گالەری

05-02-2024
38 Photos
رووداو دیجیتاڵ

تایلەر سویفت، خەڵاتی گرامیی بۆ باشترین ئەلبوومی ساڵ بەدەستهێنا، بەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی لە بردنەوە لەو کاتەگۆرییە لە مێژووی خەڵاتەکە تۆمارکرد.
 
خەڵاتەکانی گرامی لە لۆس ئەنجلۆسی ئەمریکا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی شوباتی 2024، دابەشکران. ئەمساڵ، ساڵێکی گرنگ بوو بۆ ژنە هونەرمەندان کە تێیدا هەریەکە تایلەر سویفت، هونەرمەندی ئەمریکی خەڵاتی باشترین ئەلبووم و بێڵی ئایڵش، خەڵاتی باشترین گۆرانیی ساڵیان وەرگرت.
 
تایلەر سویفت بە بردنەوەی خەڵاتی گرامی بۆ باشترین ئەلبوومی ساڵ، بووە یەکەم هونەرمەند کە چوار جار ئەو خەڵاتەی وەرگرتبێت، پێشتر هەمان خەڵاتی بۆ ئەلبوومەکانی (بێترس) لە ساڵی 2010، (1989) لە ساڵی 2016 و فۆلکلۆر لە ساڵی 2021 وەرگرتووە.
 
ئەلبوومەکەی سویفت کە ئەمساڵ خەڵاتی گرامیی بەدەستهێنا ناوی "نیوەشەوەکان - Midnights"ـە و لە 13 تراک پێکهاتووە. 
 
هونەرمەندەکە تاوەکو ئێستا خاوەنی 13 خەڵاتی گرامییە.
 
هەروەها بیڵی ئایڵش، گۆرانیبێژی ئەمریکی، خەڵاتی باشترین گۆرانیی نووسراوی بۆ فیلم و باشترین گۆرانی ساڵی لە رێگەی گۆرانی ' ئەوەی من لەپێناویدا دروستبوو - What Was I Made For' لە فیلمی باربی بەدەستهێنا.
 
گرامی بە یەکێک لە گرنگترین خەڵاتەکانی بواری میوزیک لە ئاستی و ئەمریکا و جیهاندا دەناسرێت. لە رێوڕەسمەکەدا چەندین گۆرانیبێژ و هونەرمەندی ئەمریکی و ئەوروپی براوەی بەشێک لە خەڵاتەکان بوون.
 

وێنەکان: AFP