رووداو- هەولێر
رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، كە دەبێت هێزەكانی ئاسایشی بوركینا فاسۆ واز لە بەكارهێنانی تووندوتیژی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران بێنن و دانوستاندنی ئاشتییان لەگەڵدا بكەن.
رێكخراو ی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە گرژی و تووندوتیژیەكانی بۆرکینا فاسۆ، كە لە 30ـی تشرینی یەکەمی 2014ـەوە لە نێوان هێزەكانی ئاسایشی ئەو وڵاتە و خۆپێشاندەران دەستیپێكردووە، سێ كەس كوژراون و دەیان كەس برینداربوون.
گایتان مووتۆ، ریسێرچەری رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا رایگەیاندووە، كە دەبێت هێزە حكومییەكانی ئەو وڵاتە كۆنترۆڵی هێزەكانی خۆیان بكەن و هەر شێوە مامەڵەكردنێك لەگەڵ خۆپێشاندەران دەبێت بەپێی یاسا نێودەڵەتییەكان بێت، لەم راپۆرتەدا كە رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی كوژراوانی هێزەكانی ئاسایش لەبەرچاو نەگیراوە، هەروەها لەم راپۆرتەدا باس لەوەکراوە ئەو كەسانەی خەڵكیان كوشتووە و ئازاریان داون، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.
دوای ئەوەی خۆپیشاندەرانی بۆركینا فاسۆ لە رۆژئاوای ئەفریقا پەلاماری باڵەخانەی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیان دا و شاری ئوگادۆگو پایتەختی ئەو وڵاتە گرژی و ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی، خۆپێشاندەران رایانگەیاند، رێگا نادەن بلەیز كۆمپاورێ سەرۆكی ئەو وڵاتە دوای 27 ساڵ لەسەر كورسی دەسەڵات، جارێكی دیكە هەوڵی درێژكردنەوەی دەسەڵاتەكەی خۆی بدات.
دواتر رۆژی هەینی 31ـی تشرینی یەکەمی 2014 كۆمپاورێ دەستلەكاركێشانەوەی خۆی راگەیاند و هۆنرۆی تراورێی سوپاسالاری ئەو وڵاتەش وەك بەرپرسی سەرۆكایەتی وڵات بەشێوەیەكی كاتی خۆی ناساند و ئاماژەی بەوەكرد، حكومەتێكی ئینتیقالی دادەمەزرێت و ئەو قۆناغەش وەك قۆناخی گواستنەوە بۆ ماوەی 12 مانگ بەردەوام دەبێت.
بۆركینا فاسۆ یەكێكە لەو وڵاتانەی ئەفریقای رۆژئاوا، كە هاوپەیمانێتییەكی بەهێزی لەگەڵ فەرەنسا و ئەمریكا هەیە و بەشداری لە جەنگی دژ بە ئیسلامییە تووندڕەوەكانی ناوچەكانی رۆژئاوای ئەفریقادا كردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ