رووداو - ئاژانسەکان
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی دەڵێت جاسم ئەلموازی، باوکی محەممەد ئەلموازی (ناسراو بە جۆنی جیهادی) کوڕەکەی بە تیرۆریست و سەگ وەسفدەکات.
هیو تۆمیلسۆن، ئیدیتۆر لە رۆژنامەکە، ئەو قسانەی لەسەر زاری باوکی محەممەد ئەلموازی، گواستووەتەوە و دەڵێت ئەو دەگریا "من دەمزانی کە کوڕەکەم تیرۆریست و سەگە، بەڵام نەمدەتوانی هیچ شتێک بکەم، یاخود رێگری لێ بکەم".
ئەلموازی لە کاتی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەکەدا دەشڵێت:" بەهۆی کوڕەکەمەوە، هەست بە شەرمەزاری دەکەم"، هەروەها ئاماژە بەوە دەدات، پێشووتر زانیاری ئەوەی هەبووە کوڕەکەی چووەتە سووریا بۆ پەیوەندیکردن بە داعش لە ساڵی 2013، بەڵام توانای ئەوەی نەبووە رێگری لێبکات و بەربەست لەبەردەمی دروست بکات.
بەریتانیا تۆمەتی تیرۆری ئاراستەی خانەوادەکەی ئەلموازی کردووە، تۆمیلسۆن ئاماژە بەو لێدوانە دژبەیەکانە دەدات، کە خانەوادەکەی ئەلموازی لە پێشووتر داویانە، بەوەی کوڕەکەیان بڕیاریداوە بچێتە سووریا، لە پێناوی بەشداریکردنی لە پێشکەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان.
ئاماژە بەوەش دەدات، بەریتانیا ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکات، كە بگاتە بڕیارێک بۆ دەرکردنی هەندێک لە تاکەکانی خانەوادەی ئەلموازی لە بەریتانیا بە تۆمەتی رووبەڕووکردنەوەی تیرۆر، بەڵام زۆربەیان هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانین.
تۆمیلسۆن دەشڵێت بڕیارە لەمنزیکانە چەند لێکۆڵەرێک لە پۆلیسی بەریتانی بەرەو کوێت بچن، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەگەڵ باوکی محەممەد ئەلموازی، چونکە خانەوادەکەی بەر لە 6 مانگ زانیاریان لەسەر کوڕەکەیان هەبووە، هەر لەگەڵ یەکەم دەرکەوتنی لە گرتەی سەربڕینی بارمتە ئەمریکییەکە، هاوکات دەسەڵاتدارانیشیان لەو بارەوە لێ ئاگادارنەکردووەتەوە.
لێکۆڵەرەکان گومانی ئەوە دەکەن، كە خانەوادەی موازی پەیوەندییان لەگەڵ کوڕەکەیان هەر مابێت، لەدوای ئەوەی ساڵی 2013 چووەتە سووریا.
رۆژنامەی تایمز باسی لەوەش كردووە، خانەوادەکەی ئەلموازی نیشتەجێی خانووێکن، کە لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە بۆیان دابینکراوە، هەروەها بە شێوەیەکی گشتی لەسەر خەرجیی وڵات دەژین، سەرەڕای ئەوەی کوڕەکەیان لە کوەیت کاری دەکردو هەموو ساڵێکیش لە نێوان مانگەکانی نۆڤەمبەر و دیسەمبەر سەردانی لەندەنی دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ