رووداو - هەولێر
پۆلیسی بەلجیکا حەوت کەسی بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنی سێکسی بۆ سەر کچێک کە تەمەنی لەخوار هەژدە ساڵەوەیە دەستگیرکردن، لەو حەوت کەسە دەستگیرکراوەشدا پێنجیان عێراقین.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ماڵپەڕی De redactie-ی بەلجیکی راپۆرتێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە، کە تێیدا باس لەوە دەکرێت " دەستدرێژیکردنەکە لە کۆتاییەکانی مانگی 11/2015 کراوە، حەوت کەس کچەکەیان بردووەتە خانووێکی سەر کەنار دەریا و بێهۆشیان کردووە، پاشان بەنۆرە دەستدرێژی سێکسیان کردوەتە سەری".
بەپێی میدیا بەلجیکییەکان لەو پێنج عێراقییەی کە دەستدرێژیکردنەکەیان ئەنجامداوە دوانیان بەمدواییانە داوایان کردووە وەکو پەنابەر لەو وڵاتە وەربگیرێن، لەبارەی تەمەنیشیانەوە باسی ئەوە دەکرێت کە دوویان تەمەنیان لەخوار 18 ساڵییە و ئەوانی دیکەش گەورەترن.
بەپێی گوتەی داواکاری گشتیی پارێزگای فلاندەرز لە بەلجیکا: کچەکە بە وردەکارییەکانی دەستدرێژیکردنە سەری نەزانیوە و رۆژی چوارشەممەی رابردوو زانیویەتی چی بەسەر هاتووە، چونکە لەو کاتەی دەستدرێژی کراوەتە سەر بێهۆشبووە.
پۆلیسی لۆکاڵی ناوچەکە هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی تاوانەکە بڵاونەکردووەتەوە، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئێستا هەر حەوت تۆمەتبارەکە لە زینداندان و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەن.
بەپێی میدیا بەلجیکییەکان " تاوانەکە لە کۆتاییەکانی مانگی 11/2015 ئەنجامدراوە، بەڵام دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو وێنەی یەکێک لەوانەی دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەر کچەکە بڵاوبووەتەوە کەتێیدا لەگەڵ کچەکە دەردەکەوێت و دەمانچەیەکی بەدەستەوەیە، بەمەش پۆلیس دەستگیریان کردووە و کاتێکیش مۆبایلەکەیان پشکنیوە ڤیدیۆی تاوانی دەستدرێژیکردنەکە لە ناو مۆبایلەکەیدا خەزن بووە".
هەواڵەکە زۆر بەپەلە لەنێو میدیاکاندا بڵاوبووەتەوە و، رەنگە بوونی پێنج پەنابەری عێراقیش لەنێو دەستدرێژیکەرەکان کاریگەری خراپی هەبێت لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەرانی عێراقی و عەرەب لەو وڵاتەدا.



