نزیکەی 100 پشیلەی مردوو لە ماڵی ژنێکدا لە ژاپۆن دۆزرانەوە کە ئەندامی گرووپێکی پاراستنی ئاژەڵان بووە

04-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 100 پشیلەی مردوو لە ماڵێکی "پیس و پۆخڵی" ژنێکدا لە باشووری رۆژئاوای ژاپۆن دۆزراونەتەوە، کە ئەندامی گرووپێکی چاودێریی ئاژەڵان بووە.
 
گرووپی Animal Assist Senju کە گرووپێکی تایبەتە بە چاودێریکردنی ئاژەڵان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە ئەندامەکانیان بەبێ ئەوەی راوێژیان پێبدات، ژمارەیەک پشیلەی بردووەتە ماڵەوە.
 
گرووپەکە وێنەی ماڵە پڕ لە زبڵ و خاشاکەکەی بڵاوکردووە و رایگەیاند، لانیکەم 100 پشیلەی مردووی تێدا دۆزراوەتەوە.
 
وەکو گرووپەکە ئاماژەی پێداوە، کارمەندەکەیان "لە رێگە لایداوە" و خزمەتی پشیلەکانی نەکردووە و مافی نەپاراستوون.
 
ناوەندی پاراستنی ئاژەڵانی شاری کومامۆتۆی ژاپۆن رایگەیاند، مەزەندە دەکرێت ژمارەی پشیلە مردووەکان نزیکەی 100 دانە بێت، بەڵام میدیای ژاپۆن دەڵێت، ژمارەکە زیاترە.
 
لە پۆستێکی دیکەی ئینستاگرامدا گرووپەکە رایگەیاند، "هەموو ئەندامانی گرووپەکەمان زۆر بە جیدی چاودێریی رووداوەکە دەکەن." هەروەها دەشڵێت، چیدیکە رێگە بەو ژنە نادرێت پشیلە بەخێوبکات.
 
بەرپرسان دەڵێن، ژنەکە پشیلەی لەو کەسانە وەرگرتووە کە ناچار بوون دەستبەرداری بەخێوکردنیان بن.
 
ژنەکە رایگەیاندووە، نازانێت بۆچی ئەو کارەی کردووە و داوای لێبووردنیشی کردووە.
 
لە ژاپۆن زیاتر لە 9 ملیۆن پشیلەی ماڵی هەن و 8%ی ماڵەکانی ئەو وڵاتە لانیکەم پشیلەکەیەک بەخێودەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە