لەوانەیە ئەم رووەکانە ئاسایی دەرکەون، بەڵام زۆر تایبەتن چونکە لە جۆرە خاکێکدا پەروەردەکراون، کە هەمان ئەو کانزایانەی تێدایە کە لە سەر مانگ و مەریخ دۆزراونەتەوە.
ئەم خاکە زۆر تایبەتە، چونکە رووەک بە جۆرێ پەروەردەدەكات بەرگەی ژیانی هەسارەی دیکە بگرێت. خۆڵەکە بەهاوکاری لەگەڵ ئاژانسی ناسا کاری لەسەرکراوە و بەرهەمهێنراوە، کە لە خۆڵی گڕکانە جیاوازەکانی جیهان، وە دەستیانهێناوە.
پڕۆژەکە لەژیر ناوی "مەریخ یەکە" و لەلایەن زانایانی ژینگە لە زانکۆی واگنیگن لە هۆڵەندا سەرپەرشتی دەکرێت. تیمەکە 14 جۆری جیاوازی رووەکی ئامادەکردووە.
ویگەر وەیملینک، زانای ژینگە لەمبارەیەوە دەڵێت:"زۆر سوپرایس بوو کە بۆمان دەرکەوت رووەکەکان باشتر لەم خۆڵەدا گەشەدەن بە بەراورد بە خۆڵی زەوی، چونکە پێشتر پێم وانەبوو رووەک لە خۆڵی مانگدا گەشەبکات".
ماوەی 50 رۆژە کار لەسەر رووەکەکان دەکەن، تاوەكو ئێستاش بەشێکی کەمیان توانیویانە رزگاربن، بەشێکی زۆرە وشک بوونە. گروپی " مەریخ یەک" لە بەرنامەیدایە لە داهاتوودا شوێنێکی نشتەجێبوون لە مەریخ دروستبکات و خەڵک بگوازێتەوە، بەڵام ئەمە جارێ تەنیا پلانە.
لە مانگی ئەیلول گروپەکە بڵاویکردەوە 20 هەزار کەس خۆبەخشانە داوای کردووە لە مەریخ نیشتەجێبێت. پێشتر سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە رایانگەیاند ساڵی 2023 ئامادەدەبێت و لە نێویشیاندا تەنیا 4 کەس هەڵدەبژێردرێن.
کەش و هەوای مەریخ بۆ مرۆڤ گونجاونییە، بۆیە پێویستە کەشێکی هاوشێوەی تێدا دروستبکرێت تاوەکو مرۆڤ بتوانێت تێیدا بژێت رووبەری نیوان مەریخ و خۆر زۆرە، بۆیە تیشکی خۆر لە سەر مەریخ کەمە.
رۆب ڤان دێن بێرگ، شارەزای بۆشایی ئاسمان ئەزموونی هەیە لەم بوارەداو دەڵێت، پێویستە خۆراکی پێویست لە گەڵ خۆیان بەرن بۆ مانەوەیان.
ئەو دەشڵێت:" پێویستە چارەسەرێکی بۆ بدۆزینەوە ئەویش لە رێگەی خانووی شووشە تاوەکو کەشوهەوایەکی دەستکرد دروستبکات بۆ رووەک و مرۆڤەکان، بۆ ئەم بابەتەش لە لێکۆڵینەوەکەدا زۆر گرینگە''.
سەرەرای هەوڵی زانایان، هێشتا رێگەیەکی درێژیان لەبەردەمە تاوەکو بتوانن بە شیوەیەکی ئاسایی لە سەر هەسارەکانی دیکە دا بژن، بەڵام لێکۆڵەرەوەان پێیان وایە دەتوانن رۆژێک لە رۆژان ژیان لەسەر مەریخ بدۆزنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ