رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی کاژێرێک لە لەکارکەوتنیان، بەرهەمەکانی مێتا کە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، مەسنجەر، ئینستاگرام و سرێدزن، گەڕانەوە و کار دەکەن.
ئاندی ستۆن، بەرپرس لە بەشی پەیوەندییەکانی مێتا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "ئێمە ئاگادارین کە خەڵکی کێشەیان هەیە لە بەدەستهێنانی خزمەتگوزارییەکانمان و ئێستا وا کاری تێدا دەکەین".
تێکچوونەکە، بۆ نموونە لە فەیسبووک بەجۆرێک بوو، کاتێک بەکارهێنەرێک دەیویست بچێتە ژوورەوە، فەیسبووک هۆشداری دەدا، کە خەریکی چاکسازین لە تۆڕەکەدا و بەزوویی دەگەڕێنەوە.
فەیسبووک دەینووسی، بەمەبەستی هەندێ گۆڕانکاری لە کارخراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەوێتەوە کار.
لە پاش چاککردنەوە و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکانیان، ئاندی ستۆن، بەرپرس لە بەشی پەیوەندییەکانی مێتا رایگەیاند، "ئەمڕۆ کێشەیەکی تەکنیکی لە خزمەتگوزارییەکانمان روویدا، کە خەڵکی نەیاندەتوانی بەکاریان بهێنن، تاوەکو بۆمان کرا بەزوویی کێشەکەمان چارەسەر کرد و داوای لێبووردن دەکەین بووینە هۆی بێزاریتان".
لە کاتی کێشەکەدا، خەڵکێکی زۆر لەسەر ئاستی جیهان لە تۆڕەکانی دیکە و گووگڵ لەوبارەیەوە هۆشدارییان دا و سەریان لە حاڵەتەکە سووڕمابوو.
کێشەکەی مێتا لە پاش کاژێر 18:00 لە هەرێمی کوردستان بەدەرکەوت.
بەگوێرەی ماڵپەڕی Downdetector، کە تایبەتە بە دیاریکردنی ئەو پێگە ئەلکترۆنیانەی گرفتیان تێدەکەوێت، لە چەند خوولەکی سەرەتای کێشەکەدا، 100 هەزار کەس لە جیهاندا هۆشدارییان لەبارەی ئیشنەکردنی هەژمارەکانیانەوە داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ