە سەربازییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی مادورۆ، ئەمریکا کارەبای بەشێک لە شاری کاراکاسی بڕی.
 
ترەمپ رایگەیاند، کارەباکە بەهۆی شارەزاییەکی بەتوانای ئەو بوارە کوژێندراوەتەوە. ئەو کەسانەشی ئاگاداری ئۆپەراسیۆنەکە بوون رایانگەیاند، هەڵمەتێکی ئەلیکترۆنی بۆ کوژاندنەوەی کارەبای پایتەخت بۆ ماوەیەکی کاتی ئەنجامدراوە.
 
لە کاتێکدا سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەنێوبرابوو، هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا لەکاتی چوونە نێو بارەگاکەی مادورۆ لە کاژێر 02:01 خولەکی بەیانی بە کاتی ڤەنزوێلا، هێزە تایبەتەکەی مادورۆ تەقەیان لە هێلیکۆپتەرەکان کردووە، بەڵام جەنەراڵ کەین رایگەیاند، هێلیکۆپتەرەکان بە تووندی وەڵامیان داونەتەوە.
 
سەربازانی هێزەکەی دێلتا فۆرس، کە بۆ دەستگیرکردنی مادورۆ راسپێردرابوون لەلایەن یەکەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی سوپا، کە لە فەوجی 160 پێکهاتبوون، بە هێلیکۆپتەری جۆری MH-60 و MH-47 گەیێندرابوونە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکە.
 
فەوجی 160، کە نازناوی "شوێنکەوتووانی شەو"یان هەیە، تایبەتن بە ئەنجامدانی ئەرکی مەترسیدار و شەوانە، وەک چوونە ناو کەمپ و خانووی نهێنی و هێرشکردنی تایبەت. ئەم فەوجە لە چەند مانگی رابردوودا مەشقی لە نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلا کردووە.
 
ترەمپ رایگەیاند، یەکێک لە هێلیکۆپتەرەکان لەکاتی هێرشەکەدا زیانی بەرکەوتووە و ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەیەک لە سەربازانی ناو هێلیکۆپتەرەکە بریندار بوون، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە هیچ سەربازێکی ئەمریکی لەو ئۆپەراسیۆنەدا نەکوژراوە.
 
دوو بەرپرسی ئەمریکی رایانگەیاندووە، لانیکەم 6 سەرباز لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بریندار بوون.
 
ترەمپ گوتی، کاتێک هێزەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان چوونەتە ژوورەکەی مادورۆوە، ئەو هەوڵیدا بۆ ژوورێکی پارێزراوتر هەڵبێت، بەڵام سەربازەکان رێگرییان لێکردووە و دەستگیریان کردووە.
 
هەر لەوبارەیەوە ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، "هەوڵی دەدا بگاتە شوێنێکی پارێزراو. دەرگایەکی زۆر ئەستوور و قورس هەبووە، بەڵام نەیتوانیوە بگاتە ئەو دەرگایە و کاتێکیش گەیشتووەتە دەرگاکە، نەیتوانیوە دایبخات."
 
دوای ئەوەی مادورۆ دەستگیر دەکرێت و کارمەندانی FBIیش لەگەڵ هێزە سەربازییەکاندا بوون بۆ دەستگیرکردنەکە؛ پاشان هێلیکۆپتەرەکان گەڕانەتەوە بۆ بارەگاکە و مادورۆ بە هێلیکۆپتەرێک لە کاژێر 04:29 خولەک بە کاتی کاراکاس، خۆی و هاوژینەکەی گوازراونەتەوە بۆ نێو کەشتیی جەنگیی ئەمریکی ئیوو جیما لە دەریای کاریبی.
 
دواتر ترەمپ رایگەیاند، واشنتن ئامادەیە شەپۆلی دووەمی هێرش بۆسەر ڤەنزوێلا بکات، بەڵام پێی وانییە پێویست بێت. ئەو هۆشدارییەکی دا بە سەرکردەکانی دیکەی ڤەنزوێلا کە ئامادەیە بەدوایانەوە بێت.
 
ئەو ئۆپەراسیۆنە ناوی "ئۆپەراسیۆنی چارەسەری رەها"ی لێنراوە، کۆتایی بە چەند مانگێک هەڕەشە و هۆشداری و تۆمەتی قاچاخچێتیی ماددە هۆشبەرەکان هێنا.
 
رۆژی شەممە ترەمپ رایگەیاند، پێشنیازێکی مادورۆی رەتکردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە هێرشەکە، دوای ئەوەی مادورۆ پێشنیازی ئەوەی کردووە کە ئەمریکا دەستی بە نەوتی ڤەنزوێلا بگات.
 
ترەمپ چەند رۆژێک لەمەوبەر مۆڵەتی بە سوپای ئەمریکا دابوو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، بەڵام کاتەکەی بۆ بەرپرسانی پێنتاگۆن و پلاندانانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان بەجێهێشتووە، بۆ دڵنیابوون لەوەی هێزەکان ئامادەن و کەشوهەواش بۆ هێرشەکە لەبارە.
 
خراپیی کەشوهەوا ئۆپەراسیۆنەکەی چەند رۆژێک دواخستووە. ترەمپ لە کاژێر 10:46 خولەکی شەوی هەینی، دوایین فەرمانی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە داوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کۆشکەی مادورۆی تێدا دەستگیرکرا

نێوەڕۆکی تۆمەتەکانی ئەمریکا دژی مادورۆ و هاوژینەکەی ئاشکرا کرا

داواکاری گشتیی ئەمریکا لیستی تۆمەتەکانی دژی نیکۆلاس مادورۆ، هاوژینەکەی و چوار کەسی دیکەی بڵاوکردەوە و تێیدا تۆمەتی "تیرۆر لە رێگەی مادە هۆشبەرەکان" و چەندین تاوانی دیکەی خستووەتە پاڵیان.