نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: نیگەرانین لە پێکدادانەکانی باکووری سووریا
رووداو دیجیتاڵ
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایدەگەیەنێت، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، نیگەرانە لەو راپۆرتانەی باس لە شەڕوپێکدادان لە ناوچەکانی باکووری سووریا لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی سەر بە سوپای سووریا دەکەن، داوای لە سەرجەم لایەنەکانی کرد دان بەخۆیاندا بگرن و ئارامیی بگەڕێننەوە ناوچەکە.
رۆژی دووشەممە، 04ی ئابی 2025، فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیاری سینان تونجدەمیر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک، لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی چەند رۆژی رابردووی نێوان هەسەدە و هێزەکانی سەر بە سوپای سووریا، رایگەیاند "سکرتێری گشتی نیگەرانە لەو راپۆرتانەی باس لە پێکدادان لە پارێزگەی سوەیدا لە باشووری سووریا دەکەن، هەروەها ئەو راپۆرتانەی مایەی نیگەرانین، سەبارەت بە شەڕ لە باکووری سووریا."
بە گوتەی جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتی یوئێن "سکرتێری گشتی داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات دەستبەجێ تووندوتیژی رابگرن و ئارامی بگەڕێننەوە. بیری هەموو لایەنەکان دەخرێتەوە لە ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل."
فەرحان حەق ئاماژە بەوە دەکات "زۆر گرنگە پشتیوانی لە قۆناخی راگوزەری سیاسیی باوەڕپێکراو، رێکخراو و گشتگیر لە سووریا بکرێت، بەپێی بنەما سەرەکییەکانی بڕیاری 2254."
رۆژی یەکشەممە، 03ی ئابی 2025، هەسەدە رایگەیاند "گرووپە بێ دیسپلینەکان" کە لە ریزەکانی هێزەکانی حکومەتی سووریادا کاردەکەن، بەردەوامن لە هەراسانکاری و دەستدرێژییە دووبارەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی هێڵی تهماس لە ناوچەکانی نزیک لە منبج لە باکووری سووریا.
لەبەرامبەردا وەزارەتی بەرگری سووریا، هەسەدەی تۆمەتبار کردووە بەوەی هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر ماڵی سڤیلی ناوچەکە و رایگەیاندووە "هێزەکانی هەسەدە بەشێوەیەکی نابەرپرسانە، هێرشی مووشەکییان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییان لە گوندی کیاریە و دەوروبەری لە گوندەواری منبج، کە بووە هۆی برینداربوونی 4 سەرباز و سێ هاووڵاتیی سڤیل".
بەڵام هەسەدە ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە بەرەبەیانی ئەمڕۆش، هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتدارانی دیمەشق، هێرشیان کردووەتە چوار پێگەی هێزەکانیان لە ناوچەی دێر حافز لە باکووری سووریا و ئەوانیش وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە.